پەکەکە ناسنامەی 10 گەریلای دیکەی ئاشکرا کرد کە زیاتر لە ساڵێک لەوەپێش گیانیان لەدەستداوە

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.
پەکەکە ناسنامەی 10 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2024دا لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی زاپ لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە هەتا چەند ڕۆژ پێش هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی یەکشەممە 26/10/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 10 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە دووانیان کچەگەریلا بوون و زیاتر لە  ساڵێک لەوەپێش بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی شاردۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە، ئەو 10 لاوە کوردە لە مانگەکانی تەباخ و مژداری ساڵی 2024دا، لە دەڤەری “زاپ”ی باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەو کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 10 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ مژدار عومەر، خەڵکی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان.
2ـ بەرچە لوقمان، لەدایکبووی ئاڵمانیا.
3ـ شەمسا عادل، خەڵکی منبج لە ڕۆژئاوای کوردستان.
4ـ حوسێن ئەحمەد، خەڵکی شەهبا لە ڕۆژئاوای کوردستان.
5ـ حەیدەر مەحموود، خەڵکی ماردین لە باکووری کوردستان.
6ـ مستەفا عەبدولڕەحمان، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان.
7ـ ئارمان عوسمان، خەڵکی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
8ـ مەیسەم حەسەن، خەڵکی ماکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
9ـ عەدنان ئەحمەد، خەڵکی منبج لە ڕۆژئاوای کوردستان.
10ـ یوسفجان ئیلامی، لەدایکبووی ئیستانبووڵ.
پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 10 گەریلایەشی بۆ ماوەی زیاتر لە یەکساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە و ئێستاش دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد!.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.