جەمیل بایک: ئامانجی ئۆجەلان تورککردنی کورد نییە!

جەمیل بایک: ئامانجی ئۆجەلان تورککردنی کورد نییە!

ئۆجەلان هەموو شتێکی بۆ بەرژەوەندی تورکیا کرد و خەونی نەتەوەیی کوردی لە باکووری کوردستان وێران کرد.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە قسەی کرد و چوارچێوەی قۆناغی نوێی پرۆسەکەی شی کردەوە. بایک جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی بانگەوازەکە تواندنەوە و ئاسمیلەکردنی کوردان نییە، بەڵکو بەدیهێنانی “ئەنتەگراسیۆنێکی دیموکراتیک”ـە.

بایک لە وەڵامەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی “ANF”ی پەکەکە ڕایگەیاندووە، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە بانگەوازەکەیدا سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندیی هەزار ساڵەی کورد و تورک و دەیهەوێت ئەم پەیوەندییە کە لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا تێکشکاوە، سەرلەنوێ ساغی بکاتەوە.

بە بڕوای بایک، ئۆجەلان بۆ گەیشتن بەو برایەتییە باس لە “ئەنتەگراسیۆنێکی دیموکراتیک” دەکات و دەڵێت: “ئەنتێگراسیۆن تواندنەوە نییە، لەناوبردن نییە و بەتورککردنیش نییە. کورد بە ناسنامە، زمان، کلتوور و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەبن”.

بایک ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتەکانی ئینکاری و لەناوبردنی دەوڵەتی تورک کوردانی لە کۆماری تورکیا دابڕاندووە و بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاک بکرێتەوە، دەبێت بوونی هەموو ناسنامەکان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە گەرەنتی بکرێت.

بایک هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری سەرهەڵدانی پەکەکە داخستنی کەناڵەکانی سیاسەتی دیموکراتیک بوو، بۆیە ئۆجەلان دەیهەوێت تورکیا لە ڕێی دیموکراتیککردنی گۆڕەپانی سیاسی و ناساندنی سیاسەتی دیموکراتیکەوە، بچێتە سەدەی دووەمی خۆیەوە.

سەبارەت بە گومانی خەڵک لە چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بایک وتی کە خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکە کردووە، بەڵام هەندێک گومانیشیان هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە قسەکردنی ئۆجەلان دوای 27 ساڵ لە سایەی تێکۆشانەوە پێکهاتووە وئەمەش بۆ گەل مایەی دڵئارامییە.

لە ڕێکەوتی 27ی شوباتی 2025دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە فەرمانی دەوڵەت باخچەلی، داوای چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد، بەبێ ئەوەی کە هیچ گەرەنتییەک بۆ ئاشتی ڕاستەقینە و دەستەبەربوونی کەمترین مافەکانی گەلی کورد هەبن.

ئۆجەلان گوتی: چەک دابنێن، خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئێوە مۆدێلەکەتان بەسەرچووە، دەوڵەتێکی نەتەوەیی و خۆسەری بۆ کورد چارەسەر نیە، بەڵکوو تەنها نەتەوەی دیموکراتیک ڕێگاچارەسەرە.

لەم پڕۆسەیەدا هیچ گەرەنتییەک بۆ کورد نییە و ناوی کورد و کوردستان و هەروەها مافی فەرهەنگی و ناسنامە و زمانیش باس لێنەکراوە. ئۆجەلان هەموو شتێکی بۆ بەرژەوەندی تورکیا کرد و خەونی نەتەوەیی کوردی لە باکووری کوردستان وێران کرد.

Share

پوستێن ھەمان بەش