ئایا گەریلا لە باکوور ماوە تا بڕیاری کشانەوەیان بدرێت؟

ئایا گەریلا لە باکوور ماوە تا بڕیاری کشانەوەیان بدرێت؟

بەم کشانەوەیە ئۆجەلان سەرجەم بڕگەکانی “پڕۆژەی ئاشتی”ی جێبەجێ کرد کە دەوڵەتی تورک بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات.

پەکەکە لە ڕێکەوتی 25/10/2025دا ڕایگەیاند، سەرجەم هێزەکانی لە تورکیا دەکشێننەوە بۆ باشووری کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕێکخراوەکە هیچ هێزێکی ئەوتۆی لە باکوور و تورکیا نییە و ئەوەی کە هەیە تەنها هەندێک یەکەی 3 کەسیی گەریلا هەیە کە ئەوانیش هیچ چالاکییەک ئەنجام نادەن.

سولەیمان سۆیلو، وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا لە 9ی ئاداری 2021دا ڕایگەیاند، “ژمارەی چەکدارانی پەکەکە لە تورکیا بە ڕێژەی 83% کەمیکردووە”. ئەمەش بەو مانایەیە کە پەکەکە باشووری کوردستانی کردووە بە مەیدانی جەنگ.

سلێمان سۆیلو وتبووی: “پەکەکە تەنها نزیکەی 300 چەکداری لە تورکیادا ماون”.

ئەم ئامارە تەنها لەلایە تورکیاوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵکو سەنتەری ACLED ئەمریکی کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی داتای شەڕ و پێکدادانەکان، لە ساڵی 2020دا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەرکەوت کە 77%ی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا دەکرێت.

ئەم ڕێکخراوە ئەمریکییە ئاشکرای کردبوو کە پەکەکە هیچ چالاکیەکی ئەوتۆ لە باکووری کوردستان ئەنجام نادات.

ئایا گەریلا لە باکوور ماوە تا بڕیاری کشانەوەیان بدرێت؟

بە کشانەوەی ئەو ژمارە کەمەی گەریلا چی ڕوودەدات؟

لە ساڵی 2012 بەملاوە، پەکەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، خاکی باشووری کوردستانی کردووە بە مەیدانی شەڕ و پێکدادانە ساختەکانی لەگەڵ چەکدارانی تورکیا و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ چەند ناوچەیەکی نوێی کردۆتە هەرێمی قەدەغەکراو و داگیری کردوون و دواتر ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون. دەرئەنجامەکەشی ئەوە بووە کە پەکەکە لە گوندەکان نزیکتر بووەتەوە و تورکیاش بە بیانووی پەکەکەوە، بنکە و خاڵە سەربازییەکانی زیاتر و تۆکمەتر کردووە.

ئەو پرۆسەی بەناو ئاشتیەی کە لە 27ی شوباتی 2025دا بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان لەسەر داوای باخچەلی دەستیپێکردووە، تا ئێستا ئەنجامەکانی تەنها لە بەرژەوەندی تورکیادا بووە، هەر لە هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکدانانی پەکەکەوە بگرە هەتا هەنگاوی کۆتایی کشانەوەی گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستان، کە پەکەکەییەکان بە هەنگاوی مێژووی ناوی دەبەن.

ئۆجەلان تیرۆری لە تورکیا نەهێشت!

بەم کشانەوەیەش ئۆجەلان سەرجەم بڕگەکانی “پڕۆژەی ئاشتی”ی جێبەجێ کرد کە تورکیا بە “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات. ئۆجەلان گرووپەکانی گەریلای لە تورکیا نەهێشت، ڕەنگە ئیدی تورکیا لە ئارامییەکی تەواودا بمێنێتەوە و  پێشکەوتنە گەشتیاری و ئابووری و کشتوکاڵییەکانی، گەشەکردنی خێراتر بەخۆیانەوە ببینن.

بەڵام لە باشووری کوردستان کەوا دەیان ساڵە خەڵکەکەی چاوەڕێی ڕۆیشتنی پەکەکە دەکەن، هیواکان بۆ ئەو کشانەوەیە کاڵتر دەبنەوە و بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پەکەکە بەرنامەی ئەوەیە حزووری خۆی لە گوند و ناوچەکانی باسووری کوردستاندا جێگیرتر بکات.

بەڕاستی ئەگەر بۆ درێژەدان بە خزمەتکردنی تورکیا نەبێت، ئەو هێزە چەکدارانە لە باشووری کوردستاندا چی دەکەن؟

Share

پوستێن ھەمان بەش