باکرهان: ئیتر بیانووی چەک نەماوە، دەبێت مافەکان مسۆگەر بکرێن

هاوسەرۆکی دەم پارتی: “خواستی ئێمە کۆمارێکی دیموکراتیکە کەوا هەموو ناسنامەکان لە باوەش دەگرێت”.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، لە قەرس قسەی کرد و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد کە ئیدی هیچ بیانوویەک بۆ شەڕ نەماوە و دەبێ لە ڕێگەی ‘یاسا ئینتقالیەکان’ـەوە ماف و ئازادییەکان بە شێوەیەکی یاسایی مسۆگەر بکرێن.
باکرهان، ئەمڕۆ پێنج شەممە، 30ی ئۆکتۆبەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خەڵک و چین و توێژە جۆراوجۆرەکاندا کە نوێنەری چەندین گەل و ئایینی جیاواز ئامادەی بوون، قسەی کرد. باکرهان ئاماژەی بە کولتوری پێکەوەژیان لە قەرس وەک نموونەیەک بۆ تورکیا کرد و وتی: “خواستی ئێمە کۆمارێکی دیموکراتیکە کەوا هەموو ناسنامەکان لە باوەش دەگرێت و ئێمە لە یاساکانی دەوڵەتدا، یەکسانیمان دەوێت”.
سەبارەت بە کشانەوەی گەریلاکان لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، باکرهان وتی: “بەو پێیەی مەسەلەی چەک لە مەیداندا نەماوە، ئەرکی دەوڵەتە کە سەپاندنە ڕەگەزپەرستانە و دژە دیموکراتیکەکان نەهێڵێت”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیتر نەژادپەرستەکان بیانوویان نەماوە و وتی: “دەبێ یاسایەکی تۆکمە دابنرێت بۆ ئەوەی سبەی ڕۆژ هیچکەس نەتوانێ بەپێی خواستی خۆی بیگۆڕێت. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەمەیە”.