پەکەکە دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناسنامەی قوربانیانی شاراوەی ساڵی 2020 کرد

پەکەکە: “ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد”!.
ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە پەکەکە لە ساڵی 2020دا لە ناوچەکانی باشووری کوردستان بەکوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی شەممە 29/11/2025، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کرد کە لە مانگی گوڵانی 2020دا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و خواکورک لە باشووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
1ـ جەلال عەلی، خەڵکی ئاگری لە باکووری کوردستان.
2ـ زەینەب قوتبەدین، خەڵکی مووش لە باکووری کوردستان.
3ـ سوهەیلا جانگیز، خەڵکی سێرت لە باکووری کوردستان.
4ـ ئیحسان فەتاح، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.
5ـ جەلیل عەبدولموحەممەد، خەڵکی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پەکەکە لە وەسفی ئەو پۆلە گەریلایشدا دەڵێت ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان فیدای ئاپۆ کرد و ئەرکی خۆیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد!.
لەکتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەماڵەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.
بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.