باخچەلی: ئۆجەلان تاوەکو ئەمڕۆ بەباشی پابەندی بەڵێنەکانی بووە

باخچەلی: ئۆجەلان تاوەکو ئەمڕۆ بەباشی پابەندی بەڵێنەکانی بووە

باخچەلی: “تورکیایەکی بێ تیرۆر، تورکیایەکی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتە کە زنجیرە ژەنگاوییەکانی پێی شکاندووە”.

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، پێویستە کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە لە قۆناخی کۆتاییدا گوێ لە ئۆجەلان بگرێت. لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاشیش گوتی: “ئازادکردنی بۆ تورکیا دەبێتە مایەی خێر.”

 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە 4/11/2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.

 دەوڵەت باخچەلی گوتی: “تورکیایەکی بێ تیرۆر، تورکیایەکی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتە کە زنجیرە ژەنگاوییەکانی پێی شکاندووە.”

 سەرۆکی مەهەپە باسی لە کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنە کرد، کە بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهێندراوە و گوتی: “ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، گەیشتووەتە کۆتایی کارەکانی. ئەم لیژنەیە تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی بە شێوەیەکی زۆر بنیاتنەرانە، بەرهەمدار، بەرپرسیارانە و بە نیازپاکی کردووە.”

 باخچەلی هیوای خواست بەپێی نەخشەڕێگەکە، هەنگاوە یاسایی، سیاسی و دیموکراتییەکان لەسەر بنەمایەکی فراوان و راستەقینەی رێککەوتن  بکرێن.”

 بەرپرسانی پەکەکە و دەم پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە ئۆجەلانیش بگرێت. باخچەلی گوتی: “بێگومان پێویستە بۆچوون و سەرنجی دامەزرێنەری پەکەکە لە قۆناخی کۆتاییدا وەربگیرێت و ئەو مشتومڕە بێ ئەنجامانەی کە ماوەیەکە لەسەر ئەم بابەتە دەکرێن، کۆتاییان پێبهێنرێت”.

 باخچەلی ئاماژەی بەوەدا، چوونی ئەو پەرلەمانتارانەی لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئیمراڵی و وەرگرتنی پەیامە پێویستەکان راستەوخۆ لە ئۆجەلانەوە، پرۆسەکە زۆر بەهێزتر دەکات و مەهەپە ئامادەیە بەشداریی شاندێکی لەو شێوەیە بکات.

 باخچەلی گوتی: “ئیمراڵی تاوەکو ئەمڕۆ پابەندی بەڵێنەکانی بووە و لەسەر لێدوانەکانی وەستاوە. ئەگەر بە وردی سەیری پێشهاتەکانی دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی 27ی شوبات بکرێت، ئەوا بە روونی تێدەگەین مەبەستم چییە. کشانەوەی گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکە لە وڵاتەکەمان لە 26ی ئەیلوولدا، ئەوەی خستەڕوو کە لە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆردا پێشکەوتنی بەرچاو تۆمار کراوە. چەندین هۆکاری ئاشکرامان هەیە بۆ ئەوەی گەشبین بین”.

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باخچەلی باسی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کرد، کە ئێستا لە زیندانی ئەدرنەیە و گوتی: “زۆر باش دەزانین ئەو بەناو شارەزایانەی لە هەندێک دامەزراوەی میدیاییدا بۆچوونی داواکراو و تووند دەردەبڕن و لە هەوڵی دروستکردنی ناکۆکیی نێوان ئیمراڵی و ئەدیرنە و تێکدانی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆرن، خزمەتی کێ دەکەن. هەروەها ئەو کەسانەی بە دانانەوەی مین لە نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاشدا هەوڵی پەکخستنی هەنگاوەکانی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەدەن، قین و ناڕەحەتیی شاراوەیان دەبینین”.

 باخچەلی، دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی: “دۆسیەی بەرێز سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە رێگەی یاساییەوە گەیشتووەتە ئەنجام. ئازادکردنی بۆ تورکیا دەبێتە مایەی خێر”.

 سەرۆکی مەهەپە لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە” و رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا گوتی: “دوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز، ئێمە بەشداریکردنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە بە چەکەکانیانەوە لەگەڵ هەسەدە/یەپەگە و داواکارییەکانی ئەو پێکهاتە تیرۆریستییە بۆ پێکهێنانی فیرقەیەکی جیاواز لە کاتێکدا کە دانوستاندنەکانی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریا بەردەوامە، وەکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دەبینین.”

 سەرۆکی مەهەپە گوتیشی: “بەردەوامبوونی پەکەکە لە بوونی خۆی لە رێگەی چوونە نێو جەستەیەکی دیکەی تاوانکاری و خراپەکارییەوە، دژ بە ئامانجەکانی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر دەبێت و لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی لەگەڵیدا ناکۆک دەبێت. رووبەڕووبوونەوەی مەیدانیی ئەو مەترسییە نزیکەی کە لە دژی یەکپارچەیی سیاسی و خاکی تورکیا و سووریا دروست دەبێت، هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی وردی بۆ بکرێت، وەکو پێویستییەکی بەپەلە لەبەردەمماندایە.”

 باخچەلی، رەتیکردەوە هیچ ناکۆکییەک لەسەر پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا هەبێت و گوتی: ” لەبارەی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر، هیچ جۆرە ناکۆکییەکی بۆچوون و کێشەیەکی سیاسی لە ئارادا نییە. ئەگەر کێشەکان وەکو لێزمە بن، ئێمە هەین و لێرەین. ئێمە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و هاوپەیمانیی جمهورین.” گوتیشی: “هەوڵی هەندێک لایەنی ناوبانگ لێدراو بۆ تێکدانی ئامانجی ‘تورکیای بێ تیرۆر’ و هەوڵیان بۆ ورووژاندنی فیتنە، لای ئێمە هیچ حوکمێکی نییە.”

Share

پوستێن ھەمان بەش