لە ڕاستیدا خۆپیشاندانەكانی 2019، لە دژی هەژموونی میلیشیاكانی سەر بە ئێران و گەندەڵی و نادادپەروەری لە عێراقدا كرا.
كازم سەیادی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چالاكی سیاسیی نزیك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵێكی میلیشیاكان، بانگەشەی ئەوەی كرد كە خۆپیشاندانەكانی تشرین لە عێراق (2019)، دەستێوەردانی هەواڵگریی وڵاتانی تێدا بووە كە یەكێك لەوانە، هەواڵگریی هیندستان بووە.
جێی باسە بەهۆی ئەم قسەیەوە، كازم سەیادی و تەواوی گرووپە عەرەبییە شیعییە دەسەڵاتدارەكان كەوتوونەتە بەر شەپۆلی گاڵتەپێكردنی خەڵكی عێراق و لە هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە دەیان جۆر ڤیدیۆ و وێنەی گاڵتەئامێز، باسی ئەم تۆمەتەی سەیادی دەكەن.
خۆپیشاندانەكانی تشرین لە ساڵی 2019دا لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەژموونی میلیشیاكانی سەر بە ئێران و گەندەڵی و نادادپەروەری لە عێراقدا كرا، وێڕای زیاتر لە 600 شەهید كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق و میلیشیاكانەوە كوژران، بەڵام بە زەبر و زەنگ خۆپیشاندانەكە (كە هەندێك كەس لە عێراق بە شۆڕشی تشرین ناوی دەبەن) سەركوت كرا و تاوەكوو ئەمڕۆش داخوازییەكانی خۆپیشاندەران نەك جێبەجێ نەكرا، بەڵكوو هەموو ئەو كەموكوڕییانەی داوای چارەسەریان دەكرد، ئێستا زیاتر بوون.