میکانیزمەکانی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەرامبەر حکوومەتی عێراقدا!

میکانیزمەکانی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەرامبەر حکوومەتی عێراقدا!

بە درێژایی مێژوو عێراق زۆرجار ئەو بەڵێنانەی پێشێل کردوون کە بە نەتەوەی کوردی داون و ئەگەر کورد بە وریاییەوە هەڵسوکەوت نەکات ئەم ڕێککەوتنەش دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ لاوازکردنی کوردستان.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق کە لە 23ی ئەیلولی 2025 واژۆ کرا، بە هەنگاوێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا دێتەئەژمار. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە، بەتایبەتی لە بواری ڕادەستکردنی سەرچاوە و داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیی گەورە لەسەر سەروەری و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد دروست دەکات.

لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتی عێراق کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە ڕەگەزپەرستی و پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد هەیە، پێویستە ستراتژییەکی ڕوون و بەهێز پەیڕەو بکرێت.

لەم نووسینەدا تیشک دەخەمە سەر چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە نوێیەدا.

1ـ پاراستنی سەروەریی ئابووری

ئەم ڕێککەوتنە نوێیە کە هەرێمی کوردستان ناچار دەکات بە ڕادەستکردنی ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق) و ڕادەستکردنی 100%ی سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکان وەک گومرگ و فڕۆکەخانە و هاتووچۆ بە حکومەتی عێراق، بە ڕوونی سەروەری ئابووریی هەرێمی کوردستان تێکدەدات. من میکانیزمەکە وەک هەنگاوێک بۆ لاوازکردنی حکوومەتی فیدراڵی کوردستان دەبینم. بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد، پێویستە:

ـ سیستەمی بەدواداچوونی داهات:

پێویستە هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوونی داهاتی نەوت و داهاتەکانی دیکە دابنێت. ئەم میکانیزمە دڵنیای دەدات لەوەی پارەی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی دەستوور دابەش دەکرێت! لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق لەکاتێکدا کە مافی کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوتی کوردستان بە خۆی دەدات، کەچی ئەو مافە بە هەرێمی کوردستان نادات کەوا داهاتەکانی عێراق کۆنترۆڵ بکات. بەبێ کۆنتڕۆڵی سەربەخۆ، مەترسی ئەوە هەیە کە عێراق دووبارە بودجەی کوردستان ببڕێت یان کەمی بکاتەوە.

ـ دابەشکردنی دادپەروەرانەی بوودجە:

پێویستە بڕگەیەکی ڕوون لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت کە عێراق پابەند بکات کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە (کە بە پێی دەستوور %17)ـە لە کاتی خۆیدا بەڕێ بکات. لەڕابردوودا عێراق زۆرجار بوودجەی وەکوو چەکێک لەدژی کوردستان بەکارهێناوە و نابێت ئەمە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە.

ـ پشتگیری نێودەوڵەتی:

هەرێمی کوردستان دەتوانێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و وڵاتانی هاوپەیمانان بەهێزتر بکات بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر عێراق تا پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان. ئەم کۆمپانیایانە کە هەر بەرمیلێک 16 دۆلار وەردەگرن، دەتوانن هاوکار بن بۆ ئەوەی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە.

2ـ پێشمەرگە و هێزی سەربازی

شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەریخست کە هێزی پێشمەرگە بڕبڕەی پشتی بەرگری لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە. بەڵام عێراق لە سەردەمی شەڕدا چەک و بوودجەی پێشمەرگەی بڕی، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی هێزیی سەربازی کورد سەیر دەکرێت. بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد پێویستە:

ـ بودجەیەکی تایبەت بۆ پێشمەرگە:

پێویستە بڕگەیەکی ڕوون لە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراقدا هەبێت کە بوودجەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک هێزێکی فەرمی و دەستووری، گەرەنتی بکرێت. ئەمەش دەتوانێ ڕێگری لە بڕینی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بکات.

ـ بەهێزکردنی هێزی سەربازی:

پێویستە هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی وڵاتانی هاوپەیمان (وەک ئەمریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان)، چەکی هاوچەرخ بەدەستبهێنێت و ڕاهێنانی سەربازیی پێشمەرگە بەهێزتر بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە هێز و توانای کوردستان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی یان دەرەکی، زیاتر بکات.

ـ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم:

ناوچەکانی ژێر ماددەی 140، وەک شنگال و دەشتی نەینەوا و کەرکووک، پێویستە لە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقدا بن، بەڵام پێویستە ڕۆڵی پێشمەرگە لە حوکمڕانی و ئاسایشدا مسۆگەر بکرێت بۆ ئەوەی عێراق ئەو ناوچانە داگیر نەکاتەوە و دیموگرافییەکەیان نەگۆڕێت.

3ـ بەکارهێنانی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی

مێژوو دەریدەخات کە عێراق زۆرجار ئەو بەڵێنانەی پێشێل کردوون کە بە گەلی کوردستانی داون. بۆ نموونە وەک جێبەجێنەکردنی ڕیفراندۆمی ماددەی 140. بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد:

ـ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:

پێویستە هەرێمی کوردستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشیان کردووە. ئەم پەیوەندیانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی کە عێراق لە ژێر فشارە نێودەوڵەتییەکاندا بمێنێتەوە.

ـ دادگا نێودەوڵەتییەکان:

هەرێمی کوردستان دەتوانێ لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی عێراق، وەک بڕینی بوودجە، بڕینی مووچەی پێشمەرگە و کارمەندانی کوردستان، یان پشتگوێخستنی ماددەی 140، لەلای دادگا نیودەوڵەتییەکان سکاڵا تۆمار بکات. بۆ نموونە ئەو ڕێککەوتنە نەوتییەی کە عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیدا ڕێگری لێکرد، نیشانی دەدات دیپلۆماسی یاسایی دەتوانێ کاریگەریی بەرچاوی هەبێت.

ـ ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان:

هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای ئەوە بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چاودێرێک لە نێوان عێراق و کوردستاندا ڕۆڵی هەبێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنە دەستوورییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن.

4ـ بەهێزکردنی یەکێتی ناوخۆیی

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا، نەبوونی یەکڕیزی ناوخۆییە. بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد پێویستە:

ـ یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان:

پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ڕێکبکەون و بە یەک دەنگ لەهەمبەر عێراقدا ڕاوەستن. نەبوونی یەکڕیزی ڕێگە بە عێراق دەدات کوردستان لاواز بکات.

ـ هۆشیاری کۆمەڵایەتی:

پێویستە گەلی کورد ئاگادار بکرێتەوە لە مافە دەستوورییەکانی خۆی و مەترسییەکانی ئەو ڕێککەوتنانەی کە سەروەرییە ئابووری و سیاسییەکانی کوردستان تێکدەدەن. دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆڵێکی گەورە لەم بوارەدا بگێڕن.

5ـ ستراتیژی درێژخایەن:

ـ سەربەخۆیی ئابووری:

ڕێککەوتنی ئەم دواییە دەریدەخات کە عێراق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرجەم سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات. بۆ ئەوەی ئەم هەوڵانە لە درێژخایەندا نەبێتە هۆی لاوازکردنی کوردستان، پێویستە:

ـ فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات:

پێویستە هەرێمی کوردستان کار لەسەر سەرچاوەی بەدیل بۆ داهات بکات، وەک سێکتەرەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵی و پیشەسازی. بەم شێوەیە بەستراوەییبوون بە نەوت کەم دەبێتەوە.

ـ وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی:

هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی پتەوتر بکات بۆ ئوەی ئابووری خۆی بەهێز بکات و خۆی لە فشارەکانی عێراق دەرباز بکات.

ـ پەرەپێدانی ژێرخانەکان:

بۆ پەرەپێدان بە ژێرخانی کوردستان (وەک ڕێگاوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان) لە داهاتی ناوخۆ کەڵک وەربگیرێت بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد لە ڕووی ئاستی ژیانەوە بەهێزتر بێت.

ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەرچەندە وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان سەیر دەکرێت، بەڵام مەترسییەکی جیددی و گەورە لەسەر سەروەری و بەرژەوەندییەکانی کورد دروست دەکات. بۆ پاراستنی مافەکانی نەتەوەی کورد، پێویستە هەرێمی کوردستان بە یەکڕیزی ناوخۆ و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەربازی و سەروەریی ئابووری مامەڵە بکات.

بە درێژایی مێژوو عێراق زۆرجار ئەو بەڵێنانەی پێشێل کردوون کە بە نەتەوەی کوردی داون و ئەگەر کورد بە وریاییەوە هەڵسوکەوت نەکات ئەم ڕێککەوتنەش دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ لاوازکردنی کوردستان.

هەربۆیە گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە پێناو پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانیاندا بە ستراتیژییەکی ڕوون و بەهێزەوە لە بەرانبەر حکومەتی ڕەگەزپەرستی عێراقدا بوەستنەوە.

24/9/2025

پوستێن ھەمان بەش