گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرۆکەکەی هەڵبژاردەوە

گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرۆکەکەی هەڵبژاردەوە

دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لەمانگی ئاداردا، ئۆزگور ئۆزەل، وەک گەورەترین ڕکابەری داهاتووی ئەردۆغان دەرکەوتووە.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ‘جەهەپە’، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا دووبارە بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو، دادگایەک بڕیار لەسەر لابردنی ئەو و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی پارتەکە بدات.

کۆنگرەی جەهەپە، 21ـی ئەیلوولی 2025 لە ئەنقەرە بەڕێوە چوو و تێیدا ئۆزگور ئۆزێل، کە تاکە کاندید بو، بە 835 دەنگ لە کۆی 917 دەنگی بەشداربووان بە سەرۆک هەڵبژی بەشداربووان بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

ئامانج لەم کۆنگرە نائاساییە خۆپاراستنە لە بڕیارێکی چاوەڕوانکراوی دادگای ئەنقەرە کە بڕیارە لە 24ی تشرینی یەکەمدا دەربچێت. دادگاکە، تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا کۆنگرەی ساڵی 2023ی جەهەپە، کە تێیدا ئۆزێل بە سەرۆک هەڵبژێردرا، بەهۆی “بێسەروبەری” هەڵبوەشێنێتەوە یان نا؟ ڕەخنەگرانی حکوومەت ئەم دۆسیەیە بە بەڵگەی پاشەکشەی تورکیا بەرەو تاکڕەوی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا دەزانن.

بەرپرسانی جەهەپە، هیوادارن کە بە وەرگرتنی متمانەیەکی نوێ لە ئەندامانی پارتەکەیان، مەترسییەکانی بڕیاری دادگا لەسەر هەڵبژاردنی ئۆزێل لە ساڵی 2023 کەم بکەنەوە.

12  ئەندامی جەهەپە، لە نێویاندا ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی زیندانیکراو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ و گەورەترین ڕکابەری سیاسیی ئەردۆغان، ڕووبەڕووی چەندین تۆمەت بوونەتەوە، لەوانە پێدانی پارە و پۆست بە ئەندامانی کۆنگرە و پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا.

ئۆزگور ئۆزەل، لە دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لە مانگی ئادارەوە، وەک گەورەترین ڕکابەری داهاتووی ئەردۆغان دەرکەوتووە. ئەردۆغان، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر جەهەپە و بە گەندەڵ و ساختەکار تۆمەتباری کردووە.

جەهەپە، گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەماندا و شارەوانیی گەورەترین شارەکانی تورکیا، لەوانە ئیستانبوڵ و ئەنقەرەی بەدەستەوەیە.

پوستێن ھەمان بەش