کورد دەبێ لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و خۆپێشاندانی دیموکراتیکەوە دەنگی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرزبکاتەوە.
بووبێ ئەسەر
دوای ئەوەی کو وڵاتە شیرینەکەی ئێمە، واتە کوردستانیان دابەشکرد و هەر پارچەیەکی خرایە ژێر فەرمانی داگیرکەرانی تورک و عەرەب و فارس، بێگومان کورد لە هەولدان بۆ وەرگرتنەوەی مافە رەواکانی خۆیدا لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەدا بێدەنگ نەبوو. سەرهەڵدان و بەرخۆدانی کورد لە هەر چوار پارچەی داگیرکراودا هیچکات ڕانەوەستا.
لەو خەبات و بەرخۆدانانەدا کارەسات و چەرمەسەری گەورەیان بەسەر کورداندا هێنا. وڵات چۆڵ کرا، بە هەزاران کورد کوژران و بە ملیۆنان کورد لە زێدی خۆیان دەرکران. ئەنفال و بۆردومانی کیمیاوی لە هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەچوون. بە واتایەکی تر ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ئەوی کورد لەم جیهانە لەناوبببەن، کردیان و داگیرکەران ئەوی بۆیان کرا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەسەر نەتەوەکەمانیاندا هێنا.
سەرەڕای ئەو هەموو قڕکردن و کاولکاری و ئاوارەیی و دەربەدەرییە، بەڵام نەتەوەی کورد و بەتایبەتی بزاڤی بارزانیەکان، دەستیان لە خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان هەڵنەگرت.
کورد لە ڕێگەی خەبات و خۆڕاگری زیاتر لە سەد ساڵەی بارزانییەکان لە باشووری کوردستان مافی ڕەوای ئوتۆنۆمی و پاشان بە فیدراڵیزمی بۆ خۆی دەستەبەر کرد. بارزانیەکان دوای بەدەستهێنانی ئەو مافانە، بەرە بەرە و بە هەڵگرتنی هەنگاوی بنەڕەتی، چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی ناوخۆییدا، کاریان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ کرد و لەو پێناوەدا تێکۆشان و خەباتیان کرد و هەنووکەش لە کار و خەبات بەردەوامن.
لە ئەنجامی ئەو خەبات و تێکۆشان و هەوڵانە لە پێناو کوردستانێکی سەربەخۆدا، ڕێزدار مەسعوود بارزانی، وەک سەرۆکی گەلی کورد، بڕیاریدا ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجام بدرێت.
بێگومان ڕێزدار مەسعوود بارزانی دەیزانی ئەم بڕیارە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ڕیسکی زۆر گەورە دەبێت. جەنابی دەیزانی هەموو داگیرکەرانی دوژمنی گەلی کورد لە بەرامبەر بڕیارێکی وەهادا بێدەنگ نابن و بێدەنگیش نەبوون.
جەنابی مەسعوود بارزانی دەیزانی کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا لەبەرانبەر ئەم بڕیارە زۆر دەنگی ناڕەزایی بەرز دەبنەوە. بەڵام کاک مەسعوود بارزانی لە بەرامبەر ئەو هەموو ئاستەنگ و ناکۆکی و ململانێیانەی کە هەبوون، بڕیاریدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گەلەکەی ئەنجام بدات و ویستی بزانێت گەلەکەی لەسەر بڕیارێکی لەو شێوەیە چی دەڵێ؟
بێگومان گەلی کوردستانیش قسە و بڕیاری سەرۆکەکەیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەپێناو کوردستانێکی سەربەخۆدا جێبەجێ کرد. لەسەدا 94ی دەنگەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان گوتیان بەڵێ ئێمە کوردستانی سەربەخۆی خۆمانمان دەوێت.
کورد بەو دەنگە ئازادانە کلیلی دەرگای سەربەخۆیی کوردستانی دا بە دەستی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی کە هەرکات ڕۆژی خۆی هات، بەو کلیلەی کە گەلەکەی پێی بەخشیوە دەرگای کوردستانێکی سەربەخۆ بکاتەوە.
ئەو ڕۆژە زۆر نزیکە. بۆیە کورد بۆ بەهێزکردنی خۆیان و خاوەندارێتی کردن لە مافەکانی خۆیان، هەموو ساڵێک لە 25ی ئەیلولدا بە دەنگی بەرز و بە ئاشکرا هاوار دەکات و دەڵێت: “سەربەخۆیی مافی کوردانە”. ئەم هاوارە هەشت ساڵە کە لە شەقامەکانی ئەوروپادا دەنگ دەداتەوە. ئەم دەنگە دەگاتە گوێی بەرپرسانی دەوڵەتە گەورەکان بۆ ئەوەی ڕۆژێک ئەوانیش بڵێن: “ئەو مافە، مافی ئێوەیە، تکایە با سەرۆکتان ڕێزدار مەسعود بارزانی، بەو کلیلەی کە گەلەکەی پێی داوە، دەرگای سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە”.
هیچ نەتەوەیەک بەبێ بڕیاری دەوڵەتە گەورەکان ناتوانێت سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت، بۆیە کورد دەبێ لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و خۆپێشاندانی دیموکراتیکەوە دەنگی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرزبکاتەوە و ئەو دەنگە لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە ببیسترێت کە دەیانەوێت بڕیاری گەلان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆیان بگەیەنن. بۆیە زەروورە و پێویستە هەتا ئەوکاتەی کە ئێمە مافی سەربەخۆیی کوردستان دەستەبەر دەکەین، دەبێ هەموو ساڵێک لە ڕۆژی بڕیاری ڕیفراندۆمدا، دەنگی خۆمان بگەیەنینە ئەو دەوڵەتانەی کە بڕیار لەسەر سەربەخۆیی نەتەوەتەکان دەدەن.
سەیر بکەن، ئەو ڕۆژە لە هەموو کاتێک نزیکترە. بۆئەوەی ڕێزدار سەرۆک بارزانییش هەستێت و بەو کلیلەی بەدەستیەوەیەتی دەرگای سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە، پێویستە هەموو کوردانی جیهان پشتیوانی و پشتیگیری لە سەرۆک بارزانی بکەن تا بە ئاسانی بتوانێت ئەو دەرگایە بکاتەوە کە سەدان ساڵە کورد چاوەڕێی کردنەوەی دەکات. با کورد پێکەوە هاوار بکەن و بڵێن:
بژی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان
بژی ڕیفراندۆم بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ
بژی کورد و کوردستان