ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەڕوات. ئەگەر کورد بتوانێت یەکیەتی و یەکڕیزیی خۆی پتەوتر بکات و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، لەوانەیە لە داهاتوودا بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە پەیمانی “سایکس ـ بیکۆ”دا بووتە گۆڕەپانی پێکدادانی جیئۆپۆلیتیک، ئایینی، نەتەوەیی و ئابووری. هەروەک هەمووان دەزانین، دوو پرسی هەرە بنەڕەتیی ناوچەکە، پرسی کوردستان و کێشەی فەلەستینن. هەر دوو پرسەکەش لە ئەساسدا پەیوەندییان بە داخوازی مافی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆییەوە هەیە، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە شێوازی جیاواز دەبیندرێن و تەعاموڵیان لەگەڵدا دەکرێت.
کێشەی فەلەستین:
کێشەی فەلەستین لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948دا دەستی پێکرد و تا ئێستاش لە جیهانی ئیسلامیدا وەک “سیمبۆڵی خۆڕاگری” وەک چەکێک لە دژی ئیسرائیل و دوژمنایەتیکردنی جوولەکەکان بەکاردەهێنرێت! ئەم کێشەیە تەنیا بە فەلەستینییەکانەوە سنووردار نەبۆتەوە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک لە دەستی هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، ئێران و تورکیا و چەپ و دیموکراتەکانی وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوەکانی ژنان، کە لە ڕێگەیانەوە سیاسەتەکانیان دژی ئیسرائیل پەیڕەو دەکەن و بیروڕای گشتی لە قاڵب دەدەن.
بەداخەوە ئەم دۆخە بۆتە هۆی ئازار و سەختییەکی زۆر هەم بۆ فەڵەستینییەکان و هەمیش بۆ ئیسرائیلییەکان. فەلەستینییەکان لەژێر داگیرکاری و گوشاردا دەژین، ئیسرائیلییەکانیش بەردەوام لە ناو ترس و دڵەڕاوکێ و شەڕدا ژیان بەسەر دەبەن. ئەمەش لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە نادادپەروەرییەکی گەورەیە، چونکە هەردوو گەل مافی خۆیانە بە ئارامی بژین.
بەڵام لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کێشەی فەلەستین پشتیوانییەکی زۆری لێدەکرێت، بەتایبەتی دەوڵەتانی ئیسلامی و زلهێزە ڕۆژئاواییەکان کە دەیانهەوێت هاوسەنگی لە ناوچەکەدا دروست بکەن. چەپگەراکانی ئەوروپا لەم ڕووەوە بە دوو ستاندارد مامەڵە دەکەن! ئەم پشتیوانییە ئەگەرچی هەندێک جار بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیشەوە بووبێت، بەڵام بووەتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام دۆزی فەلەستین لە ڕۆژەڤی جیهانیدا بمێنێتەوە.
پرسی کورد و کوردستان:
پرسی کورد، بە شێوازێکی جیاواز، بەهۆی دابەشبوونی خاکی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)دا، پرسێکی ئاڵۆزترە. کورد، وەک نەتەوەیەکی 60 ملیۆن کەسی، لە مافی خۆبەڕێوەبەری بێبەش کراوە و لەژێر داگیرکاری و ستەمی دەوڵەتە ئیقلیمییەکاندایە.
دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێران، لە ڕێگەی سیاسەتی ئینکاری و ئاسمیلاسیۆنەوە، هەوڵی نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەدەن. ئەمە نەک هەر زوڵم و ستەمێکە لە دژی مافەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەدا.
بەڵام جیهانی شارستانی، وەک ئاشکرایە، بە گشتی لە بەرامبەر ئەم دڕندەییەدا متەقی لێوەنایەت. چاویان لە ئاست ئەو هەموو کوشتن، زیندانیکردن، دەربەدەرکردن، بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدانەدا دادەخەن کە دژ بە کورد ئەنجامدەدرێن. ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، کە پەیوەندییە ستراتژیکەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی وەک تورکیا دەپارێزن!
بۆچ پرسی کورد و کێشەی فەلەستین بە شێوازی جیاواز دەبینرێن؟
لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە کە پێویستە ڕوون بکرێتەوە:
کێشەی فەلەستین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک هێمایەکی مرۆیی و ئایینی سەیر دەکرێت! دەوڵەتە ئیسلامییەکان و بەشێک لە زلهێزە ڕۆژئاواییەکان ئەم بابەتە وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانیان بەکاردەهێنن. جگە لەوەش فەلەستینییەکان لە ناوچەیەکی خاوەن سنووردا (غەززە و کەنارەی ڕۆژئاوا)دا دەژین، ئەمەش وا دەکات پرسەکەیان لە ڕووی سیاسییەوە “ئاسانتر” بێت بۆ ئەوەی کە بەڕۆژەڤ بکرێت.
پرسی کورد بەهۆی دابەشبوونی خاکی کوردستان و هەبوونی چوار دەوڵەتی بەهێز (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا)، کە دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، لە ئاستێکی ئاڵۆزتردایە. کورد تەنیا لە دژی یەک دەوڵەت شەڕ ناکات، بەڵکو لە دژی چوار دەوڵەت شەڕ دەکات کە هەموویان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کاریگەرییان هەیە.
خاڵێکی گرنگی تر؛ هەر چوار ئەو دەوڵەتە ستەمکارە موسڵمانن و بەناوی ئیسلامەوە مامەڵە دەکەن. بۆ فەلەستین دەستەواژەی “برا موسڵمانەکان ستەمیان لێدەکرێت” بەکاردێت، بەڵام بۆ کورد ئەم دەستەواژەیە لەبیر دەکرێت. ئەمەش دووڕوویی جیهانی ئیسلامییش بۆ ئێمە دەردەخات.
جگە لەوەش پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کورد بەشێوەیەکی گشتی مەرجدارە. بۆ نموونە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی سووریا (یەپەگە/یەپەژە) دەکات، بەڵام ئەم پشتیوانییە بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان نییە، بەڵکوو لەپێناو بەرژەوەندییەکانی دەولەتانی ڕۆژئاوادایە لە ناوچەکەدا.
ئەم دووڕووییە سیاسییە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان پێکدێت. کورد سەرەڕای ئەوەی نەتەوەیەکی گەورەیە، بەڵام لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بێ دەوڵەتە و نوێنەرایەتی نییە، ئەمەش وای لێدەکات لە پێگەیەکی لاوازی هەبێت.
ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد:
بزووتنەوەی کورد، سەرەڕای پێشکەوتنەکانی لە سەدەی ڕابردوودا (وەک دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە عێراق)، هێشتا بەربەستی زۆریان لەبەردەمدایە:
پارچەبوونی خاکی کوردستان:
خاکی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە، هەموو ئەو دەوڵەتانە بەشیوەیەکی چالاکانە لە دژی یەکیەتیی و یەکڕیزی نەتەوەی کورد کار دەکەن. ئەم دابەشبوونە یەکێتی سیاسی و سەربازیی کورد لاواز دەکات. چوونکە ئەو ئەو دابەشبوون و سڤیلیزاسیۆنە کە ماوەی 100 ساڵە لە ژێر کاریگەریی دەوڵەتە جیا جیاکاندا بسەر نەتەوەی کورددا سەپێندراوە، گۆڕانکاری زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەئاراوە.
ناکۆکییە ناوخۆییەکان:
بزووتنەوەی کورد لە ناو خۆشیدا دابەش بووە. لایەنە سیاسییە جیاوازەکان (وەک پەکەکە، پەدەکە، یەنەکە و پەیەدە) ئایدۆلۆژیا و ئامانجی جیاوازیان هەیە، ئەمەش یەکڕیزییان لاواز دەکات. بۆ نموونە؛ دوژمنایەتی پەکەکە بەرامبەر بە پەدەکە، زۆرجار ڕێگریی لە هاوکارییەکی بەهێز کردووە. پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و ئامانجەکانی پەکەکە بۆ “بە تورکیایی کردن و بە عەرەبکردنی کورد” بنەمای شەراکەتێکی هاوبەش لەناو دەبات. پەکەکە بە پێی بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی کوردستان، کەڵک لە ناکۆکییەکانی نێوان پەدەکە و یەنەکە وەردەگرێت و ناکۆکی و ململانێیەکان قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکات.
بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەرچەندە هەندێک جار پشتیوانی سەربازی لە کورد دەکەن (وەک لە شەڕی دژ بە داعش)، بەڵام پشتیوانییەکی ڕوون بۆ دۆزی سەربەخۆیی کوردستان نیشان نادەن. ئەمەش بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەگەڵ تورکیادا دەگەڕێتەوە کە ئەندامی ناتۆیە.
فشارە ناوچەییەکان:
تورکیا و ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک دژی بزووتنەوەی کورد کار دەکەن. بە تایبەتی تورکیا بە هێزی سەربازی و نفووزی خۆی لە ناتۆدا، هەوڵدەدات هەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی کوردستان سەرکوت بکات.
کەمبوونی سەرچاوەی ئابووری:
هەرێمی کوردستان لە عێراق سەرەڕای هەبوونی سامانی سرووشتیی وەک نەوت، ڕووبەڕووی گرفتی ئابووری دەبێتەوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی ئەوان هەیە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا.
ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی کێشەکان:
بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدەست بهێنێت، پێویستە دوو پرسی سەرەکی (کوردستان و فەلەستین) چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەم چارەسەرانە بە هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتییەوە بەستراوەتەوە:
بۆ کێشەی فەلەستین:
چارەسەرێکی دادپەروەرانە پێویستە، کە هەم مافی فەلەستینییەکان و هەمیش مافی ئیسرائیلییەکان بپارێزێت. ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگاچارەسەری دوو ـ دەوڵەتی یانیش کۆنفیدراسیۆنێکی فیدرڵیەوە دەستەبەر بکرێت.
دەوڵەتانی ئیسلامی دەبێ واز لە بەکارهێنانی پرسی فەلەستین وەک ئامرازێکی سیاسی بهێنن و لەسەر مێزی دانوستان بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە بکەن.
پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی واقیعی ئیسرائیل ببینێت کە ماوەی 77 ساڵە لەژێر فشاری شەڕدا، توانیویەتی ژیانێکی مۆدێرن بنیات بنێت. کێشەی فەلەستین زیاتر لە پرسێکی مرۆیی، وەک چەکێک دژ بە جولەکەکان بەکاردەهێنرێت بەو ئامانجەی کە جوولەکەکان لەناو ببرێن.
بۆ پرسی کورد و کوردستان:
یەکێتی ناوخۆیی:
دەبێ نەتەوەی کورد لە ناوخۆیدا یەکیەتیی سیاسی و سەربازی دابمەزرێنێت. ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی ناوخۆیی و دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشەوە بێتەدی.
دیپلۆماسی نێودەوڵەتی:
پێویستە بزووتنەوەی کورد لە دیپلۆماسییەکی بەهێزتر کەڵک وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ). بۆ نموونە هەرێمی کوردستان لە عێراق دەتوانرێت وەک مۆدێلێک بۆ نیشاندانی خۆبەڕێوەبەرایەتی کوردی بەکاربهێنرێت.
هاوکاری لەگەڵ زلهێزە ئیقلیمییەکان:
کورد دەتوانێت لەگەڵ هەندێک لە زلهێزە ناوچەییەکان (وەک دەوڵەتە عەرەبییە میانڕەوەکان، دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو) هاوکاری بکات بۆ ئەوەی لە بەرامبەر فشارەکانی تورکیا و ئێراندا باڵانسێک دروست بکەن.
بەهێزکردنی ئابووری:
بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەدا، دەتوانێت بنەمایەکی ماددی و ئابووری بۆ سەربەخۆیی دابین بکات.
ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەرداری دووڕوویی خۆی بێت و مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد وەک مافی فەلەستینییەکان قبووڵ بکات. ئەمەش لە ڕێگای پشتگیریی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە دەکرێت.
پێویستە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، زیاتر گرنگی بە پێشێلکارییەکانی دژی کورد بدەن، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێراندا.
لە ڕوانگەی مرۆڤایەتییەوە هەم کورد و هەم فەلەستینی مافی ئەوەیان هەیە بە ئازادی و ئاشتی بژین. ئەو زوڵم و ستەمەی کە لەسەر هەردووی ئەو گەلانە دەکرێن، نەک تەنها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکوو بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. چارەسەرکردنی ئەم دوو پرسە، نەک هەر بۆ کورد و فەلەستینییەکان، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەکە و جیهانیش گرینگە.
چەند پێشنیارێکی کۆنکرێت:
بۆ کورد: دەبێ یەکگرتوویی ناوخۆیی، دیپلۆماسییەکی بەتوانا و بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژەڤی بزووتنەوەی کورددا بێت. جگە لەوەش پێویستە کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، خۆی زیاتر وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو نیشان بدات.
بۆ فەلەستینییەکان: دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانێت ڕێگا بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە خۆش بکات. پێویستە فەلەستینییەکان ئیرادەی خۆیان لە ژێردەستی هێزە ئیسلامییەکان و دەوڵەتە موسڵمانەکان دەربهێنن کە وەکوو ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن،. پێویستە فەلەستینییەکان ڕاستەوخۆ پرسەکەیان بە دانپێدانانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە ببەستنەوە، بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان ڕەوایەتیی هەبێت.
بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: پێویستە جیهانی شارستانی دەستبەرداری بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆی بێت و لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و مافەکانی مرۆڤ مامەڵە بکات.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری گەورە دەڕوات. ئەگەر کورد بتوانێت یەکیەتی و یەکڕیزیی خۆی پتەوتر بکات و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، لەوانەیە لە داهاتوودا بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات. بەڵام ئەمە بە کاری هاوبەشی کوردان و هۆشیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە.