لە کرماشان دوو برای بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارە ئێرانییەکان کوژران

هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هێشتا تەرمی ئەو دوو برایەی ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردۆتەوە.
ڕەسووڵ کدیوەریان، منداڵی تەمەن 17 ساڵەی کورد لەگەڵ برا گەورەکەی خۆی ڕەزا کدیوەریان تەمەن 20 ساڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری کرماشان دژ بە ڕیژیمی ئێران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست دا.
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە نیوەشەویی یەکشەممە 4/1/2026، ڕەزا کدیوەریان، تەمەن 20 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی “دیپین” لە کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە گەڕەکی جافراوای ئەم شارە ڕۆشتبووە کۆما، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی لە دەست دا.
هەروەها نیوەشەوی شەممە 3/1/2026، ڕەسووڵ کدیوەریان، مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵان و برای بچووکی ڕەزا کدیوریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئێرانییەکان دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دوو برا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی لە شەقامی ئەرتەشی گەڕەکی جافراوای شاری کرماشان، کەوتنە بەر ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ئەم تەقە کردنانەدا، ڕەسووڵ کدیوەریان، مێرمنداڵی 17 ساڵە، دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و ڕەزا کدیوریان بە سەختی بریندار بوو کە پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان، لە نیوەشەوی ڕۆژی دواتری گیانی خۆی لە دەست دا.
هەنگاو ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران هێشتا تەرمی ئەو دوو برایەی ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردۆتەوە.