شەهیدانی ڕۆبۆسکی پێمان دەڵێن “بە هۆشمەندییەکی نەتەوەییەوە هاوکارییەکانمان ئەنجام بدەین”

بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی نوێ بکەین، پێویستمان بە تەبایی، هاوکاری، هاوپەیمانی نەتەوەیی، پێویستمان بە وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی دادپەروەر و ئازاد هەیە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK):
شەهیدانی ڕۆبۆسکی پێمان دەڵێن ‘بە هۆشمەندییەکی نەتەوەییەوە هاوکارییەکانمان پێکبهێنین”.
لە 14 ساڵەی کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکیدا، شەهیدانی ڕۆبۆسکی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە دەوڵەتی تورک ئەنجامی داوە و تا ئێستاش وەک “دۆسیەی مەجهوول” ماوەتەوە، تەماشا دەکەن.
دەوڵەتی تورکیا هەم ئەنجامدەری ئەم کۆمەڵکوژییەیە و هەمیش قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییە بە تاوانبار دەزانێت.
شەهیدانی ڕۆبۆسکی و ویژدانی مرۆڤایەتی بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەوە دەکەن کە جیهان هێشتا لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییەدا کەڕ و کوێرانە مامەڵە دەکات.
بەڵێ شەهیدانی ڕۆبۆسکی سەیری ئێمە، ئەوانەی کە دەڵێن “کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی لەبیر ناکەین”، دەکەن.
شەهیدانی رۆبۆسکی گوێ لە قسەکانی ئێمە دەگرن کە دەڵێین: “شێخ سەعید و سەید ڕەزا و قازی محەممەد و مەلا مستەفا بارزانی و هەڵەبجە و ئەنفال لەبیر ناکەین”.
شەهیدانی رۆبۆسکی سەیری ئێمە، ئەوانەی کە دەڵێن “شەهیدەکانمان لەبیرناکەین”، بەڵام هێشتا ڕۆژانە دەیان کەس شەهید دەبن، دەکەن.
شەهیدانی رۆبۆسکی چاویان لەو کەسانەیە کە بە من منی خۆیان، بە دابەشبوون و ناتەبایی خۆیان، دەبنە هۆی ئەوەی ڕێگای ئازادی دژوارتر و درێژتر بێت.
شەهیدانی رۆبۆسکی چاویان لەو کەسانەیە کە بە من منی خۆیان، بە دابەشبوون و ناتەبایی خۆیان، بەرهەمی هەموو قوربانیدان و شەهادەت و بەرخۆدانی گەلەکەمان لاواز دەکەن.
ئەوانەی کە بۆ ئەوەی یەکێتی نەتەوەیی، هەڵوێستی نەتەوەیی، وشیاری و هۆشمەندی نەتەوەیی پێکنەیەت و کامڵ نەبێت، هەرچێکیان لەدەست بێت درێغیی ناکەن؛ بەڵێ شەهیدانی رۆبۆسکی چاویان لێدەکەن.
باشە، شەهیدانی رۆبۆسکی چییان لە ئێمە دەوێت، چاوەڕوانی چیمان لێدەکەن؟
شەهیدانی رۆبۆسکی پێمان دەڵێن: ئەوانەی دەتوانن لەناو حیزبێکدا یەکبگرن، با یەکبگرن؛ ئەوانەی ناتوانن یەکبگرن، با هاوکاری بکەن و هاوپەیمانی دروست بکەن؛ ئەوانەی ناتوانن هاوکاری بکەن، با لە دانوستان و دیالۆگدا بن؛ ئەوانەی تەنانەت ناتوانن گفتوگۆ ئەنجام بدەن، با دوژمنایەتی یەکتر نەکەن.
شەهیدانی رۆبۆسکی چاوەڕوانی حیزبێکی بەهێز، جەماوەری، نەتەوەیی و دیموکراتیکن لە باکووری کوردستان؛ چاوەڕێی هاوپەیمانییەکی ستراتژیکی نەتەوەیی و دیموکراتیکی بەهێزن؛ چاوەڕێی ئەوەن کە هاوکارییەکی فراوان لەسەر داواکارییە بەپەلەی گەلی کورد دابمەزرێت و لە ڕێگەی ئەم هاوکارییەوە هەموو لایەنە کوردییەکان ببنە تەرەف و موخاتەبی دەوڵەتی تورکیا.
شەهیدانی رۆبۆسکی لە باشووری کوردستان چاوەڕێن بە یەکڕیزی گەلەکەمان، حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و نەتەوەیی و نیشتمانی دابمەرزێت و ئەم حکومەتەش بتوانێت یەکگرتنی دەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش و ئابووری و دیپلۆماسی و بەڕێوەبەریی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت و دەستکەوتە فیدراڵیەکان بپارێزێت و پەرەی پێبدات و بە یەکگرتوویی لەگەڵ بەغدا و هەموو دەوڵەتەکان مامەڵە بکات، و ببێتە موخاتەب.
شەهیدانی رۆبۆسکی لە ڕۆژئاوای کوردستان چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفرانسی قامیشلۆن کە لە 26ی نیسانی 2025 بەڕێوەچوو و شاندی نوێنەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنفرانسەکە وەک نوێنەری گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، ببنە موخاتەبی ئیدارەی دیمەشق و هەموو دەوڵەتانی جیهان.
شەهیدانی رۆبۆسکی دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست، کۆمەڵێک دەرفەتی گەورە بۆ خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕەخسێت، بۆ ئەوەی بە باشی سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین و دەستکەوتەکان بۆ گەلەکەمان بەدەست بهێنین، پێویستە هێزە نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هاوکاری و هاوپەیمانییە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانیان جێبەجێ بکەن.
بەڵێ، شەهیدانی رۆبۆسکی و هەموو شەهیدەکانمان دەڵێن، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە دروستکردنی هاوکاری و هاوپەیمانی لەسەر بنەمای هۆشیاریی نەتەوەیی، دیموکراتیک لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە؛ لە نێوان هێزەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرادا، تۆڕ و میکانیزمێک هەیە کە دەتوانێت هەماهەنگی و هاوئاهەنگی و دیالۆگ و ئاڵوگۆڕ و پشتیوانی یەکتر و هاوکاری و ڕاوێژی ناوخۆیی و دەربڕینی هاوبەشی بیرۆکە و هەڵوێستی هاوبەش دابمەزرێنێت.
ئێمە باوەڕمان وایە و هیوادارین کە کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی و ئەنجامدەران و بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕۆژێک بدرێنە دادگا و قەساس بکرێن.
بەڵێ کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیمان لەبیر نەکردووە کە لە شەوی 28/12/2011دا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا و قەدیش لەبیری ناکەین.
ئێمە ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین.
بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی نوێ بکەین، پێویستمان بە تەبایی، هاوکاری، هاوپەیمانی نەتەوەیی، پێویستمان بە وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی دادپەروەر و ئازاد هەیە.
بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی رۆبۆسکی و هەموو شەهیدەکانی گەلەکەمان دەکەین، ڕۆحیان شاد بێت، جێگایان بەهەشت بێت.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئەوروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی جیهان دەکەین کە هەنگاوی پێویست بۆ قەساس و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بنێن کە لەم کۆمەڵکوژییەدا بەرپرسیارن.
28/12/2025
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)