هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هێرشێکی هێزە چەکدارەکانی لە گردی کاستێلۆ تێکشکاند

ئاسایشی ناوخۆ: تانکێکی چەتەکانی سەر بە حکومەتی سووریامان، لە دەوروبەری گەڕەکی بەنی زەید لە شاری حەلەب تێکشکاندووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب سەر بە (هەسەدە)، ڕایانگەیاندووە، توانیویانە هەوڵێکی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق گردی کاستێلۆ پووچەڵ بکەنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب سەر بە (هەسەدە)، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی یەکەمین هەوڵی دزەکردنی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر گردی کاستێلۆ
ئاماژەشی داوە، هێرشەکە کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەکارهێنانی تانک ئەنجامدراوە. ئاسایشی حەلەب ئاشکرای کردووە، هێزەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ناچار بە هەڵاتن کراون، تەرمی کوژراوەکانیشیان لە دوای خۆیان لە ناوچەکە جێهێشتووە.
باسی لەوەش کردووە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گەڕەکە ئارامەکان بە بەکارهێنانی تۆپ و تانک. بۆردومانەکان ناوچەکانی لێرامۆن، شێحان، سریان و دەوروبەریانی گرتووەتەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕاشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا، تا ئێستا دوو هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون.
هەروەها باسی لەوەش کردوو، سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی تانکێکی چەتەکانی سەر بە حکومەتی لە سووریا، لە دەوروبەری گەڕەکی بەنی زەید لە شاری حەلەب.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم چالاکییەی هێزەکانی ئاسایش وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە چەتەکان دەیکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود، ئەشرەفییە و بەنی زەید.