پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق

سەرۆک بارزانی سێ پێشنیاز بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دەخاتەڕوو

ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی، پەیامێکی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە.

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت “هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت، ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.”

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.

میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە  ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.

مسعود بارزانی

29ی كانوونی یەكەمی 2025

Share

پوستێن ھەمان بەش