هێرشی توندی میدیای یەنەکە بۆ سەر مەزڵووم عەبدی: شۆڕشگێڕی کۆن، بازرگانی نوێ

جگە لە سیاسەتمەدارانی تورکیا، هەندێک کەس و لایەنیش لە نێو کوردەکاندا هەبوون کە بە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ دهۆک قەڵس بوون.
میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)، بە توندی هێرش دەکەنە سەر مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لەبەر ئەوەی کە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS2025) بۆ پێشکەشکردنی وتارێک سەردانی “دهۆک”ی باشووری کوردستان کردبوو. ئەوان لەو وێنەیەی کە لەگەڵ بابەتەکەیاندا بڵاویان کردۆتەوە، دوو ڕەسمی جیاوازی فەرماندەی هەسەدەیان داناوە و سەردێڕی “شۆڕشگێڕی کۆن، بازرگانی نوێ”یان بۆ بەکارهێناوە.
کۆڕبەندی MEPS2025 کە لە 18ی ئەم مانگە لە دهۆک بەڕێوەچوو، میوانداریی ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتیی دیاری نێودەوڵەتی کرد. بەڵام گرنگترین لایەنی کۆنفرانسەکە پەیامی یەکگرتوویی کورد بوو. کوردانی چوارپارچەی کوردستان و جیهان بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە پەیامی یەکگرتوویی مەسرور بارزانی و مەزڵووم عەبدی کرد.
هەندێک گرووپ هەبوون کە دژ بەو یەکگرتوویی و یەکڕیزییە بوون و ناڕەزایەتییان بۆ بەشداریکردنەکەی مەزڵووم عەبدی دەربڕی. جگە لە ناڕەزایەتیی سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی تورک، هەندێک کەس و لایەنیش لە نێو کوردەکاندا هەبوون کە پیی قەڵس بوون. یەکێک لەوانە میدیای یەنەکە بوو.
یەنەکە لە مێژە پرسی ڕۆژئاڤا و بەتایبەتی فەرماندەی گشتیی هەسەدەی وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەی گرنگ بە تایبەت لە کەرکووک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە هەوڵی ئەوە بدات کە کاریگەری نەرێنی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەسەر ڕای گشتی بۆ کەمترین ئاست دابەزێنێت. پروپاگاندەکەی یەنەکە گەیشتە ئاستێک کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییانەی پارلمانی عێراقدا وێنەی مەزڵووم عەبدی و بافڵ تاڵەبانییان پێکەوە لە زۆر شوێن هەڵواسیبوو. پەکەکەش سیاسەتێکی هاوتەریبی یەنەکەی پەیڕەو کرد و وێکڕا هەوڵیاندەدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان “پەدەکە”، وەک “دوژمنی ڕۆژئاڤا” نیشان بدات.
باسکردنی مەزڵووم عەبدی لە کۆنفرانسەکەی مێپسدا بۆ ئەو هاوکارییەی لە باشوورەوە وەریگرتووە و بەتایبەتی سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆک بارزانی، هەڵمەتی پڕوپاگەندەی پەکەکە و یەنەکەی تێکشکاند. لە کاتێکدا میدیا فەرمییەکانی یەنەکە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدییان بۆ دهۆک وەک ڕووداوێکی ئاسایی نیشان دەدا، میدیا نافەرمیەکانی یەکێتی ڕاستەوخۆ مەزڵووم عەبدییان کردە ئامانج. میللەت میدیا سەرکردایەتی ئەم هەڵمەتەی کرد. میللەت وێنەی مەزڵووم عەبدیی بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆیدا بڵاوکردەوە و لەسەریان نووسیبووی “شۆڕشگێڕ” و لەسەر وێنەی مەزڵووم عەبدیش بەو جلوبەرگانەی کە لە کۆڕبەندی مێپس لەبەری کردبوو، نووسیبوویان “بازرگان”. ئەکاونتەکانی تری سۆشیال میدیای سەر بە یەکێتیش هەواڵێکی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە. دوای ئەوەی کە خەڵک کاردانەوە و ناڕەزایەتییان پیشاندا، هەندێک ئەکاونت وێنەکانیان سڕییەوە.
بەهەمان شێوە بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “ئەم کۆبوونەوەیە بێمانا بوو و هیچ سوودێکی بۆ کورد نەبوو”، واتە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ دهۆک بە بێمانا دەزانێت.
جگە لەوەش، لەو ڕۆژەی مەزڵووم عەبدی لە دهۆک بوو، میدیاکانی یەکێتی بە بڵاوکردنەوەی سەرنجی وەک “مامەڵەی پەدەکە لەهەمەبر ڕۆژئاڤا هەڵەیە؛ ئەوان سنووریان داخست؛ ئەوە ئێمە بووین کە بەڕاستی هاوکار و پاڵپشتی ڕۆژئاڤا بووین، ڕەخنەیان لە مەزڵووم عەبدی گرت.
بۆچی یەنەکە لە MEPS2025دا بەشدار نەبوو؟
یەکێک لەو بابەتانەی لە میدیاکان باسی لێوەکرا ئەوە بوو کە بۆچی یەنەکە بەشداری کۆڕبەندی مێپس نەبوو. چەندین گرووپ ڕایانگەیاند کە گۆیا یەنەکە بانگهێشت نەکراوە. بەڵام کۆمیتەی ئامادەکاری مێپس، ئاڤا، بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ میدیاکان نارد و ڕوونیکردەوە کە قوباد تاڵەبانی بە فەرمی بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە بەڵام “بەهۆی پابەندبوونی بە کارەوە نەیتوانیوە ئامادەبێت”.
سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە کە بافڵ تاڵەبانی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس (MEPS2025)دا لەگەڵ بەشێک لە هێزە شیعەکان لە عێراق کۆبوونەوەی هەبووە و ویستوویەتی کە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، پشتی بگرن.
ئەو وێنە ئەسڵیەکەی کە لە “میللەت میدیا”ی یەنەکەدا بڵاوکراوەتەوە.
