سەرۆک بارزانی پێشانگای کتێبی لە زاخۆ کردەوە

سەرۆک بارزانی پێشانگای کتێبی لە زاخۆ کردەوە

لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 20 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب پیشاندەدرێن و 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 10 وڵاتی جیاوازە بەشداریی تێدا دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە زاخۆ بە ناونیشانی “زاخۆ دەخوێنێتەوە” کردەوە و بەشەکانی پێشانگەکەی بەسەر کردەوە.

هەر لە پێشانگەکەدا سەرۆک بارزانی، دڵخۆشیی خۆی بەکردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی زاخۆ دەربڕی و ڕایگەیاند “سوپاسی خودا دەكەم بۆ ئەم ڕۆژە خۆشانە، دوێنێ لە جزیرە و ئەمڕۆ لە زاخۆ. ئینشائەڵا خوا هەر خێر و خۆشی بدات، هەر كەیف بدات و ئەم پێشانگایەی نێودەوڵەتیی كتێب كە ئەمڕۆ لە زاخۆ كراوەتەوە جێی دڵخۆشییەكی مەزنە”.

سەرۆک بارزانی زاخۆی بە شاری هونەر و کەلتوور و کوردایەتی وەسف کرد و ڕایگەیاند “زاخۆ جێی هونەر و كەلتوور و مێرانی و كوردایەتی و پێشمەرگایەتییە و، زاخۆ زاخۆیە”.

سەرۆک بارزانی، دەستخۆشی هەبوو بۆ کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی زاخۆ و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ زاخۆ خواست.

لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی ستایشی زاخۆییەکانی کرد و ڕایگەیاند “جارێك من گوتمە زاخۆ رۆحی منە، جارێكی تر گوتم ئێوە دڵی منن، ئێوە نەك هەر رۆحی منن، ئێوە دڵ و روحی منن”

ئەمە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەڕێوەدەچێت. لە دوای هەولێر و سلێمانی، زاخۆ دەبێتە سێیەم شار لە هەرێمی کوردستان کە میوانداری پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کتێب دەکات.

لە پێشانگاکەدا زیاتر لە 20 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب پیشاندەدرێن و 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 10 وڵاتی جیاوازە بەشداریی تێدا دەکەن.

پێشانگاکە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام دەبێت؛ ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە تا 06:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت و چالاکی جۆراوجۆر تێیدا بەڕێوەدەچن.

Share

پوستێن ھەمان بەش