مەسروور بارزانی ڕێگایەکی دیکەی دووسایدی کردەوە

مەسروور بارزانی ڕێگایەکی دیکەی دووسایدی کردەوە

مەسروور بارزانی: جووتسایدی حاجی ئۆمه‌ران به‌ شێوه‌یه‌كی ستاندارد دروست كراوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌رانی کردەوە.

پڕۆژەکە، جیا لە ئاسانکاریی لە بەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان، لە ڕووی جووڵەی بازرگانیشەوە خزمەتێکی باش دەکات.

ڕێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە گوژمەی 35 ملیار و 150 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار، لەلایەن کۆمپانیای (North Light) جێبەجێ کراوە، کە گەرەنتی بەرگەی 50 ساڵی خزمەتکردنی هاتوچۆ دەگرێت.

درێژیی ڕێگاکە 2.5 کیلۆمەترە و پانیەکەشی 25 مەترە، لە کاتێکدا ڕێگەی کۆنی حاجی ئۆمەران یەکساید و پانیەکەشی تەنیا هەشت مەتر بوو، بەهۆیەوە ئاستەنگییەکی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی دروستکردبوو.

پرۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە ستانداردێکی جیهانی دروستکراوە، کە ئەم تایبەتمەندیان لەخۆ دەگرێت: ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوی خواردنەوە، تۆڕی ڕووناککردنەوەی ڕێگا، هێڵکاری و نیشانەکانی هاتوچۆ لەگەڵ شوێنی تایبەت بە وەستاندنی ئۆتۆمبێل.

هەروەها لە قەراغی ڕێگەکە و لەسەر شۆستەکاندا زیاتر لە هەزار دار چێندراوە و 170 کورسی دوو نەفەری بۆ لادان و پشوودانی ڕێبواران دانراوە، لە هەردوو بەری ڕێگەکەش نزیکەی 300 دیواری کۆنکرێتی دانراوە بۆ ڕێگری لە داڕوخان و هەرەسهێنانی بەرزاییەکانی قەراغ و نەهێشتنی مەترسی لەسەر ڕێبواران و هاموشۆکارانی ڕێگەکە.

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕێوره‌سمه‌كه‌دا وتارێكی پێشكه‌ش كرد و گوتی: “جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروست كراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.”

ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان‌:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە سەردانی حاجی ئۆمەران دەكەم كە سەردەمێك پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێستا كوردستانێكی ئازادمان هەیە.

جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروستكراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.

بێگومان خەڵكی ئەم دەڤەرە شایانی خزمەتێكی ئێجگار زیاتر لەوەن، ئەوەی لە دەستی حكوومەتیش بێت، بەپێی ئیمكانیات لە خزمەتتان دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەكەمان دەدەین.

ئێرە شوێنێكی گرنگە، چونكە دەروازەیەكیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە (كۆماری ئیسلامیی ئێران) كە پێویستە ئێمە گرنگیی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان بكەین و لە رووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە كە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین.

هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە.

هیوادارم هەر پیرۆز بێت لێتان، كوردستان رۆژ بە رۆژ سەركەوتووتر بێت، گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت بن، وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.

Share

پوستێن ھەمان بەش