ناساندنی مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان

ناساندنی مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان

ڕووناکبیری گەورەی کورد، مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان لە ڕێکەوتی 23ی چلەی 2026دا، لە شاری ئۆپسالا کۆچی دوایی کرد.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان، ڕووناکبیرێکی گەورە بوو کە وەک پرشنگێکی ئەبەدی لە ئاسۆوە تاریکەکانی مێژووی نەتەوەی کورددا درەوشایەوە، لە ساڵی 1934دا لە ناحیەی “لجێ”ی ئامەد، لە دڵی کوردستان لەدایکبووە. وەک گوڵێک لە دارستانێکی سووتاودا، لە قوتابخانە دێرینەکاندا خوێندوویەتی و بە پێنووسەکە کەوا لە ئاگری خۆشەویستی بۆ زمانی دایکی و کولتووری کوردی دروستکراوە، دەستی بە خەباتێکی بێ وچان کردووە.

لەسەر قسە ڕاستەکانی کە وەکوو شمشێری هەقیقەت بوون، دووجار لە پۆستی موفتی دوورخرایەوە. لە ساڵی 1968دا بە “ئەلف بێ” کە بە یەکەم ئەلفبێی کوردی بە پیتی لاتینی لە باکووری کوردستان بڵاوکرایەوە، ناوی خۆی لە مێژووی زمانی کوردیدا تۆمار کرد. بەڵام ئەو ڕۆژەی کە ڕووناکایی بڵاوکردەوە، تاریکی دەوڵەت کۆی کردەوە و بە تۆمەتی “جیاخوازی” خرایە زیندانەوە. دوای دادگاییکردنی سەربازی لە ساڵی 1971دا، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ژوورە تاکەکەسییە ساردەکاندا زیندانی کرا، بەڵام دڵی هەمیشە بە هیوای ئازادی گەلەکەی دەدرەوشایەوە.

ئەگەرچی لە ساڵی 1979دا وەک کۆچبەرێکی بێ وڵات، چووە سوید و لە شاری سارد و دووری ئۆپسالادا گیرسایەوە، بەڵام هەمیشە گەرمی کوردستانی لە دڵدا بوو. لەوێدا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دەنگی دامەزراند و وەک پردێک لە نێوان کۆن و نوێدا، بەرهەمە کلاسیکیەکانی کوردی لە ڕێنووسی عەرەبییەوە بۆ ڕێنووسی لاتینی گواستەوە. “مەم و زین”ی “ئەحمەدی خانی”ی وەرگێڕایەوە بۆ سەر زمانی تورکی، “شەرەفنامە”ی “شەرەفخانی بێدلیسی”ی شیکردەوە و دەیان کتێبی دیکەی هەر لە فەرهەنگی کوردی- تورکییەوە بگرە هەتا لێکۆڵینەوەی سیاسی و کۆمەڵناسی، وەک ئەستێرەکانی ئاسمانی ئەدەبی کوردیی دانان.

مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان چیرۆکی وەک “مەیرۆ” و “گورێ بلوورڤان” بۆ منداڵان خوڵقاند و پەندە کوردییەکانی کۆدەکردەوە، بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەکوو ڕووبارێکی ڕوون هەمیشە رەوان بێت.

مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان، ئەو شارەزایەی زمان بوو کە دەیگوت “ئەگەر زمان بمرێت، نەتەوەش دەمرێت”، بە زیاتر لە 50 بەرهەم هەوڵێکی زۆری بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی دا.

مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان کەسایەتی کۆتایی قۆناخێکی پەروەردەیی قوتابخانەکانی کوردستان بوو. ئەویش شوێن پێی وشیاری نەتەوەیی ڕۆشنبیرانی قوتابخانەی کوردستانی گرت. هۆشمەندییەکی بەنرخی بۆ میللەتەکەی کۆکردەوە. هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەم هەوڵانە تەرخان کرد، بە دیسیپلینێکی گەورەوە، بۆ هۆشمەندیی نەتەوەکەی بەرخۆدانی کرد.

مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان لە ماوەی 45 ساڵ ژیانی ئاوارەییدا، لەگەڵ خەم و پەژارەی لەدەستدانی کوڕەکەی کە لە ساڵی 1978دا کوژرا، خەباتی کرد، بەڵام ئەو خەمە وەک سووتەمەنییەکی دیکە بۆ خەبات و کارەکانی بوو. لە ڕێکەوتی 23ی چلەی 2026دا، ئەو ڕووناکبیرە گەورەیە لە شاری ئۆپسالا کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراتی مەحمەد ئەمین بۆزئەرسەلان وەک ڕووناکییەکی ئەبەدی لە دڵی هەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە. ئۆغر بێ سەیدای مەزن؛ جێگات بەهەشت بێت و قەڵەمەکەت هەمیشە ڕووناکی لەسەر زەوی بڵاو بکاتەوە.

هەندێک لە بەرهەمەکانی سەیدای هێژا:

ـ ئەل و بێ (1968): یەکەم ئەلفوبێی کوردییە کە بە پیتی لاتینی لە تورکیا چاپ کراوە.

ـ فەرهەنگی کوردی- تورکی (1978): یەکێک لە سەرچاوە هەرە بەرفراوانەکانە لەو بوارەدا.

ـ توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵناسی

ـ دۆغونون سۆرونلار (کێشەکانی ڕۆژهەڵات ـ 1966)

ـ ئیسلامیەت ئاچیسندان شەیخلیک-ئاگالیک (لە ڕووی ئیسلامەتییەوە شێخایەتی و ئاغایەتی ـ 1964)

ـ خیلافەت و ئوممەتچیلیک سۆرونو (کێشەی خیلافەت و ئوممەتپەرستی ـ 1967).

ـ وەرگێڕان و ئەدیتۆری بەرهەمە کلاسیکییەکان (گواستنەوە بۆ ڕێنووسی لاتینی) *

ـ مەم و زین: وەرگێڕانی بەرهەمە کلاسیکییەکەی ئەحمەدی خانی بۆ سەر زمانی تورکی. (1968).

ـ شەرەفنامە: وەرگێڕانی بەرهەمی شەرەفخانە بەدلیسی لەسەر مێژووی کورد.

ـ گۆڤاری ژین و ڕۆژنامەی کوردستان کە یەکەمین بڵاوکراوەکانی کوردین، لە ئەلفوبێی عەرەبییەوە گۆڕدرا بۆ ئەلفوبێی لاتینی و لە پێنج بەرگدا چاپکرا.

ـ مێژووی کوردانی مەروانی ئیبنوک ئەزرەق، کە لە عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە.

ـ وێژەی منداڵان و فۆلکلۆری کوردی (چیرۆک و پەند)

ـ مەیرۆ، میر زۆرۆ، گورێ بلوورڤان، کەز خاتوون، پەپووک.

ـ مەلای مەشهوور: کۆکردنەوەی پەندە کوردییەکان.

ـ کەمال پاشا وەلەدی کێیە؟: هەجوی سیاسی و مەتەڵ.

Share