پێگەی میری ئێزدیان لەلای پەدەکە و پەکەکە..

پێگەی میری ئێزدیان لەلای پەدەکە و پەکەکە..

میری ئێزدیان تەنیا کارەکتەرێک نییە، بەڵکو هێمایەکی ئێزدییەکانە و سوکایەتی پێکردنی بە سووکایەتیکردن بە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی دادەنرێت.

ئێزدییەکان یەکێکن لە پێکهاتە ئایینی و کولتوورییە ڕەسەن و دێرینەکانی کوردستان، کە لە ڕەوتی مێژوودا زۆرجار تووشی زوڵم و ستەم و قڕکردن و ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆچی زۆرەملێ هاتوون. لە ناو کۆمەڵگەی ئێزدیا، پێگەی “میری ئێزدیان” هەمیشە ڕۆڵ و پێگەیەکی سیمۆلیک و ڕێبەرایەتیی هەبووە. پێگەیەک کە نەک هەر لە ڕووی ئایینیەوە گرینگە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە، نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات. لەماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای کارەساتی شنگال و هێرشی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014، پێگەی “میری ئێزدیان” زیاتر لە میدیاکاندا کەوتە بەر دیدی خەڵک.

سەدان ساڵە “میری ئێزدیان”، بۆ گەلی ئێزدی هێمای یەکڕیزی و تەبایی بووە. لە سەردەمی عوسمانییەکان و دواتر لە عێراقی مۆدێرندا، حکومەتەکان بەگشتی لە ڕێگەی میرەوە پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدیدا دروست دەکرد.

میر لە بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و لە هەمان کاتدا پاراستنی ڕێوڕەسم و بەها ئایینیەکانی ئێزدییەکاندا، بەرپرسیار بوو. هەرچەندە ئەم پێگەیە هەمیشە لە لایەن زلهێزە دەرەکییەکانەوە سنوورداریش کراوە، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی ئێزدیی هەردەم ڕەوا و نەگۆڕ بووە و هەرگیز هیچکەس بێ حورمەتی بە میری ئێزدیان نەکردووە. بەڵام دوای ئەوەی پەکەکە هاتە ناو شنگال، هەموو شتێک گۆڕا. ئیدی هەم میر و هەم پیرۆزییەکانی ئێزدیان، واتای خۆیان لەدەستدا. پەکەکە کەشێکی وەهای لە شەنگال دروست کرد کە ئیدی تەنانەت بەشێک لە ئێزدیەکانیش نەیانتوانی کلتووری مێژوویی خۆیان پەیڕەو بکەن و توانای پاراستنی کلتوورەکەیان نەما. ئیدی پەکەکە و لایەنگرەکانی، پەلاماری هەموو شتێک و هەموو کەسێکیان دەدا. کار گەیشتە ئاستێک کە لایەنگرێکی پەکەکە لە ئەڵمانیا وەک دوژمن هێرشی کردە سەر میری ئێزدیان و سوکایەتی و قسەی ناشیرینی پێکرد.

ئەم ممەلەکردنە لە ناکاو دروست نەبوو، بەڵکوو لە دەرئەنجامی ئەو سیاسەت و بەرنامانەی پەکەکەدا خوڵقابوو، کە لە دژی هەموو پیرۆزی و سیمبۆلەکانی کورد و کوردستان بەڕێوەیان دەبات و ئامانجی ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە پیرۆزییەکانی دوور بخاتەوە و تاکە شتی پیرۆز لەلای کوردان تەنها ئەو کەسە بێت هەموو ژیانی ئخۆی بۆ خزمەتکردن بە دەوڵەتی تورک تەرخان کردووە کە ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.

پەکەکە و لایەنگرەکانی لە پەیوەندیی لەگەڵ میری ئێزدیاندا زۆرجار نیشانیان داوە کە لە جیاتی ڕێزگرتن لە مێژوو و ڕێبازی ئێزدییەکان، سیاسەتی شەرمەزاری و سووکایەتی پێکردنیان گرتۆتە بەر. ئەم ڕێبازە لە ڕاستیدا درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی لەناوبردنی شوناس و هەژموونی ئایدیۆلۆژییە. پەکەکە لەبری ئەوەی هاوکار بێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و یەکخستنی پێکهاتەی ئێزدی، هەوڵدەدات لەپێناو فراوانکردنی نفوزی خۆی لە شنگال و ڕەوەندی ئێزدیدا، سەرۆکایەتیی ڕەوا و مێژوویی ئێزدییەکان قەڵس بکات. ئەم بزووتنەوەیە جگە لە خراپ بەکارهێنانی خوێنی قوربانیانی شنگال و ئیستیغلالکردنی ئێش و ئازارەکانی گەلی ئێزدی، هیچی دیکە نییە.

بەپێچەوانەی ئەوەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، لە مێژە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی و میری ئێزدییەکاندا هەیە. میر وەک ڕێبەری نەریتیی ئێزدییەکان هەمیشە ڕۆڵ و پێگەیەکی تایبەتی لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا هەبووە و پەدەکەش ئەو پێگەیەی میری ئێزدییەکانی ناسیوە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە بزووتنەوەکان کە هەوڵی تێکدانی ئەو پێگەیەیان داوە، پەدەکە هەوڵیداوە کە “میر” وەک هێمای ڕەوایەتیی ئێزدی و یەکگرتوویی و یەکیەتیی ئێزدییەکان بپارێزێت. پەیوەندی پەدەکە لەگەڵ میر تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و هاوکاریی کۆمەڵایەتی ـ  سیاسی بووە؛ هەر لە حزووری نوێنەری ئێزدییەکان لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بگرە هەتا پاڵپشتی چالاکییەکانی میر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەم پەیوەندییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پەدەکە میری ئێزدییەکان نەک تەنها وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بەڵکو هاوکات وەک شەریکێکی مێژوویی لە پڕۆژەی نەتەوەیی کورددا دەبینێت.

میری ئێزدیان تەنیا کارەکتەرێک نییە، بەڵکو هێمایەکی ئێزدییەکانە و سوکایەتی پێکردنی بە سووکایەتیکردن بە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی دادەنرێت. هەر لایەنێکی سیاسی پیرۆزی ئەم هەڵوێستە گرنگەی ئێزدییەکان پێشێل نەکات، ڕێزی لە ڕاستیی خۆی گرتووە؛ بەڵام هەر کەسێک یان لایەنێک کە سووکایەتی بە میر بکات، بە کردەوە ڕەوایەتیی خۆی لەناو ئێزدییەکاندا لەدەست دەدات. پەکەکە ئەگەر بەڕاستی ئیدیعای ئازادی دەکات، دەبێت دەستبەرداری ئەو سیاسەتە تێکدەرانە و کۆلۆنیالیستیانە ببێت و وەک پەدەکە ڕێز لە ئیرادەی مێژوویی گەلی ئێزدی بگرێت.

پوستێن ھەمان بەش