پەکەکە ناسنامەی 2 ئەندامی کۆسەی خۆی ئاشکرا کرد کە 9 ساڵ لەوەپێش گیانیان لەدەستداوە

بە هەزاران لاوی کورد هەن کە بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکراوە.
پەکەکە ناسنامەی 2 بەرپرسی باڵای خۆی ئاشکرا کرد کە 9 ساڵ لەوەپێش لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی دووشەممە 24/11/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 2 فەرماندەی باڵای حیزبەکەی بە ناوەکانی “سابری تەندوورەک” و “ماسیرۆ خابوور” ئاشکرا کرد کە لە دوو هێرشی جیاوازدا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوکەی هەپەگە، ئەو دوو فەرماندەیە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە بوون.
هەپەگە ئاشکرای ردووە کە “سابری تەندوورەک” لە ڕێکەوتی 18ی گوڵانی 2016دا و “ماسیرۆ خابوور”یش لە ڕێکەوتی 27ی گوڵانی 2020دا لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 2 فەرماندەیەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ ماسیرۆ خابوور (بەردخان ئابۆ)، خەڵکی جۆلەمێرگە لە باکووری کوردستان، ناوی دایکی نەریمان و ناوی باوکی خالید.
2ـ سابری تەندوورەک (فەتیح شارلتان)، خەڵکی وان لە باکووری کوردستان، ناوی دایکی جەمشیدە و ناوی باوکی عادڵ.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەماڵەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.