وتارە تێکەڵوپێکەلەکەی قەرەیڵان و گرێدانی چارەنووسی کوردان بە چارەنووسی ئۆجەلانەوە

وتارە تێکەڵوپێکەلەکەی قەرەیڵان و گرێدانی چارەنووسی کوردان بە چارەنووسی ئۆجەلانەوە

کاتێک کە بەبێ دانپێدانانی دەستووری بە نەتەوەی کورد و دانپێدانان بە مافەکانی کورد چەک دادەنیت، بە واتای خۆڕادەستکردن دێت.

✍️سمکۆ عەبدولعەزیز

لەم دواییانەدا مرۆڤ کە وتارەکانی موراد قەرەیلان دەبینیت، یەکسەر بۆی دەردەکەوێت کە بۆخۆشی بڕوای بە قسەکانی خۆی نییە لە ڕووی ناچارییەوە ئەو قسانە دەکات. دوایین گوتاری قەرەیلان کە بۆ فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و هونەر لە دۆرتمۆند ناردوویەتی، کۆمەڵێک قسە و دەستەواژەی سەیروسەمەری تێدایە.

لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە چارەنووسی نەتەوەی کورد، بە چارەنووسی ئۆجالانەوە گرێ دەدات.

بە واتایەکی تر لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە قەیرانێکی دژواردایە.

ئەو پڕۆژەیەی کە بەم دواییە لەژێر ناوی “ئاشتی”دا خراوەتە بازاڕەوە، جگە لە بەرهەمهێنانی فەلسەفەی تەسلیمبوون، لە ناوەڕۆکدا هیچ ئاشتییەکی تێدا نییە، چونکە هەبوون و مانەوەی نەتەوەیەک لە مانەوەی تاکە کەسێکدا بچووک دەکەنەوە و هەموو هیواکانیان بە بڕیارەکانی ئەنقەرە و ڕاگەیاندراوەکانی ئەوروپاوە گرێدەدەن.

بارودۆخی ئێستای خواستی ئازادی نییە، بەڵکو نامۆبوونە. مەبەست لە نامۆبوون ئەوەیە “کاتێک مرۆڤ بۆخۆی هۆشی خۆی لەدەست دەدات و هەبوونی خۆی دەسپێرێت بە کەسی بەرانبەر”.

ئەوەی کە قەرەیلان لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی پێداوە، دەکەوێتە خانەی نامۆبوونی نەتەوەییەوە، چونکە قەرەیلان هەوڵدەدات کە نەتەوەیەک نەک لە ڕێگەی هۆشی ئخۆیەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی هۆشی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، خۆی بناسێت. لەباتی ئەوەی کە بڵێ ئێمەی کورد داوای سەربەخۆبوونی خۆمان دەکەین، دەڵێ ئازادیی ئاپۆ، ئازادیی ئێمەیە. لێرەدا پرسی نەتەوەی کورد دەگۆڕدرێت بۆ پیرۆزکردنی سەردانەواندن بۆ تاکە کەسێک.

ئەمەش قەیرانێکی فەلسەفیە، چونکە دۆخی نەتەوەیەک دەگۆڕدرێت بۆ خۆچەماندنی تاکێک.

ئەو پرۆژەیەی کە بە ناوی “ئاشتی”یەوە خراوەتە بازاڕەوە، دووبارەبوونەوەی ئەو هاوکارییە کۆنەی کورد و تورکانە لە ساڵانی 1071 تا ساڵانی 1920، کاتێک کە ئێمەی کوردیان وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێنا و دواتر کورد تووشی کوشتار بوون. گەڕانەوەی کورد بۆ ئەو مێژووەی کە قەرەیلان داوای دەکات، بێ تاوان نییە، بەڵکو بانگەوازێکی شاراوەیە.

قەرەیلان دەبووا بڵێ کە پرسی کورد لە پرۆژەی “برایەتی گەلان”دا جارێکی دیکە لەناو دەبرێت.

من پێم وایە کە قەرەیلان لەخۆڕا ئەم مێژووەی نەهێناوەتە ناو وتارەکەیەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە و بە شاراوەیی، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی قسەکانی بێت سەبارەت بە پڕۆژەی “برایەتی گەلان” و لە ترسی خۆیدا بەم شێوەیە باسی کردووە.

چونکە نەتەوەی کورد بە باشی ئەوەی لەبیرە کە ئەو پڕۆژانەی بە ناوی “برایەتی گەلان” هاتوونەتە ئاراوە، هەمیشە بوونەتە هۆی دانپێدانەنان بە کورد و کۆمەڵکوژیی کوردانیان لێکەوتۆتەوە. باشترین نموونە لە کۆنەستی کورداندا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1925 و کۆمەڵکوژیی دێرسیم لە ساڵی 1937دا.

واتە هەر پرۆژەیەک بەناوی ” برایەتی گەلان”ـەوە بەرجەستە کرابێت، بەبێ دانپێدانانی دەستووری بە ناسنامە و مافەکان، بووەتە سەرەتایەک بۆ جینۆسایدێکی تر.

سووتاندنی چەک بە هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینێت و دەڵێت هەڵگرتنی چەک ئامانج نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ فشارخستنە سەر بزووتنەوەی کورد. ئەم لێدوانە بۆ خۆی لێکدابڕانێکی پڕمەترسییە.

کاتێک کە بەبێ دانپێدانانی دەستووری بە نەتەوەی کورد و دانپێدانان بە مافەکانی کورد چەک دادەنیت، دەبێتە لەدەستدانی ئامرازەکانی بەرگریکردن، پێش ئەوەی هیچ شتێک بەدەست بهێنیت و ئەمەش بە پێی ڕوانگەی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی بە واتای خۆڕادەستکردن دێت، چونکە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەو کاتەدا دروست و دادپەروەرانە دەبێت کە هەردوولا لە دەستکەوتەکاندا یەکسان بن.

قەرەیلان هەوڵ دەدات پرسی کورد بە کۆمەڵگەی ئەوروپاوە ببەستێتەوە، بەتایبەتیش بەندی مافی هیوا.

کاتێک بڕیاری پرسی میللەتێک دەخەیتە ژێر دەستی بیرۆکراسی برۆکسل و ستراسبۆرگ، ئەمە خۆی لەخۆیدا دەبێتە هەڵاتن لە ژێر بەرپرسایەتی، لەبەر ئەوەی کە ئەوروپا هەرگیز مافی هیچ نەتەوەیەکی نەداوە ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبووبێت.

زۆربەی هەرەزۆری ئەو هزرمەندانەی جیهان کە باوەڕیان بە ڕزگاری هەیە دەڵێن نەتەوییبوونی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بناخەکەی لەسەر خودی خۆت بنیات بنێیت و پڕۆژەی خۆت دابڕێژیت و ستراتژی خۆت بخەیتەڕوو، نەک لە ڕێگای هاوڕابوون لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

پوستێن ھەمان بەش