لە شنگال چی دەگوزەرێت و بۆچی پەکەکە سەنگەرەکانی خۆی ڕادەست کرد؟

لە شنگال چی دەگوزەرێت و بۆچی پەکەکە سەنگەرەکانی خۆی ڕادەست کرد؟

ڕادەستکردنی شنگال لەلایەن پەکەکەوە بە عێراق، پێگەی ڕژێمی شیعەی عێراق لە بەرامبەر کورد و عەرەبی سوننە و ڕۆژئاڤادا بەهێز دەکات.

لەم دواییانەدا لە شنگال چالاکییەکی گرنگ هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە چەکدار و زرێپۆشەکانی سوپای عێراق چوونە ناو سەنتەری شاری شنگال. یەبەشە و ئبەڕێوەبەریی خۆسەری شنگال کە لە لقوپۆپەکانی پەکەکەن، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە سەرجەم ئەو بازگانە ڕادەستی ئەرتەشی عێراق بکەن کەوا ساڵانێکە کۆنترۆڵیان کردووە.

بەپێی میدیا و سەرچاوە ناوخۆییەکان، زیاتر لە 11 هەزار چەکداری سوپای عێراق و پۆلیس و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چوونەتە ناو شەنگال. ئەو هێزانە ناوەندی شاری شنگال و سنووری ڕۆژئاڤا و ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو هەرێمی کوردستان دەڕۆن و سەرجەم ڕێگاکانی نێوان گوندەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

دانیشتوانی شنگال: پەکەکە باڵەخانەکانیان چۆڵ کرد و ڕۆیشتن

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە دەست پێگەی دارکا مازی کەوتوون، پەکەکە بازگە و بنکە ستراتیژییەکانی خۆی لە سنوونێ، خانەسۆر و قبلات ڕادەستی عێراق کردووە. تەسلیمبوونەکە نیشانەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە هەیە. چونکە باس لەوە دەکرێت چەند کاتژمێرێک بەر لە هاتنی سوپای عێراق، هێز و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر ئەو بازگە و باڵەخانانەیان چۆل کردووە کە تێیدا جێگیر ببوون و لەو شوێنانە ڕۆیشتوون و جێیان هێشتوون. خەڵکی ناوچەکە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن، “پەکەکە وێنە و کەلوپەلەکانیان لە باڵەخانە و بازگەکان کۆکردەوە، دواتر پاکیان کردونەتەوە و ڕۆیشتن و بۆ ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر دواتری هێزە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو بنکانە و لەوێ جێگیر بوون”.

هاوکاریی شاراوەی 12 ساڵەی پەکەکە و بەغدا لەسەر شنگال

ئەمە یەکەم ڕێککەوتنی پەکەکە لەگەڵ ئەرتەشی عێراقدا نییە، بەڵکوو لەوڕۆژەوە کە پەکەکە دامەزراوە هەتا ئەمڕۆ، زنجیرەیەک ڕێککەوتن بە شێوازی جۆراوجۆر لەنێوان عێراق و پەکەکەدا بەردەوام هەبووە. لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزدی لە شنگال، کە لە ساڵی 2013دا دەستی پێکرد، کەسانی وەک ڕەزا ئاڵتوون و سەبری ئۆک لەگەڵ سەرکردە شیعەکان لە بەغدا کۆبوونەوە و بۆ ئەوەی ڕێگایان پێبدەن کە لە سەر هێڵی شنگال ـ گەرمیان جێگیر ببن، بەڵێنیان پێدان کە پەکەکە بە پێی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ئێران مامەڵە بکات. لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەونەش پاڵپشتی و یارمەتییەکی ئابووری و سیاسی و لۆجستیکی بەرچاویان وەرگرت.

قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014دا ڕوویدا: پەکەکە لە بەرامبەر دابڕان و جیاکردنەوەی ئێزدییەکان و شنگال لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی خۆی لە شنگال جێگیر کرد. پەکەکە نەک وەک هێزێکی دژە داعش، بەڵکوو وەک هێزێکی دژە پێشمەرگە خۆی لە شنگال جێگیر کرد. هەربۆیەش لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالدا کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەیان برد، بەشداریی نەکرد.

پەکەکە ڕێگەی بۆ دەوڵەت و پێکهاتە شیعەکان خۆشکرد تا دەسەڵاتی شەنگال بەدەستەوە بگرن.

قۆناغی دووەم لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018دا پێکهات. لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن عێراقییەکانەوە، قۆناخێکی نوێ دەستی پێکرد. پەکەکە لەسەر بنەمای چوونە ناوەوەی ڕاستەوخۆی حەشدی شەعبی بۆ ناو شنگال لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ڕێککەوتن. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گەیشتنە شنگال. تا ئەم ماوەیە پەکەکە ڕاستەوخۆ حزووری خۆی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندبوو. بەڵام بەهۆی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتی عێراق نەیدەویست ناوی پەکەکە بەکاربهێنرێت. کاتێک تێگەیشت کە ناتوانێت بە فەرمی خۆی لە ژێر ناوی پەکەکەدا لەوێ جێگیر بکات، پەکەکە ئەم دۆخەی قبووڵ کرد. لە بەیاننامەیەکی نووسراودا کەوا کەجەکەدا لە 23ی نیسانی 2018دا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بارودۆخی 3ی ئابی 2014 لەگۆڕێدا نیە و ئاسایشی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری مسۆگەر کراوە، هەربۆیە هێزەکانمان دەکشێنەوە. واتە هاتنە ناوەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ناو شنگال، ئاسایشی شارەکەی مسۆگەر کردوە. بێگومان پەکەکە نەکشاوەتەوە. بەڵکوو تەنها بەشێک لە لایەنگرانی خۆی چالاک کرد و لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا پێکەوە لە بەڕێوەبردنی شنگالدا بەردەوام بوون. لەو کاتەدا پەکەکە و حەشدی شەعبی گەیشتنە ڕێککەوتن و دەسەڵاتی بەرێوەبردنی شنگالیان لەنیوان خۆیاندا دابەش کرد.

پێشینەی تەسلیمبوونی ساڵی 2025:

قۆناغی سێهەم هێشتا بەردەوامە: لە ماوەی 12 ساڵی نێوان ساڵانی 2013 تا 2025، پەکەکە هەوڵیدا کە وەک بەشێک لە میحوەری مقاومەی ئێران، شوێنێک لە باشووری کوردستان بەدەستەوە بگرێت. لە زۆر شوێن هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر (لەنگە) و دهۆک (سووکا چەلێ) شەڕێکی ئابووریی دەستپێکرد. بە تایبەتی لە میدیاکاندا، دوژمنایەتییەکی بەردەوامی دەستپێکرد. بەڵام بەرەی شیعە کە پەکەکەی لەخۆگرتبوو، بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گورزێکی کوشندەی بەرکەوت. هەر لەو کاتەدا کە پەکەکە تووشی شکست هاتبوو، ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک دەستوەردانیان کرد و ئۆجەلان پەکەکەی تێکەڵ بە سیستەمی دەوڵەتی تورک کردەوە.

لە ئێستادا سەرکردایەتی پەکەکە بە هۆی گوشارەکانی ئۆجەلانەوە بێدەنگن. بەڵام سەرکردایەتی پەکەکە بە سەرۆکایەتی جەمیل بایک ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە تەواوی بپچڕێنێت. ئەمەش بۆ حزووری ئەوان لە سلێمانی و نیشتەجێبوونیان لەسەر سنووری ئێران و ڕێککەوتنی پژاک لەگەڵ ئێران و پێگە گرنگەکانیان لە شنگال و مەخموور دەگەڕێتەوە. بۆیە پەکەکە هەوڵدەدات کە بەبێ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتەکانی عێراق و ئێراندا تووشی ململانێ و پێکهەڵپرژان ببێت، حزووری خۆی لە عێراق و باشووری کوردستاندا بپارێزێت و لەبەر ئەمەشە کە هەموو داواکارییەکانی عێراق جێبەجێ دەکات.

ئایا فەرمانەکە لە ئیمرالیەوە هاتووە؟

پڕۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە جگە لەوەی کە خەڵک دەیزانن، لە زۆر ڕووەوە بەردەوامە. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە چۆڵکردنی ناوچەی شنگال لەلایەن پەکەکەوە لەسەر داوای دەوڵەتی تورکیا و ئیمرالی بووە. دەوڵەتی تورکیا نایهەوێت “پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان”ی نێوان عێراق و تورکیا بە هێڵی شنگالدا تێپەڕێت ئەگەر هێزی کوردی لە ناوچەکەدا هەبێت و عێراقیش ئەمەی ناوێت. بۆیە گۆڕینی سەنگەرەکان لە شنگال تەنها ڕێککەوتنێکی نێوان پەکەکە و عێراق نییە؛ بەڵکوو زیاتر وەک ڕێککەوتنی نێوان زلهێزە ناوچەییەکان دەچێت.

بۆچی لەئێستادا عێراق پێگەکانی خۆی لە شنگال بەهێزتر دەکات؟

هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەتی عێراق پێگەکانی خۆی لە شنگال بەهێزتر دەکات و هێزێکی گەورەی سەربازیی خۆی لەوێ جێگیر دەکات، زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەم بزووتنەوەیەکی دژە کورد لەئارادایە و هەم پرۆسەی ئامادەکاری بۆ شەڕیش هەیە.

عێراق و میلیشیا شیعەکان لە ئێستادا لەژێر فشاری بەرچاوی ئیسرائیل و ئەمریکادان. ئایندەی عێراق لە ناو پشێوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر مشتومڕی لەسەرە. باس لە دابەشکردنی عێراق دەکرێت بۆ سێ دەوڵەتی جیاواز، عێراقیش خۆی بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە دەکات. جگە لەوەش شیعەکانی عێراق خۆیان بۆ شەڕی ناوخۆیی لە عێراق ئامادە دەکەن. هەربۆیە سوپا و میلیشیاکان لە جموجۆڵدان و پێگەکانیان بەهێزتر دەکەن و زیاتر لە 11 هەزار چەکداریان لە شنگال جێگیر کردووە.

عێراق لە هەموو ناوچەکاندا و بەتایبەتی لەسەر سنوورەکاندا و بەتایبەتیتر لە سنووری سووریا و ڕۆژئاڤادا، پێگەکانی خۆی بەهێزتر دەکات. لە درێژخایەندا عێراق ئامانجی ئەوەیە کە بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ڕۆژئاڤا، هەڵوێست بگرێت. واتە ئامانجی ئەوەیە کە هێڵێکی شیعە-عەرەبی لە نێوان ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستاندا دروست بکات. ڕژێمی شیعەی عێراق و میلیشیاکانی ئامانجیان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بشکێنن و ئەو ناوچانە بۆ هەمیشە لە کوردستان جیابکەنەوە و حزوورێکی بەهێزیان لە ناوچە کوردستانییەکانی ناو ماددەی 140 هەبێت. لەم پلانەدا شنگال جێگەیەکی زۆر ستراتژیکی هەیە، واتە دەوڵەتی عێراق لە شنگال ڕێڕەوێکی دژە کوردستانی دروست دەکات.

ڕادەستکردنی شنگال لەلایەن پەکەکەوە بە عێراق، پێگەی ڕژێمی شیعەی عێراق لە بەرامبەر کورد و عەرەبی سوننە و ڕۆژئاڤادا بەهێزتر دەکات.

پەکەکە ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ بەغدا دەشارێتەوە و میدیاکانی پەکەکەش، پەدەکە دەکەنەئامانج

ڕادەستکردنی هەرێمی شنگال لەلایەن پەکەکەوە بە ڕژێمی شیعەی عێراق، ناڕەزایی چەکدارانی ئێزدیی لێکەوتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پەکەکە ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ بەغدا و سەرکردایەتی میلیشیاکان کردوویەتی، لە ئیدارەی شنگال دەشارێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەردەستی ئێمەدان، تەعلیمات بۆ پەکەکە و کادیرانی باکووری پەکەکە لە شنگال نێردراوە کە “نابێ هیچ پێکهەڵپرژانێک ڕووبدات و نابێ ئەم ڕێککەوتنە ئاشکرا بکەن”. پەکەکە لە ڕێگای تەلەفزیۆنی “چرا تی ڤی”یەوە خەڵکی شنگالی چەواشەکرد و وا خۆیان نیشان دا کە گۆیا ئاگایان لەو ڕووداوە نیە و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یان تۆمەتبار کرد. ڕاپۆرتە میدیاییەکانی پەکەکە و لێدوانەکانی ئەندامانی پەکەکە، پەدەکە وەک بەرپرسیار لە چوونە ناوەوەی سوپای عێراق بۆ ناو شەنگال نیشان دەدەن.

پەکەکە سەنگەرەکانی خۆی ڕادەستی کورد نەکرد

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەستێنەی لە سەرەوە باسمان کرد، ڕوونە کە ڕادەستکردنی بنکەکان لەنێوان پەکەکە و گروپە شیعەکانی عێراق لە شەنگالدا، بۆ کورد هەڵوێستێکی گونجاو نەبوو. لەکاتێکدا کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی ئاوا دژواردایە، ڕادەستکردنی بنکەکانی پەکەکە بە نهێنی بە عێراق خەسارێکی بەرچاوی بۆ کورد هەیە. لە ساڵی 2013 بەملاوە، پەکەکە لە کاتی پێویستدا پێگەکانی خۆی لە ڕۆژئاڤا و سووریا ڕادەستی بەشار ئەسەد کردووە. لە کاتی پێویستدا پێگەکانی خۆی لە ناوچەکانی وەک مەخموور، قەرەچووغ، گەرمیان و دووزخورماتوو تەسلیمی عێراق کردووە. پەکەکە گردی جاسووسانی لە قەندیل تەسلیمی ئێران کرد. پەکەکە لە بادینان پێگەکانی خۆی لە ناوچەکانی وەک حەفتەنین، مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و خواکورک تەسلیمی تورکیا کرد. بەڵام هەرگیز بنکەکانی خۆی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەسپاردووە. پەکەکە ئامدە نەبووە کە تاقە یەک سنەگرەیشی بە پێشمەرگەکانی کوردستان بسپێرێت. ئەگەر ئەو هێزەی کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕۆیشتوونە ناو شنگال، سەر بە هێزی پێشمەرگە بوایەن، پەکەکە بەبێ دوودڵی شەڕی لەگەڵ دەکردن. بەمجۆرە جارێکی تر دەردەکەوێت کە لێدوانی کەسایەتییە باڵاکانی سەرکردایەتی پەکەکە وەک بەسە هۆزات و مستەفا قەرەسوو کە دەڵێن “شنگال بەشێکە لە عێراق” لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی عەقڵیەت و ئامانجەکانی پەکەکە بوون.

پوستێن ھەمان بەش