ئەنەکەسە داوا لە دیمەشق دەکات هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی لێدوانی ڕقاوییەوە هەبێت

ئەنەکەسە داوا لە دیمەشق دەکات هەڵوێستێکی ڕوونی لەبارەی لێدوانی ڕقاوییەوە هەبێت

ئەنەکەسە: “قبووڵکردنی داوای شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە بۆ دیالۆگ لەسەر ئایندەی سووریا و مافەکانی میللەتی کورد، ڕێگە لەسەرجەم بانگەوازەکانی فیتنە دەگرێت”.

ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) داوای لە ئیدارەی ئینتقالی دیمەشق کرد کە هەڵوێستی ڕوونی لە بارەی لیدوانی ڕقاوییەوە بگرێتە بەر و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کارانە زیاتر سووریا دابەش دەکەن.

ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ وتارە هاندانی ئەو گردبوونەوانە دەکات کە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا داوای کردووە و دەڵێت: “ئەم کۆبوونەوانە و پلاتفۆرمەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و بەئامانجگرتنی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بەکارهێنران”.

هەروەها ENKS ڕایگەیاندووە کە “بەرزبوونەوەی زمانی هەڕەشەکردن و دنەدان لەم کۆبوونەوانەدا، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئەم کارانە زیاتر سووریا بەرەو دابەشبوون دەبەن”.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە سزای ئەو دەنگانە بدرێت کە پشتیوانی لە ڕق و کینە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن و داوای لە ئیدارەی ئینتقالی دیمەشق کرد هەڵوێستی ڕوونی لەسەر ئەو گوتار و لیدوانانە هەبێت و ڕەتیان بکاتەوە.

ئەنەکەسە دەستنیشانیشی کردووە کە “ڕێگای ئارامی بە دانپێدانان بە سووریایەکی فرە نەتەوە و فرە ئایین و فرە پێکهاتە دەستپێدەکات و دەبێت دەستوورەکەی مافەی هەموولایەک و لەناویاندا نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سووریادا گەرەنتی بکات”.

ئەنەکەسە هەروەها دەڵێ: “قبووڵکردنی داوای شاندی هاوبەشی کورد لەلایەن ئیدارەی دیمەشقەوە بۆ دیالۆگ لەسەر ئایندەی سووریا و مافەکانی میللەتی کورد، ڕێگە لەسەرجەم بانگەوازەکانی فیتنە دەگرێت”.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە پابەندە بە کارکردن بۆ سووریایەکی لامەرکەزی و دیموکراتیک و فرەلایەن.

Share

پوستێن ھەمان بەش