“من هیوام دەخواست کە ئۆجەلان بە کوردی قسە بکات، بەڵام وەک بولبول بە تورکی قسەی کرد”!!

"من هیوام دەخواست کە ئۆجەلان بە کوردی قسە بکات، بەڵام وەک بولبول بە تورکی قسەی کرد"!!

ڕاوێژەکە تەنیا بابەتی زمان نەبوو؛ بەڵکوو دیدگایەک بوو بۆ ئەوەی کە دادگاییکردنەکە بگۆڕێت بۆ پەیامێکی سیاسی و دڵنیابوون لەوەی ناسنامەی کورد لە دادگادا ئامادەیە و بەمشێوەیە دەگات بە هەموو جیهان.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان چ داواکارییەکی لە سیاسەتمەداری کورد دوکتور مەحموود عوسمان هەبوو؟

دوای ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999دا لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و بۆ زیندانی دوورگەی ئیمرالی لە تورکیا گواسترایەوە، قۆناغێکی نوێ لە یەکێک لە دۆسیە سیاسییە هەرە مشتومڕاوییەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد دەستیپێکرد.

لەوکاتەدا، ئۆجەلان لە ڕێگەی کەسێکەوە داوای ڕاوێژ لە دوکتور مەحموود عوسمان، کەسایەتیی سیاسی ناوداری کورد دەکات کە بە ئەزموونی بەرفراوانی لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تێگەیشتنی قووڵی لە کاروباری ناوچەیی و ناوخۆیی کوردستاندا ناسراوە.

ئۆجەلان لە دوکتور مەحموود عوسمانی پرسیبوو کە لە دادگا چۆن هەڵسوکەوت بکات و چۆن دەتوانێ دادگا لە شوێنێکەوە تەنها بۆ دادگاییکردنی یەک پیاو بگۆڕدرێت بۆ سەکۆیەک کە ڕای گشتیی تورکیا و جیهان لە ڕێگایەوە دۆزی کورد بیبیستێت.

ڕاوێژی دوکتور مەحموود عوسمان ڕوون و ڕاستەوخۆ بوو:

“هەرگیز بە زمانی تورکی قسە مەکە، داوای وەرگێڕێک بکە و پێیان بڵێ کە تورکی نازانیت، با جیهان بزانێت کە تۆ هۆکارێکت هەیە، کە تۆ بە هۆکارێکی سیاسی دادگایی دەکرێیت، نەک تەنها وەک تۆمەتباری تاوانکارییەک. دادفگا بکە بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کەیسەکەت بگەیەنیت بە جیهان.”

ڕاوێژەکە تەنیا بابەتی زمان نەبوو؛ بەڵکوو دیدگایەک بوو بۆ ئەوەی کە دادگاییکردنەکە بگۆڕێت بۆ پەیامێکی سیاسی و دڵنیابوون لەوەی ناسنامەی کورد لە دادگادا ئامادەیە و بەمشێوەیە دەگات بە هەموو جیهان.

بەڵام ئەوەی ڕوویدا جیاواز بوو.

کاتێک دادگاییکردنەکە دەستیپێکرد، دوکتور مەحموود عوسمان بە سەرنجێکی زۆرەوە بەدوای دیمەنەکەدا ڕۆیشت، بەو هیوایەوە بوو کە ئۆجەلان لە ناو قەفەزی تۆمەتباردا بە زمانی کوردی قسە بکات، بۆ ئەوەی دۆزەکەی بە زمان و ناسنامەکەی خۆیەوە بە هەموو جیهان بگەیەنێت.

د.مەحموود عوسمان دەڵێ:

“من هیوام دەخواست ئەو ببینم کە لە ناو قەفەزی تۆمەتباریدا بە کوردی قسە دەکات، بۆ ئەوەی جیهان دەنگی دۆزی کورد بە زمانی خۆی ببیستێت. بەڵام سەرم سوڕما کاتێک بینیم بە ڕەوانی بە زمانی تورکی قسە دەکات؛ ئەو لە ناو قەفەسەکەدا وەک بولبول بە تورکی قسەی دەکرد”.

ڕەنگە ئەم ڕستەیە بە تەنیا لایەنێکی پارادۆکسی دادگاییکردنی ئیمرالی بگرێتەوە: پیاوێک لە ناو قەفەزی تۆمەتباریدا، بەڵام دەنگی ئەو هەوڵدەدات کە تەنها سنووری قەفەسەکە بۆ ناو دادگاکە تێپەڕ بکات.!

سەبارەت بەو ڕستەیەی دوکتور مەحموود عوسمانیش کە دەڵێ: “وەک بولبول لەناو قەفەس”دا، وێنایەکی هەرە کورت و کاریگەری ئەو دیمەنەیە. دەنگێک لە پشت میلەکانی زیندانەوە دەنگ دەداتەوە، لە دادگاییکردنێکدا کە تەنها دادگاییکردنێکی دادوەری نەبوو، بەڵکوو هاوکات ڕووبەڕووبوونەوەیەک بوو لەسەر زمان و ناسنامە و گوتاری سیاسیش.

Share