بۆ یەکەمجار لەمێژوودا، بەشداریی پێشمەرگە لەمەراسیمی “سەربازی ون”

شاندێکی پێشمەرگە، هاوشێوەی شاندی ئەرتەشی وڵاتانی جیهان  بە فەرمی بانگهێشتن دەکرێت

بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، شاندێکی هیزی پێشمەرگەی کوردستان، لە مەراسیمی ڕێزگرتن لە “سەربازی ون” لە وڵاتی فەرەنسا بەشداریی کرد. بەشداریی پیشمەرگە ئەگەرچی تەنها بۆ مەراسیمێک بوو بەڵام شاندەکەی هێزی پێشمەرگە هاوشێوەی شاندی سوپا و ئەرتەشەکانی جیهان لە لایەن فەرەنساوە بە فەرمی بانگهێشتن کرابوو و لە ئاستی شاندی وڵاتاندا لەو مەراسیمە مرۆڤایەتییەدا بەشدار بوو.

مەراسیمی ڕێزگرتن لە “سەربازی ون” لە ساڵی 1923 بەملاوە، ساڵانە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە شاندی سوپا و ئەرتەشی وڵاتانی جیهان بەڕێوە دەچێت، گۆڕی سەربازی ون وەکوو هێمای گیانبازیی ئەو هەزاران سەربازە سەیر دەکرێت کە لە جەنگی بەرگری لە خاک و وڵاتەکەیان گیانیان لەدەستداوەو نەناسراونەتەوە.

لە مەراسیمی ئەمساڵیشدا، بەرپرسانی حکومی و دامەزراوە سەربازییەکانی فەرەنسا، بە فەرمی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشتن کردبوو.

شاندەکەی هیزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی “عەزیز وەیسی”، فەرماندەی هێزی زێرەڤانی گەیشتنە فەرەنساو لە مەراسیمی ریزگرتن و یادکردنەوەی “سەربازی ون” بەشدارییان کرد. شاندەکەی پێشمەرگە لە هەڵکردنی “مەشخەڵی ئەبەدی”دا بەشداربوون و تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی “سەربازی ون” دانا.

فەرەنسا بە یەکێک لە وڵاتانی دۆستی هەرێمی باشووری کوردستان دێتە ئەژمار، ئەوە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا، شاندێکی هێزی پێشمەرگە وەکوو شاندیکی سەربازی هاوشیوەی شاندی ئەرتەش و سوپای وڵاتان دیتە ئەژمارو لە مەراسیمێکی سەربازیی نیودەوڵەتیدا بەشدار دەبێت.

پێشمەرگە جەنگاوەرانی ئازادیی جیهانن

ئازایەتی و ناوبانگی پێشمەرگە پاش شەڕی داعش، لە دونیادا دەنگی دایەوەو لە وڵاتانی جیهاندا هێزی پێشمەرگە وەکوو سەربازو جەنگاوەرانی ئازادی ناسران. بەشێوەیەک کە سەرۆکی وڵاتان داستانەکانی پێشمەرگەیان وەکوو ئەفسانەی ئازایەتی و نەبەردی باس دەکردن و لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا ناوی پێشمەرگە بەشانازییەوە بەواتای سەرکەوتن بەسەر ستەم و تاریکیدا وەسف دەکرا.

  سەربازی ون کێیە؟

سەربازانی ون لە فەرەنسا لە 11ی نۆڤەمبەری 1920 بەملاوە لە شوێنیێک بەناوی “تاقی سەرکەوتن”دا ڕێزیان لێدەگیرێت و تاجە گوڵینەی ڕێزو وەفا لەسەر گۆڕەکەیان دادەنرێت. بینایەی “تاقی سەرکەوتن” (Arc de Triomphe) سالی 1806 لەلایەن فرانسوا ترێز شالگرینەوە دانراوەو لە ئێستادا وەکوو هێمایەک بۆ سەرجەم سەربازانی ون لە فەرانسە دادەنرێت. لە سالی 1923 بەملاوە ئاگرێک بەناوی “مەشخەلی هەتاهەتایی” بەردەوام لە بیناکەدا دەگڕیت و ڕووناکی دەکاتەوە. مەشخەڵی ئەبەدی بە غازی سروشتی کار دەکات و ڕۆژانە کاتژمێر 6:30 پاشنیوەڕۆ ئاگرەکە نوێ دەکرێتەوە غازی پێدەگەیندرێت بۆ ئەوەی گڕەکەی بەردەوام بێت.

لەسەر گۆڕی سەربازی ون بە گرانیت نووسراوە: “ئەمە ئارامگای سەربازێکی فەرەنسایە کە گیانی خۆی لە ڕێگای وڵاتەکەیدا بەخت کردووە، 1918 ـ 1914”.

لە یەکەم ساڵی جەنگی جیهانیدا، لە فەرەنسا پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیەکانی جەنگ هەبوون، لە ساڵی 1915دا دروشمێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی جەنگ لە یاسای فەرەنسادا دەرکرا.

بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی، وڵاتانی بەشداربووی شەڕەکە لەگەل ژمارەیەکی زۆر تەرمی سەرباز بەرەوڕوو بوون کە ناسنامەیان دیار نەبوون نەدەناسرانەوە. بۆیە هەریەک لە حکوومەتەکانی “بەلجیکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتالیا هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا”، ڕێکارێکان بۆ رێزگرتن لەو قوربانیانە دیاریکردو لە مەیدانی سەرەکی پایتەختەکانیاندا، شوێنێکیان بەناوی “سەربازی ون” بینا کردو ساڵانە لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەو شوێنانە کۆ دەبنەوەو رێز لە گیانبازیی ئەو سەربازانەو سەرجەم جەنگاوەرە گیانبەخت کردووەکانی وڵاتەکەیان دەگرن.

لە مێژوودا یەکەم گۆڕ کە بۆ سەربازی ون دروستکرابێت دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی 1858، کاتێک کە سەربازێکی دانیمارکی لە شەرێکدا بەناوی “سکیلسفیگ”ی یەکەمدا گیانی خۆی لەدەستدابوو و ناسنامەی دیار نەبوو و نەدەناسرایەوە. هەروەها گۆڕێکی دیکەش لە سالی 1866 بۆ سەربازێکی ونی ئەمریکایی دروستکرابوو کە لە ئەنجامی شەڕە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا گیانی لەدەستدابوو و نەدەناسرایەوە.

هەرچەند کە گۆڕی سەربازی ون لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بوونیان هەیە، بەڵام پاش جەنگی یەکەمی جیهانی وەکوو نەریتێک زیاتر پەرەی سەند بەتایبەت لە وڵاتی فەرەنسا. ئەو گۆڕەی کە لە فەرەنسا ڕێوڕەسمی ساڵانەی ڕێزگرتن لە سەربازانی ونی تێدا بەڕێوە دەچێت، وەکوو هێمای سەرجەم ئەو سەربازانە دێتە ئەژمار کە لە جەنگی یەکەمی جیهانی و لەپێناو پاراستنی خاک و سەروەریی وڵاتەکەیاندا گیانیان بەخت کردووە و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش وەکوو بەریتانیا ئەو نەریتەیان لە فەرەنسا وەرگرتووە.

پوستێن ھەمان بەش