نووری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق گەیشتە هەولێر

لە ڕێکەوتی 17/11/2025دا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی شاندێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان.
بڕیارە مالیکی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە. هیشام روکابی، راوێژکاری نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە میدیاکانی باشووری کوردستانی راگەیاندووە کە “ئامانج لە سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا باس لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، کۆمار و سەرۆکوەزیران بکرێت.”
رۆژی پێنجشەممەش بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی نووری مالیکی بۆ هەرێمی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی، “رۆژی شەممە دەگاتە هەولێر.”
شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند. چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەیشی دا. یەکەم، بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران. دووەم، بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەیشدا وەک هێزی یەکەمی باشووری کوردستان مایەوە و زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگ و27 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.