دوای کوشتارەکانی پەکەکە، ئیدی گلەیی و هاوارکردن هیچ سوودێکی نییە

یارییەکە زۆر گەورەیە، کورد دەبێت ئاگادار بێت، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوە دەستیپێکردووە کە نەتەوەی کورد لەناو ببات.
✍️ بووبێ ئەسەر
زۆربەی کورد دوای ڕووداو و کردەوە قێزەونەکان، دەست بە گلەیی و هاتوهاوار دەکەن، دەڵێن ئاخ لالۆ گوناح بوون، بەدەستی ئەنقەست کوژران، بە هەر دوو دەست لەسەری خۆیان دەدەن و دەڵێن ئاخ وڵاتیان کاول کردبەڵام ئیدی گلەیی و هاتوهاواری ئەوان بایی پێنج قرووش قیمەتی نیە.
ئەگەر هەڵە نەبم، ساڵی 1979 بوو کە ڕێزدار کەمال بورکای بابەتێکی لەسەر دۆخی پەکەکە نووسیبوو، بەڵام هیچ تاک و کەسایەتییەکی کورد بە گرینگ وەریاننەگرت. ئەگەر ئەو ڕۆژە نووسینی ئەو بەڕێزە و هەندێک جوامێر و کەسایەتی دیکە لەبەرچاو بگیرابایە، ئەمڕۆ لەم دۆخەدا نەدەبووین.
با واز لە تاک و کەسایەتییەکان بهێنین، تەنانەت هاوڕێیەکانی بەڕێز بورکای کە ماوەی 20 -30 ساڵ پێەوە هاوڕێ بوون و وەکوو ڕێزدار بورکای بیریان دەکردەوە، پاش ماوەیەک بەهۆی بەرژەوەندی شەخسیی خۆیانەوە و لەپێناو پارە و پۆستدا، ئیدی دژایەتی ئەو خەتەی پەکەکەیان نەکرد. تەنانەت هێواش هێواش، یان باشتر بڵێین پشۆ پشۆ، کەوتنە بەرگریکردن لە پەکەکە و هەندێکیان وەک فەرمانبەر بوون بە مووچەخۆری پەکەکە و کاریان بۆی دەکرد.
زۆرێک لەو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرانە، ئەو هێڵەیان لەبیر کرد کە پێشتر بەرگرییان لێدەکرد و هەندێکیان ڕێکخراوەکەی خۆیان دابەشکردووە و بۆ ئەوەی شتێکیان دەست بکەوێت، لەسەر سێن دەستی پەکەکەیان بەرزکردەوە. بەڵام پەکەکە مێژووی خۆی لەبیر ناکات کە داگیرکەران بۆیان نووسیوە و هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بەو کەسانە نادات کە لە ڕابردوودا دژی بوون.
بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە سەرۆک و ڕێبەر و سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیران تا ئێستاش لەوە تێناگەن. زۆربەیان تازە لەسەر خۆیان دەدەن و دەڵێن ئێمە چیمان کرد؟ وەک زۆرێک لە بیانییەکان دەڵێن: “ئەگەر عەقڵی کۆتایی کورد لە سەرەتاوە هەبووایە”، واتە ئێمەی کورد دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، تازە هەست دەکەین کە ئیدی ناتوانین هیچ کارێک بکەین.
من کاتێک ڕۆمانی ساپۆم دەست پێکرد، ویستم مێژووی ساپۆچییەکانی ئەو سەردەمە و دۆخی ئێستای بزووتنەوەکان بنووسم. کە دەستم بە نووسین کرد، ڕووداو و کردەی ساپۆچیەکان یەک بە یەک وەک فیلمێک دەهاتنە پێش چاوم، بۆیە سەیرم دەکردن و دەمنووسی.
من لەسەر ئەم بنەمایە لە ماوەی حەوت ساڵدا ئەو ڕۆمانەم تەواو کرد. ئەمە تەنها ڕۆمانێک نەبوو، بەڵکوو وەک دۆکیۆمێنتارییەکی مێژوویی و سیاسی باکووری کوردستان، بوو بە موڵکی گەل. ئامانجم لە نووسینی ئەم ڕۆمانەدا ئەوە بوو کە نەوەی داهاتوو بیخوێنێتەوە و ئاگاداری مێژووی خۆیان و مێژووی ساپۆچیەکان بن.
ساپۆ چۆن و لەسەر چ پرەنسیپێک سەریهەڵدا، دەوڵەت چۆن ئەوی دۆزیەوە. چۆنی پەروەردە کرد؟ فێری ڕێگای لەناوبردنی کورد و وێرانکردنی کوردستانی کرد. ئەویش ئامادە بوو ئەم کارە بکات. سەرەتا کۆمەڵە گەنجێکی تینووی ئازادی وڵاتەکەیان بوون و پۆل پۆل ڕێگای شاخیان گرتەبەر، بێ ئەوەی بزانن کە شەڕ بۆ کێ دەکەن.
ساپۆ بەهۆی کەسایەتی باوکە کوردەکەیەوە کە سووکایەتی بە دایکە تورکەکەی کردبوو، بوو بە دوژمنی گەلی کورد و دەیویست کورد لەناوببات و کوردستان کاول بکات. هەر بۆیە ساپۆ دەسەڵات و هێزی خۆی لە دەوڵەت وەرگرت و لە سایەی پیاوە چەکدارەکانی دەوڵەتەوە کە ئەندامی ساپۆ بوون، هەرکەسێکی ویستبا، دەیکوشت و ماڵی گەورەکانی کوردی بەسەریاندا خاپوور کرد. هێندەی وێرانکاری و تاڵانکاری ئەنجامدا کە نزیکەی حەوت ملیۆن کورد بەناچار ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و هەڵاتن و لە شارە گەورەکانی تورکاندا نیشتەجێ بوون. خۆی لەخۆیدا داگیرکەرانیش هەر ئەمەیان دەویست.
کادیرە غەیرە ساپۆچییەکانیش لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن چەکدارانی ساپۆوە کە پیاوی دەوڵەت بوون، دەکوژران. هەر ساپۆچییەکیش کە بچووکترین ڕەخنەی گرتبا یان شتێکی گوتبا کە بەدڵی ساپۆ نەبایە، دەکوژرا. ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا ساپۆ بکەنە سەرۆکێک کە هیچ باس و مشتومڕێکی لەسەر نەکرێت. چوونکە ئەگەر هەر باس و مشتومڕێکی لەسەر کرابا، ئاشکرا دەبوو کە ساپۆ بۆخۆی پیاوی دەوڵەتە. هەربۆیە هەر قسەیەک کە بۆنی ڕەخنەگرتن لە ساپۆی لێوەهاتبا یان کەموکووڕیەکانی ساپۆی باسکردبا، قەدەغە کرا.
دەوڵەت ساپۆی بۆ دەستپێکردنی خەباتی چەکدارانە ئامادە کرد. بۆ ئەم ئامادەکارییە، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنێک کە لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا کرابوو، ساپۆ ڕەوانەی سووریا کرا تا خاوەندارێتیی لێبکرێت.
پاشان کودەتایەکی سەربازییان بەڕیوەبرد و زوڵم و ستەمێکی بێ وێنەیان ئەنجامدا. ئەوان شەڕی لەناوبردنی گەلی کوردیان بە سەرکردایەتی ساپۆ دەستپێکرد. دەرئەنجامی شەڕەکە ڕوون بوو: وێرانکردنی کوردستان و نەهێشتنی ئەو کادیرانە بوو، کە نەتوانرابوو دەستگیر بکرێن. لە زیندانی “دیاربەکر”دا دڕندەییەکی بێوێنەیان ئەنجامدا و هەرکەس لەوێ دەربازی بوو ڕووی لە شاخ کرد. بە واتایەکی تر ئەو زیندانەیان کردە کارگەیەک بۆ مەشق و ڕاهێنانی گەریلاکانی ساپۆ.
دوای ئەوەی شەڕەکە پەرەی سەند، دەستیان بە کوشتنی ئەو کادیرانەی خۆیان کرد کە ئیرادەی کوردایەتییان هەبوو، ئەو کادیرە نەتوەییانە بە دەستی ئەو چەکدارانەی دەوڵەت کوژران کە ئەندامی ساپۆ بوون. ئەو کاتەش کەس لە هەمبەر ئەو کوشتنانەدا هەڵوێستی نەگرت و زۆربەیان و بەتایبەتی زیاتر ئەندامانی ساپۆ، دەیانگوت شەڕە و لە شەڕیشدا کوژران ئاساییە.
لە ڕۆمانی ساپۆدا بە ڕوونی نووسراوە کە هەتا یەک نیشتمانپەروەر لە ڕیزەکانی ساپۆدا بمێنێتەوە، چەکەکانیان دانانێن.
پێویستە سەرنج بدەن، گوایە پەکەکە چەکەکانی سووتاندووە، بەڵام ئێمە شاهیدی ئەوەین کە ڕۆژانە چەند گەریلاکی خۆیان دەکوژن. کوشتنەکەیان هەر وەک جاران بوو، بە ڕای کوردی ڕادەگەیەنن. بەڵام من بۆخۆم بەشەخسە باوەڕم بەم شتە نییە. ئێستا دەیانکوژن، چوونکە ئەوان بەپێی ئەو فەرمانە دەجووڵێنەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆیان نووسراوە. هەتا یەک نیشتمانپەروەر لە نێویاندا بمێنێت، بە تەواوی چەکەکانیان تەسلیم ناکەن.
ئەمەش بەو مانایەیە کە هێشتا لە نێو پەکەکەدا نیشتمانپەروەر زۆرن. دوای نەهێشتنی هەموویان، پەکەکە بەتەواوی چەکەکانی خۆی ڕادەستی خاوەنەکەی دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی.
یارییەکە زۆر گەورەیە، کورد دەبێت ئاگادار بێت، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوە دەستیپێکردووە کە نەتەوەی کورد لەناو ببات. وەک چۆن جگەرخوێنی مەزن گوتوویەتی: “هەتا ئێمە نەبینە یەک، لەناودەبرێین یەک بە یەک”. خۆی لەخۆیدا هەنووکە یەک بە یەک لەناو دەبرێین، بەڵام ئەمە هێشتا لای حزبە کوردستانییەکان لەبەرچاو ناگیردرێت.
