هەسەدە دواخستنی کۆبوونەوەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی ڕاگەیاند

هەسەدە دواخستنی کۆبوونەوەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی ڕاگەیاند

هەسەدە هۆکاری دواخستنەکەی بۆ ئامادەکاریی لۆجستی و تەکنیکی گەڕاندووەتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دواخستنی سەردانێکی فەرمی بۆ دیمەشق ڕاگەیاند.

بڕیار بوو سەردانەکە ڕۆژی یەکشەممە 29ی کانوونی یەکەم، لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شاندێکی دانوستانکارەوە ئەنجام بدرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە هۆکاری دواخستنەکەی بۆ ئامادەکاریی لۆجستی و تەکنیکی گەڕاندووەتەوە. هەروەها ڕایگەیاند وادەیەکی نوێ بۆ سەردانەکە لە داهاتوودا بە ڕەزامەندیی هەردوولا دیاری دەکرێت.

 لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، دواخستنی سەردانەکە هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر ڕێڕەوی پەیوەندییەکان و ئامانجە دیاریکراوەکان دروست ناکات، گفتوگۆکان تایبەتن بە ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار.

دواخستنی ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، دانوستانەکان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق بەردەوامن. ئەم دانوستانانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025 بەڕێوەدەچن، ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە واژۆ کراوە.

 ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەک: ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە.

جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، هەردوولا یەکتری بە خاو کارکردن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.

لەم دواییانەدا حکوومەتی دیمەشق بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی نووسراوی پێشکەش بە هەسەدە کردووە، پێشنیازەکە باس لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا دەکات. چاوەڕوان دەکرا لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازە و وردەکارییەکانی تری ڕێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری کرابوو.

Share

پوستێن ھەمان بەش