هەسەدە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی دەستپێدەکات

هەسەدە: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی “ئەرکی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا لەناوچوونی تەواوەتی” گیراوەتەبەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 1/11/2025، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تۆکمەیان لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش لە شاری ڕەققا دەستپێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشی شانەکانی داعش لە ناوچەکە زیادی کردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی “ئەرکی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا لەناوچوونی تەواوەتی” گیراوەتەبەر.
هەسەدە دەستنیشانی کردووە کە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە و پشکنین و کۆنترۆڵکردنی شوێنی تۆمەتبارەکان، زانیاری وردتر سەبارەت بە ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەکاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە چالاکی شانەکانی داعش لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. باس لەوەش کراوە کە تەنها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش 16 هێرشی ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی مەدەنی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.