لە شاری ڕەققا شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا ڕوویدا

میدیای سووریا: “شەڕڤانانی هەسەدە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای سووریا لە بیابانی مەدان”.
ئەمڕۆ میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققا، شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەکانی سوپای سووریادا ڕوویداوە.
میدیاکانی سووریا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە شەڕڤانانی هەسەدە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای سووریا لە بیابانی مەدان.
باس لەوەش کراوە کە دوای ئەوەی هەسەدە هەندێک بنکەی سوپای سووریای کردۆتە ئامانج، تۆپخانەکانی سوپای سووریا وەڵامیان داوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی حکومەتی کاتی سووریا، شەڕڤانانی هەسەدە لە 29ی ئۆکتۆبەردا بە مووشەک هێرشیان کردبووە سەر بنکەیەکی سوپای سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و لەو هێرشەدا دوو چەکداری سووری کوژرابوون چەکدارێکی دیکەش بە سەختی بریندار ببوو.
موحەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری سووریا لە ڕێکەوتی 7/11/2025دا ڕایگەیاندبوو کە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە دیمەشق، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستی گشتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
شایانی باسە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) تا ئێستا وەڵامی ئەم ئیدیعایانەی میدیاکانی سوریایان نەداوەتەوە.