ژنراڵ بارزانی ساڵی 1967 پێشبینی دۆخی ئێستای کوردستانی کردبوو

ژنراڵ بارزانی ساڵی 1967 پێشبینی دۆخی ئێستای کوردستانی کردبوو

وتارێکی مێژوویی ژنراڵ “مستەفا بارزانی” سەبارەت بە ئەرکی حزبی و حکومی لە کوردستان

گەڕانەوە بۆ مێژوو

لە ڕێکەوتی 17/4/1967دا کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە “کانی سماق” لە بناری گەڵاڵە ساز کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا “مستەفا بارزانی” وتارێکی پێشکەش کرد. لە بەشێکی وتارەکەیدا هاتبوو:

پێویستە ئەو کەسانەی کاروباری میللەتیان لەدەستدایە، تەنها بەرژەوەندیی گەل لەبەرچاو بگرن و بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی لەبیر بکەن.

“برایانی ئازیز، هەموو بزاڤێک لە دونیادا بە مەبەستی خزمەت کردن بە گەل سەرهەڵدەدەن، پێویستە ئەو کەسانەی کاروباری میللەتیان لەدەستدایە، تەنها بەرژەوەندیی گەل لەبەرچاو بگرن و هەرچەشنە ئەنانیەت و بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی لەبیر بکەن. هەر کارێک کە بەرژەوەندیی گەلی تێدایە ئەنجامی بدەن تەنانەت ئەگەر ئەو کارە بۆ خۆیان ناخۆش بێت. پێویستە بەدووی نەفسی خۆیان نەکەون. ئێستا لێرە پیویستە من هێندێ شتتان وەبیر بێنمەوە! وای دامەنێن کە رەخنە لە کەسێکی تایبەتی دەگرم و نابێت وایشی دابنێن کە رەخنە لەکەس ناگرم، من لەو خاڵەدا دەڵێم رەخنە لە خۆشم دەگرم ئەگەر کارێکی وا بکەم کە زیان بە شۆڕش و بە میللەت بگەیەنێت.”

“ئەو بەرپرسەی کە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان کەسێکی یان باخەڵی خۆی، یان بۆ خۆ گەورە کردن، خەبات بکات، یان گوێ بە بڕیارات نەدات، ئەو کەسە کورد نیە و خزمەتی شۆڕش ناکات.”

“پێویستە ئیوە ئەرکی خۆتان بە باشی بزانن، ئەگەر سەرجەم بەرپرسانی شۆڕش بۆ بەرژەوەندیی شۆڕش کار نەکەن و لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیاندا کەمتەرخەمی بنوێنن، ئیمە بۆخۆمان دەبینە دوژمنی خۆمان و دەبینە خزمەتکاری دوژمنانی نەتەوەکەمان، پیویستە لەوە تێبگەین کە رامانی میللەت چیە؟ رامانی رەخنە چیە؟ رامانی کوردایەتی و نەتەوەیی چیە؟ ئەو بەرپرسەی کە بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆی، دەست لە بەرژەوەندیی شۆڕش بەربدات، یان بۆ گیرفانی خۆی و بۆ پارە یان بۆ خۆگەورەکردن خەبات بکات، یان گوێ بە بڕیارات نەدات و لە چوارچێوەی سیستەم و یاسا دەربچێت، ئەو کەسە کورد نیە و خزمەتی شۆڕش ناکات.”

لە درێژەی وتارەکەیدا بارزانی گوتی:

“برایانی ئازیز رجای من لە ئێوە کوڕانی میللەت ئەوەیە، هەوڵ بدەن ڕۆژبەڕۆژ حیزبەکەتان بەهێزتر و ڕێکخراوتر بکەن وهاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەکدا بکەن، ئەگەر رێکخستنی حیزب باش بن، بڕیارەکان رێکاری باشیان بۆ بگیرێنەبەر، مانای ئەوەیە لەشکر و میللەتیش بەهێزتر و باشتر دەبن.”

“حیزب دامەزراوەی هەموو میللەتە، لەشکر و سەرجەم بەشەکانی دیکەی بەشێکن لەو نەتەوە، هیچ دەسکەوتێک بە بێ سەرکردایەتی کردن لەلایەن حیزبێکی دامەزراوەیی و ڕێکخراوەوە بەدەست نایەت. ئەگەر دەڵێم حیزب، مەبەستم حیزبێکی دلسۆزی میللەتە کە بەرژەوەندییەکانی میللەت لەبەرچاو دەگرێت، نەک وەکوو ئەوانەی کە لە “ماوەت” بوون و زوڵمیان لە میللەت دەکرد و ناوی حیزبیشیان لەخۆیان نابوو.”

“پێویستە بزانین دەبینە دوژمنی خۆمان و میللەتی خۆمان ئەگەر بێتو هەر شتێک بە غەدر و زوڵم لە میللەتی خۆمان بستێنین.”

“ئینجا ئەگەر بێتو شۆڕشەکەمان سەرکەوێت، پێویستە ئێمە ئەم حیزبەی خۆمان بەهێز بکەین، ئێمە هەموو، من یان لەشکر یان میللەت بە دڵسۆزیەوە هاوکاریی حیزبی خۆمان بکەین. نابێت کەس لە ئێمە چاوی لە سەرۆکایەتی و گەورەیی بێت. هەرکەس بتوانێت زۆرترین توانا و هیزی هەبێت و بتوانێت زۆرترین خزمەت بە میللەتی خۆی بکات، میللەت ئەو بە سەرۆکی خۆی دەزانێت. ئەو کەسەی کارێکی لەدەستدا بێت و بەرپرسی ژمارەیەک کەسی دیکە بێت، پێویستە لەو کەسانەی لە بەردەستیدا کار دەکەن زیاتر ماندوو بێت و زەحمەتی زیاتر بکێشیت. ئەگەر یەکێک لە گرووپەکەی برسی بێت، پیویستە نانەکەی خۆی پێ بدات و خۆی ئامادە بیت برسیەتی قبووڵ بکات. پێویستە گەورەکان تەحەمولیان لە بچووکەکان زیاتر بێت. ئەگەر من ناوی گەورە لەخۆم بنێم و سکی خۆم تێر بێت و ژیردەستەکانم برسی بن، من ئەوە بە شەرمێکی زۆر گەورە دەزانم. بەڵام ئەگەر من لە برسێتیدا بمرم و هەژارێک لە برسیەتی رزگار بکەم، ئەوە بۆ من شەرەفێکی گەورەیە. مرۆڤایەتی ئەوەیە کە لەزەت و خۆشیەکانی خۆت بکەیتە قوربانی بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی هەژاران بپارێزیت…”

دریژەی هەیە…

پوستێن ھەمان بەش