سەرۆک بارزانی: شەڕ و توندوتیژیی ئێستای حەلەب جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە

سەرۆک بارزانی: شەڕ و توندوتیژیی ئێستای حەلەب جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە

سەرۆک بارزانی: “داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و پاكتاوی رەگەزی”.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە، جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتییانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی لە دژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە بارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەبی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

 بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.

 بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.

 داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگەگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد رووبدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.

 مەسعود بارزانی

7ی کانوونی دووەمی 2026

Share

پوستێن ھەمان بەش