پێکدادانەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود؛ هەڵە، مەترسی و دەرفەتەکان…
دوو پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیمرالی و قەندیل و دەوڵەتی تورک، بوونە هۆی ئەوە کە لە ڕۆژئاڤا هەڵەی گەورە ڕووبدات. چونکە ئەم پرۆسانە پێشوەختە لەلایەن تورکیاوە ڕێکخرابوون بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا ببەن. شەڕ و پێکدادان لە ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون و هەم کورد لەو دوو گەڕەکە و هەم خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرخۆدانێکی هاوشێوەی ئەو بەرخۆدانەی کۆبانێیان ئەنجامدا. لە کاتێکدا کە ئەم دێڕانە دەنووسرێن، ئیدارەی ڕۆژاڤا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام ئاماژەی بە ڕێککەوتنی 1ی نیسان کرد و بە مەرج قبووڵیان کرد. ئایا ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت یان نا، تا ئێستا نازانرێت. بەڵام ئەوەی لە حەلەب دەگوزەرێت، شتێک نییە بە یەک هەنگاو بەسەریدا باز بدرێت. حەلەب لە شوێنێکی زۆر گرنگدا هەڵکەوتووە. جێهێشتنی حەلەب بە واتای جێهێشتنی تەواوی کەناری ڕۆژئاوای فورات و پاشان دێرەزۆر و ڕەققا دێت و سەنگرەکانی پێشەوە لەدەست دەچن.. جگە لەوەش حەلەب گەورەترین شاری سووریایە. کۆنترۆڵکردنی دوو گەڕەکی گرنگی ئەم شارە، کە ژمارەی زیاتر لە 400 هەزار کوردی تێدا دەژین و کارگەی گرنگی قوماشی تێدایە، بۆ کورد زۆر گرنگ بوو. بێگومان کورد ئێستا بە کشانەوە هەموو شتێک لەدەست نادات، بەڵام دەیتوانی خۆی لە لەدەستدانی هەموو شتێک بەدوور بگرێت. هێشتا مەلەفی سوریا دانەخراوە؛ زۆر باسی دیکە سەرهەڵدەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا پرسیاری بۆ کردن هەیە و وەڵامی هەیە کە بیداتەوە و بڕیاریشی هەیە کە بیدات. بۆ کورد سەرناکەوێت؟ سێ ساڵ لەمەوبەر هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاڤا لە لایەن وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە بە قارەمان وەسف دەکران، ئەو ژنانەی کە جیهانیان ڕزگار کرد بە فریشتەی ئازادی هەژمار دەکران. لەو سەردەمەدا جۆلانی تیرۆریستێکی سەلەفی توندڕەو بوو. دوای سێ ساڵ، چۆن دەکرێت ئەم تیرۆریستە ئێستا هێرش بکاتە سەر ئەو سوپا و ژن و پیاوانەی کە جیهانیان لە چنگی تیرۆر ڕزگار کرد؟ لە هەمان ڕۆژدا ئەو میوانداری شاندێکی ئەوروپی دەکات و تەنانەت پارە (هاوکاری) وەردەگرێت. چی گۆڕاوە؟ بۆچی کورد نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە؟ بێگومان لە دنیادا سیستەمێکی دژە کورد هەیە و سەری هەموو گۆشەکانیش داپۆشراون. ئەو سیستەمەی کە لەلایەن هەندێک دەوڵەت و لۆبی ڕۆژئاواییەوە بەڕێوەدەبرێت، نایهەوێت کورد ببێتە دەسەڵاتێکی ئابووری و سیاسی و ئەمە لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێت. دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزمیش بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەن. بەڵام ئەمە تەنها لایەنێکی چیرۆکەکەیە. لە ساڵی 2012 بەملاوە لە ڕۆژئاڤا زنجیرەیەک هەڵەی سیستماتیک ڕوودەدەن. کاریگەریی پەکەکە لەسەر ڕۆژئاڤا… بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانیی تەواو لە بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا دەکەین و پێویستە هەموو کوردێک ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ڕۆژئاڤا بیکات. بەڵام وەک چۆن ناتوانین هەموو شتێک بە پاک و بێ تاوان ببینین، مافی ڕەخنەشمان هەیە. بۆیە دەبێت بە ڕوونی بگوترێ: لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە، پەکەکە زیانی بەرچاوی بە ڕۆژئاڤا گەیاندووە. کاتێک ئێمە ئەمە دەڵێین، ئەوان یەکسەر دەڵێن: “ئەگەر پەکەکە نەبووایە، ڕۆژئاڤاش دروست نەدەبوو”. بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەکەی ڕاستە؛ ئەگەر ڕۆژئاڤا نەبووایە، پەکەکە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە دۆخێکی زۆر خراپتردا دەبوو. لە ساڵی 2012 بەملاوە، سەرجەم ئابووریی پەکەکە، بارگرانی کادیرەکانی، پشت جیبهەکەی، هەوڵە تەبلیغییەکانی ـ هەموو شتێکی لە ڕێگەی ڕۆژئاڤاوە کراوە. لە ئەوروپا و ئەمریکاش شوێنێکی بۆ خۆی دۆزیەوە. بەڵێ پەکەکە کادیری نارد بۆ ڕۆژئاڤا، سیستەمێکی دروستکرد، بەڵام دواتر بۆخۆی سواری ملی ئەو سیستەمە بوو و ڕیگای نەدا کە ڕۆژئاڤا ناسنامەیەکی ڕۆژئاڤایی بۆخۆی بەدەست بهێنێت. ئیرادەی کادیرەکانی ڕۆژئاڤای بە بارمتە گرت. بۆ نموونە، نەبوونی داخوازییەکانی کوردایەتی لە ڕۆژئاڤا، هۆکارەکەی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی پەکەیە. ئەوان “داواکاریی کورد و کوردستان”یان نەکرد. بەڵکوو لەباتی ئەوە، وشەکانی دیموکراسی، ئازادی، مافی ژنان و هتد…یان بەکارهێنا و گەیشتنە ئەو ئاستەی کە هەرکەسێک ناوی ڕۆژئاڤای بەکارهێنابا، خەریک بوو بە خیانەتکار دابنرێت. ئەوان ناوی ڕۆژئاڤایان گۆڕی بۆ “باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا”. هەرچەندە چەمکی تەواو ڕەوا وەک فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزم هەبوو، بەڵام سیستەمێکیان داهێنا بە ناوی “کانتۆن” بۆ ئەوەی کەس تێنەگات کە ئەوان چییان دەوێت. ڕۆژئاڤا بوو بە ناوەندی هێرشەکان دژ بە کورد و گۆڕا بۆ ناوەندێکی دوژمنایەتی دژ بە کورد. ڕۆژئاڤا لە ناو بێدەسەڵاتیدا مایەوە. بۆچی؟ ئەمەش بەهۆی نەبوونی دووربینی یان هەڵە نەبووە؛ بەڵکوو ئەمانە هەڵبژاردنی هۆشیارانە بوون، ئەوە بوو کە ئۆجەلان دەیکرد. ئۆجەلان و دیسانەوە ئۆجەلان… کاتێک کە پرۆسەکە لە سووریا لە ساڵی 2012 دەستیپێکرد، ئۆجەلان جارێکی دیکە بە پرۆسەیەکی ئاشتییەوە دەرکەوت و دەستوەردانی لە پرۆسەی ڕۆژئاڤادا کرد. هانی ڕۆژئاڤای دا تا خۆی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دوور بخاتەوە. ئۆجەلان لە ساڵی 2012دا سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وتی، “ئێمە یاریی بۆ ئیسرائیل ناکەین کە “دەوڵەتێکی بچووکی کوردییە”، ئێمە سیستەمێکی ماف و ئازادیەکان بنیات دەنێین”. بە واتایەکی تر ئۆجەلان دەیویست ڕۆژئاڤا لە سیستەمەکەدا بهێڵێتەوە، جا تورکیا بێت یان ئەسەد و هەرواشی لێهات. تورکیا سوودێکی زۆری لەو دۆخە بینی. عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانیی داگیرکرد و چەتە بەکرێگیراوەکانی لەوێ جێگیر کرد و بەرەیەکی پشتەوەی دروستکرد و خاکی بەدەستهێنا. دیسان ئۆجەلان ڕێک لەو کاتەدا کە ڕژێمی ئەسەد خەریکی داڕمان بوو، دەرکەوتەوە و ڕێگریی لە ڕۆژئاڤا کرد. هەرچەندە دەگوترا کە ڕێککەوتن یان پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا دەبێت، بەڵام ڕۆژئاڤا شەش مانگی یەکەمی دوای ڕووخانی ئەسەد دۆڕا. جۆلانی ڕێبازێکی پراگماتیکی گرتەبەر، بەڵێنی بە هەموو لایەک دا، هەڵوێستێکی کاریگەری نیشان دا و سیاسەتی هێنایە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. لە هەمان کاتدا خەڵکی ڕۆژئاڤا لە شەقامەکاندا ڕێپێوانیان دەکرد و دروشمی “سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتی و ئازادی بۆ ئۆجەلان”یان دەگوتەوە. ئۆجەلان لە کۆبوونەوەیەکی مانگی نیساندا سەبارەت بە ڕۆژئاڤا وتی، “ئەوان بوونەتە حەشدی شەعبی ئیسرائیل”، واتە ساڵێکە دەستی کوردی لە ڕۆژئاڤا بەستۆتەوە و ڕێگا نادات هێزەکانی ڕۆژئاڤا پەیوەندی لەگەڵ کەسدا دروست بکەن. دوو پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیمرالی و قەندیل و دەوڵەتی تورک، بوونە هۆی ئەوە کە لە ڕۆژئاڤا هەڵەی گەورە ڕووبدات. چونکە ئەم پرۆسانە پێشوەختە لەلایەن تورکیاوە ڕێکخرابوون بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا ببەن. ئایا بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا دەتوانێت ئەمە ببینێت؟ ئایا هێزی ئەوەیان هەیە کە ئەم یارییە بشکێنن؟ ئێمە نازانین. چونکە ئەمە ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو دیاریی دەکات. بەریوەبەریی ڕۆژئاڤا بە ڕەتکردنەوەی مانۆپۆلکردنیان لەلایەن ئۆجەلانەوە، دەبێت چارەنووسی خۆیان لە دەستی ئۆجەلان دەربهێنن، تەنانەت ئەگەر بە تەواوی ڕەتیشی نەکەنەوە، دەبێت تەنها وەک سەرکردەیەکی ڕەمزی قبووڵی بکەن. پێویستییەکی دیکەش ئەوەیە کە دەبێ کورد لە ڕۆژئاڤا لە دەستووری بنەڕەتیدا وەک کورد پێناسە بکرێت. هەر بۆیە دەبێ بە داخوازیی ڕوونی کوردستانییەوە بچنە گۆڕەپانی سیاسی، نەک بە دەستەواژە و پەیڤی خەیاڵی.