جەنگیز چاندار: سەرۆک بارزانی یەکڕیزیی نەتەوەیی کوردی پاراست

چاندار: ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە دیداری مێپس لە دهۆک، نیشانەی ڕوونی گرنگیی ئەو دیدارە و ڕەنگدانەوەی خواستی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد بوو.
جەنگیز چاندار، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM Party)، دیدگای خۆی سەبارەت بە گرێدراویی و کاریگەریی دوو کۆنفرانسی گرنگی ناوچەکە خستەڕوو و جەختی کردەوە، پەیامەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆحی یەکڕیزیی نەتەوەییان زیندوو کردووەتەوە و سەلماندوویانە، کورد کارەکتەرێکی سەرەکی و بزوێنەری ئاشتییە لە ناوچەکەدا.
پەیوەندیی نێوان مێپس و کۆنفرانسی ئیستانبوڵ
جەنگیز چاندار لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی “کوردستان 24″ی باشووری کوردستان، تیشکی خستە سەر کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، ناوبراو ئەم کۆنفرانسەی بە درێژەپێدەر و تەواوکەری دیداری مێپس (MEPS) لە قەڵەم دا کە پێشتر لە شاری دهۆک ساز کرابوو، بە بڕوای چاندار، ئەو زنجیرە کۆنفرانسە هەوڵێکی جددی و کاریگەرن بۆ دارشتنەوەی نەخشەی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دیداری دهۆک.. سەکۆی کۆکردنەوەی جەمسەرەکان
چاندار کە خۆی یەکێک بووە لە بەشداربووانی دیداری مێپس لە دهۆک، ئەو ڕووداوەی بە وێستگەیەکی نێودەوڵەتیی زۆر کاریگەر وەسف کرد کە تێیدا کەسایەتییە باڵا و بڕیاربەدەستەکانی ناوچەکە کۆبوونەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، پشتیوانیی لە بۆچوونەکەی مەسرور بارزانی کردووە کاتێک جەختی لەوە کردووەتەوە کە دیداری مێپس تەنیا شوێنێک نییە بۆ قسەکردن، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کردارەکی.
بە بۆچوونی چاندار، ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی وەک مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە دهۆک، نیشانەی ڕوونی گرنگیی ئەو دیدارە بوو و ڕەنگدانەوەی خواستی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد بوو، ئەوەش دەریدەخات کورد خاوەنی ڕۆڵێکی کاریگەرە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پاراستنی یەکڕیزی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ڕوونی کردەوە، کۆنفرانسەکەی ئیستانبوڵ هەمان ئەو ڕێچکەیەی گرتووەتەبەر کە لە دهۆکەوە دەستی پێ کردبوو، چاندار بە بایەخەوە باسی لە پەیامی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کرد لەو کۆنفرانسەدا و ڕایگەیاند: ئەو پەیامانە بوونە هەوێنی زیندووکردنەوەی یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد.
دەرەنجامی هەردوو کۆنفرانسەکە، وەک چاندار ئاماژەی پێ دەدات، گەیشتنە بەو باوەڕەی، کورد خاوەنی سەنگ و قورسایی تایبەتی خۆیەتی و هیچ پرۆسەیەکی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ بەشداریی کارای کورد وەک کارەکتەرێکی بەهێز و سەرەکی، سەرکەوتوو نابێت.