پەکەکە؛ نموونەی سیاسەتێکی شکستخواردووە

ئەمڕۆکە پەکەکە نە هێز و توانای کاریگەریدانانی هەیە و نە ڕەوایەتیی گەلیشی هەیە؛ بەڵکوو تەنها ناوی حیزبێکە کەوا لە حاڵەتی داڕماندایە.
✍️ مەمەت مێردینی
پەکەکە کەوا پێشتر خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئازادی و دادپەروەری بۆ گەلی کوردستان ناودەبرد، ئێستا لە ڕەوشێکی بنبەستدایە. ئەم حیزبە بەناو کوردستانییە، ساڵانێکە دروشمی بەرخۆدان و پاراستنی نەتەوەی کورد دەدات و لە هەموو شوێنێک ئەم دروشمانە بە لایەنگرەکانی هاوار دەکات، بەڵام لە کردەوەدا سیاسەتەکانی ئەم حیزبە تەنها بوونەتە هۆی کاولکاری و بێهیوایی و ئاوارەبوونی گەلی کورد و بوونەتە هۆی سووتانی گوند و شارەکانی کوردستان، شەڕ و پێکدادانە سەربازییە بێکۆتاییەکان، پەکەکەیان لە ڕەوایەتیی گەل بێبەش کردووە و متمانەی کۆمەڵگەی بەتەواوی لەناوبردووە.
پاشەکشەی بەردەوام و ڕێککەوتنە نهێنییەکان لەگەڵ هێزە ئیقلیمییەکان و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەکانی ئەو ڕێکخراوە، ئەوە دەردەخات کە پەکەکە نەک هەر هیچکات نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد نەبووە؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە بزووتنەوەیەک بووە کە لەپێناو مانەوەی خۆیدا پیرۆزییەکانی مێژوویی گەلی کوردی فیدا کردووە و فیداشی دەکات. پەکەکە هێندە حیزبێکی خیانەتکارە کە خۆی لە فیداکردن و قوربانیدانی هیچ پیرۆزییەک بەدوور ناگرێت، ئەم حیزبە نزیکە ببێتە کارگەیەک بۆ بەکوشتندانی گەنجانی کورد و فرۆشتنی خاکی پیرۆزی کوردستان و ئاسمیلەکردنی نەتەوەی کورد لەناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا.
مێژوو بە شانازییەوە یادی پەکەکە ناکات، بەڵکوو بە شکستی یەک لە دوای یەک و سەرلێشێواوی و لەکیسدانی هەلی مێژوویی و سیاسەتە ناکاریگەرەکان و نەبوونی توانا بۆ گۆڕینی ڕێڕەو، ئەم ڕێکخراوەیان کردۆتە ڕەمزی شکست و دۆڕان. ئەو بارودۆخەی ئێستای پەکەکە تێیدا دەژی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دروشم و پڕوپاگەندەی فریودەرانە چەندە بەرزیش بن، ناتوانن ڕاستییە تاڵەکە بشارنەوە و وەک کورد دەیڵێت: “پێشی خۆر بە بێژنگ ناگیردرێت”.
سیاسەتی پەکەکە لە فرت و فێڵ و شکستی دووبارەبووەوە زیاتر، هیچی دیکە نییە. ئەو حیزبەی کە خۆی بە بەرگریکاری ئازادی ناودەبات، ئەمڕۆکە بووەتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و هێزە ئیقلیمییەکانی داگیرکەرانی کوردستان. دروشم و بڕیارە ناعەقڵانییەکانی پەکەکە جگە لە ماڵوێرانی و ئاوارەیی، هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە.
ئەمڕۆکە پەکەکە نە هێز و توانای کاریگەریدانانی هەیە و نە ڕەوایەتیی گەلیشی هەیە؛ ئەوەی کە ماوەتەوە تەنها ناوی بزووتنەوەیەکە کەوا لە حاڵەتی داڕماندایە، بزووتنەوەیەک کە لە مێژووی کورد و کوردستاندا وەک ڕێکخراوێکی خیانەتکار و نیشتمانفرۆش یادی لێدەکرێت.