لەیلا زانا لە نەخۆشخانە سەردانی ئیسماعیل بێشیکچی کرد

لەیلا زانا لە نەخۆشخانە سەردانی ئیسماعیل بێشیکچی کرد

لەیلا زانا: “پرۆسەی چارەسەریی ئیسماعیل بێشکچیی خۆشەویست، کە هێشتا زۆر پێویستمان بە خامەکەیەتی، بەرەو باشی دەڕوات”.

سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا سەردانی دوکتور ئیسماعیل بێشیکچی، نووسەر و کۆمەڵناس ودۆستی گەلی کوردی کرد کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئامەدی باکووری کوردستان چارەسەری وەردەگرێت.

ڕۆژی شەممە 25/10/2025، لەیلا زانا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەکانی سەردانەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “پرۆسەی چارەسەریی ئیسماعیل بێشکچیی خۆشەویست، کە هێشتا زۆر پێویستمان بە خامەکەیەتی، لە ئامەد بەرەو باشی دەڕوات”.

زانا بە ئاماژەدان بەوەی کە “دوای ساڵانێک بە دیداری ‘مامۆستا زێڕینی کوردان’ گەیشتین و هیوای چاکبوونەوەمان بۆی خواست. هیچ گومانیشمان لەوە نییە کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت”.

 لەیلا زانا لە پۆستەکەیدا ئەمانەی خوارەوەی بڵاوکردەوە: “ئیسماعیل بێشیکچی ئازیز، کە هێشتا زۆر پێویستمان بە خامەکەیەتی، چاک دەبێتەوە. گومانمان نییە کە ئەو ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت”.

ڕۆژنامەنووس و نووسەر ئیسماعیل بێشیکچی ڕۆژی شەممە 27ی ئەیلول لە کاتی قسەکانیدا لە نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دۆکیۆمێنتاری “فیلم ئامەد”دا کە لەلایەن شارەوانی کایاپیناری سەر بە “ئامەد”ی باکووری کوردستان و کۆمەڵەی ئەکادیمیای سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕێکخرابوو، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.

بێشیکچی کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری ڕەوانەی بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە کرابوو، لە 1ی جووتمانگدا لە بەشی چاودێری چڕ گواسترایەوە بۆ ناو بەخشی نەخۆشخانەکە و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.

لەیلا زانا لە 27ی ئەیلولدا لە پەیامێکدا کە لە ئەکاونتی Xی خۆیدا بڵاویکردەوە، نووسیبووی: “هەموومان زۆر شت لە ئیسماعیل بێشیکچی خۆشەویست فێربووین، ئەو ئازاترین دەنگ بوو لە سەختترین کاتەکاندا. من لە دڵی کوردان و لە تینی ئامەددا، داوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بەئاوات دەخوازم”.

Share

پوستێن ھەمان بەش