حەلەب: هێرشی چەکدارانی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان بەردەوامە

حەلەب: هێرشی چەکدارانی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان بەردەوامە

ئاسایشی ناوخۆ: ژمارەی قوربانیانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بۆ 65 کەس بەرزبووەتەوە، بەردەوامبوونی ئەم ڕێبازە شەڕانگێزانەیە بێ وەڵام نابێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026،لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوەندیی ڕاگەیاندنی ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاند؛ بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ڕووبەڕووی هێرش و تۆپبارانی سیستماتیک و گەمارۆیەکی خنکێنەر بوونەتەوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، تا ئێستا 8 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و 57 کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە شەودا هێرشەکانیان چڕتر کردووەتەوە و بە ئەنقەست ناوچە نیشتەجێبووەکانیان بە تانک، موشەک و درۆن کردووەتە ئامانج، ئەوەش بە مەبەستی تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی قوربانی لە کاتێکدا دانیشتوان لە ماڵەکانیاندا بوون.

هێزەکانی ئاسایش دووپاتیان کردەوە کە سەرجەم هەوڵەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە و هێزە بیانییە هاوپەیمانەکانیان بۆ پێشڕەوی لە میحوەرەکانی (کاستێلۆ) تێکشکێنراون. دوای شکستی سەربازییان، هێزەکانی سەر بە دیمەشق پەنایان بردووەتە بەر سیاسەتی “سزای بەکۆمەڵ” لە ڕێگەی بڕینی تەواوەتی کارەبا لەسەر هەردوو گەڕەکەکە. هەروەها ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان، لەگەڵ توندکردنەوەی گەمارۆ و کۆکردنەوەی هەزاران چەکدار لە دەوروبەری ناوچەکە.

بەیاننامەکەی ئاسایش جەخت دەکاتەوە ئەوەی لە گەڕەکەکانی حەلەب دەگوزەرێت “هەڵمەتێکی سیستماتیکی خوێناوییە” کە ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و برسیکردن وەک چەکێک بۆ ژێردەستەکردنی هاووڵاتیان بەکاردەهێنێت. ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتنی 1ـی نیسان هەژمار دەکرێت.

ئاسایشی حەلەب، لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، بەرپرسیارەتی ئەم تاوانانە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی خستە ئەستۆی حکوومەتی دیمەشق و میلیشیا لایەنگرەکانی و هۆشداریشی دا کە بەردەوامبوونی ئەم ڕێبازە شەڕانگێزانەیە بێ وەڵام نابێت و ئەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.

Share

پوستێن ھەمان بەش