پەکەکە هەر ڕۆژ گیانلەدەستدانی پۆلێک لە لاوانی کورد ئاشکرا دەکات

پەکەکە هەر ڕۆژ گیانلەدەستدانی پۆلێک لە لاوانی کورد ئاشکرا دەکات

هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.

ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کورد ئاشکرا بوو کە پەکەکە لە ساڵی 2018دا لە چیای گارە بە کوشتنی داون و هەتا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیانی لە بنەماڵەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە. دوانیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون.

هەپەگە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، ڕۆژی دووشەممە، 15/12/2025، ناسنامەی 5 گەریلای دیکەی خۆی ئاشکرا کرد کە لە مانگەکانی ئادار و تەباخی ساڵی 2018، واتە زیاتر لە 7 ساڵ لەوەپێش لە چیای گارەی باشووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

پەکەکە وەک زۆرێک لە هەڤاڵەکانی دیکەیان، هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەم 5 گەریلایەشی بۆ ماوەی زیاتر 7 ساڵ لە ڕای گشتی و بنەماڵەکانیان شاردبۆوە.

هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گەریلایەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:

1ـ سونگول یەشار، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان.

2ـ حاجی فکرەت، خەڵکی ئامەد لە باکووری کوردستان.

3ـ عوسمان عەبدولڕەحمان، خەڵکی کەرکووک لە باشووری کوردستان.

4ـ سەیفۆک موحسین، خەڵکی شنگال لە باشووری کوردستان.

5ـ بەلاڤ سەعدوڵڵا، خەڵکی جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان.

پەکەکە لە وەسفی ئەم 5 گەریلایەدا نووسیویەتی ئەوان میلیتانی ئاپۆ بوون و خۆیان بە فیدای ڕێبەرێتی کردووە!.

لەکاتێکدا کە پاش دەسپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە، خەڵک چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان دەکەن، بەڵام حزبەکەی ئۆجەلان ڕۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لاوی کورد بڵاو دەکاتەوە کە لە ساڵان و مانگەکانی ڕابردوودا بە کوشتنی داون و بە بنەمالەکانیان دەڵێت ئەوان چەندین ساڵە کە لە ژیاندا نەماون.

بەپێی زانیارییەکان پێگەی “دارکا مازی” هێشتا بە هەزاران لاوی کورد هەن کە لە ڕابردوودا بەهۆی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەو حیزبە تا ئێستا ناسنامەکەیانی ئاشکرا نەکردوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش