بەپێی زانیارییەکان، پلان هەیە پەکەکە ناوچەی «گارە»، کە شوێنێکی ستراتیژی و زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بکات، و چاوەڕوان دەکرێت پلانی گارە لە وەرزی بەهاردا جێبەجێ بکرێت.
میدیای دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێزەکانی سەر بە پەکەکەی هەڵوەشاوە 14 خاڵیان لە خواکورک چۆڵ کردووە و ئەم ئەشکەوتانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە تێکدراون و لەناو براون. دەزگا میدیاییەکانی نزیک لە پەکەکەش تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەم بابەتە بڵاو نەکردووەتەوە.
بەڵام لێکۆڵینەوەکانی پێگەی «دارکا مازی» لە ناوچەکەدا ئاشکرایان کردووە کە ئەو 14 ئەشکەوتەی باسیان لێوە دەکرێت، لە خواکورک نین، بەڵکو لە ناوچەی «خنێرە»ن و ئەم ناوچانەش لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن پەکەکەوە چۆڵ کراون.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 14 ناوچە چۆڵ کران
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا سەبارەت بە چۆڵکردنی ئەم ناوچانە، بەم شێوەیە هاتووە: «لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاککردنەوەی ئەو پەناگانەی کە مەترسیی پێکدادان بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە، جگە لە چوار حەشارگەی (خەبات، یاژک، سەبری و ساسۆن) لە ناوچەی بازێی سەر بە دەڤەری مەتینا لە باکووری عێراق کە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2026دا چۆڵی کردبوون، ئێستا 14 خاڵی دیکە (گردی جگەر، شەرەف، عەلیشێر، کەندەکۆلا، پاژک، جبەخانەی باران، نەخۆشخانەی خنێرە، بەرگدرووخانە/تەرزخانە، مەزڵووم دۆغان، بەڕێوەبەرایەتیی پراکتیکی، جەبهانەلک، ئاسایشی یوسف، هێمن و جەسوور) لە ناوچەی خواکورک لە ڕێکەوتی 18ی تشرینی دووەمی 2026ـەوە چۆڵ کراون.»
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت: «ئەو تونێل و ئەشکەوتانە لەناو براون»
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورکدا هاتووە کە پاککردنەوەی ئەم ناوچانە «لەسەر بنەمای پێشهاتگەلێکە کە دەکرێت وەک نیشانەی ئیرادە بۆ تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە سەیر بکرێت». لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها دەستنیشان کراوە کە ئەم پێشهاتە «هەنگاوێکی دیکە لە ئامانجی ئەنتەگرەکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسانە نزیکمان دەکاتەوە کە بەپێی ئەو مەرجانەی لەلایەن یاسای چوارچێوەوە دیاری کراون، دەگەڕێنەوە وڵات» و سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە لیژنەی سەرپەرشتیاری یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکبوونی کۆمەڵایەتی و کۆمیتە لاوەکییەکانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم پێشهاتە دەبێتە هۆی ئەوەی «توانایەکی مرۆیی بەهێز کە پێشتر بە تەواوی بەکار نەهێنرابوو، چالاک بکرێت و سەرچاوەیەکی گەورەی ئابووری کە پێشتر لە ناوچەکانی دیکە بۆ گەشەپێدان و داهاتووی گەشی وڵاتەکەمان خەرج دەکرا، بخرێتە گەڕ».
سەرچاوە خۆجێییەکان: ئەو ناوچانەی باسیان لێوە دەکرێت لە ساڵانی 2019-2020دا لەلایەن پەکەکەوە ڕادەست کراون
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەو سەرچاوە خۆجێییانەی کە پێگەی «دارکا مازی» پەیوەندیی پێوە کردبوون، ئەم ڕاگەیەندراوەیان پشتڕاست نەکردەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە وەرمانگرتوون، سەرجەم ئەو 14 خاڵەی کە باسیان لێوە دەکرێت دەکەونە ناوچەی «خنێرە». ئەو شوێنانەی وەک نەخۆشخانە، بەرگدرووخانە، بەڕێوەبەرایەتیی پراکتیکی و جبەخانە ناویان هێنراوە، بە نزیکەیی 1 کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورن. پەکەکە پێشتر بە مۆڵەتی ئێران ئەم دامەزراوانەی وەک پشتی جبهە بەکار دەهێنا.
لەلایەکی دیکەوە، گردی جگەر، گردی شەریف و گردی عەلیشێر ناوچەی شاخاوین کە پەکەکە بە شەهید شەریف، شەهید جگەر و شەهید عەلیشێر ناویان دەبات. هەر سێ ئەم گردە ستراتیژییە لە ساڵی 2019دا و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی «بڕیاردەر» لە خواکورک، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و پەکەکە لە ناوچەکە کشابۆوە.
ئەو ناوچانەی دیکەش کە باسیان لێوە دەکرێت، وەک پاژک، باران و هێمن، لە بناری چیای شەکیفن کە لە ساڵی 2019دا لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنترۆڵ کرابوون و پەکەکە لە ساڵی 2019ـەوە لەو ناوچانە کشاوەتەوە.
واتە، ئەو ناوچانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ساڵی 2026دا «چۆڵ کراون»، لە ڕاستیدا لە نێوان ساڵانی 2019 و 2020دا چۆڵ کرابوون. جگە لەوەش، لە هاوینی 2025-2026دا، کاتێک شەڕ وەستا، ئاژەڵداران هاتنە ئەم ناوچانە و بە درێژایی هاوین لەوێ دەمانەوە.
ئەو گوندنشینانەشی کە لە هاویندا لەوێ مابوونەوە، ئاماژەیان بەوە داوە کە هیچ هێزێکی سەربازیی پەکەکە لە ناوچەکەدا نەبووە و تەنها هەندێک ئەندامی بێچەکی پەکەکە بە جلی مەدەنییەوە لە هاوینی 2026دا هاتبوون بۆ ئەوەی باج و سەرانە کۆبکەنەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە چ واتایەک دێت؟
تا ئێستا لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکەدا هیچ ڕاگەیەندراوێک لەسەر ئەم بابەتە بڵاو نەکراوەتەوە.
نیشاندانی ئەو ناوچانەی کە پێشتر چۆڵ کراون وەک ئەوەی تازە چۆڵ کرابن لەلایەن وەزارەتی بەرگریی دەولەتی تورکەوە، چەند هۆکارێکی گرنگی هەیە:
یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە «کۆمەڵگەی تورکیا قایل بکەن بەوەی پەکەکە هەنگاوی ئەرێنی ناوە»؛ چونکە لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا هێشتا نیگەرانی و دوودڵی سەبارەت بەم پرۆسەیە هەیە.
هەروەها، هەواڵەکانی ئەم دواییەی نێو میدیاکان سەبارەت بە «ڤێلایەکی مەلەوانگەدار کە بۆ ئۆجەلان دروست دەکرێت»، کاردانەوەیەکی نەرێنیی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا دروست کردووە. سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەوەی کە پەکەکە لە کاتی دیاریکراودا ناوچەکانی ڕادەست کردووە، ڕای گشتی بە پرۆسەکە ڕازی بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، واتایەکی تری ئەم ڕاگەیەندراوانە ئەوەیە کە هێزەکانی پەکەکە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدان و ناوچەکان بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەسەر ئاستی ناوچەیی ڕادەست دەکرێن.
لە تشرینی یەکەمی 2026دا، سەرچاوەکانی تورکیا ڕادەستکردنی چوار خاڵیان لە ناوچەی بازێی مەتینا ڕاگەیاند. لەو ڕووداوەدا دەرکەوت کە پەکەکە لە ساڵی 2023ـەوە ئەو تونێلانەی چۆڵ کردبوون.
لە خواکورکیش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە؛ یەکینەکانی سەر بە پەکەکە هەوڵەکانیان بۆ ڕادەستکردنی ئەو ئەشکەوت و بنکانەی کە پێشتر چۆڵ کرابوون، بە هەماهەنگی زیاد کردووە.
واتە پەکەکە ئەو کۆگای جبەخانە و تونێلە ژێرزەمینییانەی کە لە کاتی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی «چنگ» لە نێوان ساڵانی 2018 و 2024دا نەدۆزرابوونەوە، ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیایان دەکات.
بەڵام مەزەندە دەکرێت کە هەردوولا ئامانجێکی گەورەتریان هەبێت، ئەویش «گارە»یە.
ئایا ئامانجی کۆتایی، داگیرکردنی گارەیە؟
ئەو هەواڵانەی نێو میدیاکان کە دەڵێن «پەکەکە خاڵەکانی خۆی ڕادەستی سوپای تورک کردوون»، لە ڕاستیدا کوردەکان لەگەڵ دۆخەکەدا ڕادەهێنن و ئاشتیان دەکەنەوە. کاردانەوەی «بۆچی پەکەکە خاڵەکانی خۆی ڕادەستی هەرێمی کوردستان نەکرد، بەڵکو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیای کرد؟» هێدی هێدی بێدەنگەی لێدەکرێت. بەم شێوەیە ڕادەستکردنی خاڵەکان لەلایەن پەکەکەوە بە تورکیا ئاسایی دەبێتەوە؛ و «پلانی گارە»ش، کە بابەتێکە جاروبار لەلایەن سەرچاوەکانی پەکەکەوە باسی لێوە دەکرێت، ئامانجی کۆتایی نێوان هەردوو هێزەکەیە.
بەپێی زانیارییەکان، پلان هەیە پەکەکە ناوچەی «گارە»، کە شوێنێکی ستراتیژی و زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بکات، و چاوەڕوان دەکرێت پلانی گارە لە وەرزی بەهاردا جێبەجێ بکرێت.