بەڕێوەبەریی خۆسەر: هەسەدە لە شێخ مەقسوود نییە.. حکوومەتی کاتی دیالۆگ ڕەتدەکاتەوە

بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا: هەڕەشەکانی حکوومەتی کاتی بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب مەترسیدارن.
بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەڕەشەکانی حکومەتی کاتیی سووریا دەربڕی بۆ سەر هەردوو گەڕەکی “شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە” لە شاری حەلەب، کە وەک ئامانجی سەربازی ناساندوونی. بەڕێوەبەریی خۆسەر جەختی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لەو گەڕەکانەدا نین و ئەو ناوچانە تەنیا شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنییەکانن کە زۆربەیان کوردن و ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی عەفرینیان تێدایە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە حکومەتی کاتی تا ئێستا بژاردەی دیالۆگ ڕەت دەکاتەوە و سوورە لەسەر زمانی هەڕەشە و جەنگ، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری و دوورکەوتنەوە لە هەر چارەسەرێکی سیاسی. بەڕیوەبەریی خۆسەر داوای لە حکومەتی کاتی کرد بەرپرسیارێتییەکانی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ زمانی گفتوگۆ وەک تەنیا ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، تاوەکو یەکپارچەیی و داهاتووی سووریا نەکەوێتە مەترسییەوە.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب بۆ چەندین ساڵە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2025 و ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، گرژیی توند لە نێوان حکومەتی نوێی کاتی و لایەنە کوردییەکان لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە دروست بووە. ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانە لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی نوێ لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریادا دوای نەمانی دەسەڵاتی مەرکەزی.