نوعمان کورتولموش: هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان لە بەرنامەی ئێمەدا نییە

سەرۆکی پارلمانی تورکیا: ئەگەر پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ڕێکبکەون، دەکرێ کۆمیسیۆن سەردانی ئیمرالی بکات”.
نوعمان کورتولموش ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ڕێککەوتنێک پێکبێت، دەکرێ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام بدرێت و گوتی “لە بەرنامەی ئێمەدا نە دیداری ئۆجەلان لە پەرلەمان و نە لەگەڵ سەرکردایەتی فراکسیۆنی پارتی دەم نییە”.
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆشکی ئەتاتورکی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ بەرپرسانی میدیاکان کۆبووەوە.
کورتوڵموش، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە دۆخی ئێستا سەبارەت بە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی نیشتمانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وتی:
“مەسەلەی ناردنی شاندێک بۆ ئیمرالی لە ماوەی ڕابردوودا وروژێنراوە، ئەمە پراکتیکێکی چاوەروانکراوە لە چوارچێوەی یاسایی ئێستای تورکیادا، ئەگەر پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو پرسە ڕێکبکەون، دەتوانرێت کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لە چوارچێوەی یاسادا ئەنجام بدرێت. ئیمرالی دامەزراوەیەکی سزا و لەسێدارەدانە، ئەندامانی پەرلەمان پێشتر لەوێ کۆبوونەتەوە، ئەمە دۆخێکی نائاسایی نییە؛ بەشێکی سروشتی سیستەمی یاساییە”.
ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە کورتوڵموش کرد: “ئایا دەکرێت ئۆجەلان سەردانی پەرلەمان یان فراکسیۆنی پارتی دەم بکات؟ لە وەڵامدا وتی: نەخێر ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە بەرنامەی ئێمەدا نییە، بابەتێکی لەو شێوەیە نە لە بەرنامەی پەرلەمان و نە لە بەرنامەی کۆمسیۆندا نییە”.
“قەڵسبوونی هەندێک لایەن بە زمانی کوردی، ڕامانێکی هەڵەیە”
کورتوڵموش وتی، “دەوڵەت کێشەی لەگەڵ گەلی کورد نییە؛ ئێمە هەموومان هاووڵاتی یەکسان و ئازادین، سروشتیترین مافی مرۆڤە کە کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن، زمانی دایک وەک شیری دایک حەڵاڵە؛ بەڵام جیاکاری لەسەر بنەمای زمانی دایک قەدەغەیە، زمانی فەرمیی تورکیا، تورکییە، بەڵام هەموو کولتوورێک دەتوانێت بە ئازادی خۆی بپارێزێت. دێڕێک لە ئاخاوتنەکەی من بە زمانی کوردی لەسەر ماڵپەڕی پارلمان بڵاو کرایەوە، هەندێک لایەن کە لە بڵاوکردنەوە بە زمانەکانی ئینگلیسی، فەرانسەیی و ئاڵمانی قەڵس نابن، ڕامانێکی هەڵەیە کە بە زمانی کوردی قەڵس بن”.