ئەحمەد شەرع: سووریا پێویستی بە یەکگرتوویی و پلانی تۆکمە بۆ ئاوەدانکردنەوە هەیە

ئەحمەد شەرع: سووریا پێویستی بە یەکگرتوویی و پلانی تۆکمە بۆ ئاوەدانکردنەوە هەیە

“گەلانی جیهان چاودێری ڕووداوەکانی سووریا دەکەن و دەرفەتێک دەدەنە سووریاییەکان بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن”.

ئەحمەد شەرع، سەرۆک سووریا، لە یەکەم لێدوانیدا لە نیویۆرک ڕایگەیاند، زیانەکان لە سەرانسەری هەموو کەرتەکاندا بەرچاون و وڵاتەکە پێویستی بە یەکگرتوویی گەل و پلانی تۆکمە هەیە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو سووریایەی کە لەدەستچووە.

شەرع لە دیداری لەگەڵ شاندێکی ڕەوەندی سووریا لە ئەمەریکا جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتوویی نەتەوەیی کردەوە، وێڕای جیاوازییەکانیش. گوتیشی، “سووریا توانای ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ببێتە بووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.” ئاماژەی بەوەشکرد، گەلانی جیهان چاودێری ڕووداوەکانی سووریا دەکەن و دەرفەتێک دەدەنە سووریاییەکان بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، سەرەڕای سەختییەکانی ڕێگاکە”.

ئاژانسی هەواڵی سانا بڵاویکردەوە، شەرع بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتووەتە نیویۆرک، ئەمەش یەکەم بەشداریکردنی سەرۆکێکی سووریایە لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای ساڵی 1967ەوە.

پێشتر سەرۆکی سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی CBC داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردبوو کە هاوکاری سووریا بکەن و ڕایگەیاندبوو، “لە ڕابردوودا جیهان سووریای تووشی کارەسات کرد، بەڵام ئێستا هەمووان دەتوانن بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، هاوکار بن”.

ئەحمەد شەرع هەروەها ئاماژەی بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کردووە کە بووەتە هۆکار بۆئەوەی هەندێک گرووپی چەکداری سەر بە وڵاتانی دیکە لە سووریا بڕۆن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان کردەوە.

پوستێن ھەمان بەش