ئەحمەد تورک: ڕێز لە دەوڵەت بەگ دەگرم و لە دوای ئەتاتورک، ئەردۆغان کاریگەرترین کەسە

ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانیی ماردینە، کە دەوڵەتی تورک قەییۆمێکی لە شوێنەکەی داناوە.
ئەحمەد تورک ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئێستا تەنها چەکدانان نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە و هاوکات ستایشی باخچەلی و ئەردۆغانیشی کرد و وتی: ڕێز لە دەوڵەت بەگ دەگرم و لە دوای ئەتاتورکەوە، ئەردۆغان کاریگەرترین کەسە.
ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ماردین، کە دەوڵەتی تورک قەییۆمێکی لە شوێنی داناوە، قسەی بۆ ڕۆژنامەی سەباح کرد.
ئەحمەد تورک ڕایگەیاند کە “نابێت ئەم پڕۆژەیە تەنها وەک چەکدانان سەیر بکرێت” و وتی: “ئەمە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە کە ڕێگە لەبەردەم دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەکاتەوە”.
ئەحمەد تورک هەروەها ستایشی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای کرد.
ناوبراو ڕایگەیاند کە تورکیایەک کە پرسی کوردی چارەسەر کردبێت، بەشدارییەکی گەورە لە دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات و وتی: “پێویستە مرۆڤ وەک وێنەیەکی گەورە سەیری پرۆسەی چارەسەری بکات، گرنگ نییە بۆچوونی تۆ چییە، پێویستە مرۆڤ بەشداری لە پرۆسەی چارەسەریدا بکات”.
ئەحمەد تورک ڕایگەیاند کە هەڵوێستی دەوڵەت باخچەلی بەرامبەر بە پرۆسەکە بە بڕیارە و وتی: “ڕێزێکی زۆرم بۆ دەوڵەت بەگ هەیە، ئەو کەسێکە بە توندی پێداگریی لە سەر ئەم پرۆسەیە دەکات و پشتگیری و خاوەندارێتی لە پرۆسەکە دەکات.
ئەحمەد تورک سەرنجی بۆ ڕۆڵی سەرۆک کۆماری تورکیا لە پرۆسەکەدا ڕاکێشا و ڕایگەیاند: “لەدوای مستەفا کەمالەوە، ئەردۆغان کاریگەرترین لیدەرە”.
هەروەها گوتی: “هۆکاری بەرەوپێشچوونی پۆرۆسەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرۆککۆمار پشتگیریی لێدەکات. هەتا ئەمڕۆ، جگە لە مستەفا کەمال، ئەو کەسەی کە لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا خاوەن کاریگەرترین هێز بووە، بەڕێز ئەردۆغانە”.