مەسروور بارزانی و مایک پیمپیۆ کۆبوونەوە

مەسروور بارزانی و مایک پیمپیۆ کۆبوونەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم: پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە پەراویزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا مەسروور بارزانی و مایک پیمپیۆ کۆبوونەتەوەو سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێداگریی لەسەر دەستەبەر بوونی مافەکانی هەرێم لە عێراقی داهاتوودا کردووە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا لەسەر دیددارەکە ئاشکرایکردووە کە واشینگتۆن و هەولێر لەسەر پێکەوە کار کردنی نزیک و بەردەوام رێک کەوتوون.

لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: رۆژی هەینی 14/2/2020 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

هاوکات مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوی ئەمەریکا لە تویتێکدا نووسیویەتی: لەبەرامبەر هاوکارییە بەردەوامەکانی و پابەندبوونی بە پاراستنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتیە ئەمەریکیەکان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی مەسروور بارزانیم کردووە. ئاماژەشی بەوە داوە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هاوکاری کردنی بەردەوام و دۆستانە رێککەوتوون.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان مایک پۆمپیۆ و مەسروور بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە تییدا پابەندبوونی بەردەوامی واشینگتۆنی بۆ عێراقێکی بەهێز، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران دووپاتکردۆتەوەو جەختیشی لە چاکسازی و وەڵامدانەوە بە نیگەرانییە رەواکانی خۆپێشاندەرانی عیراق کردۆتەوەو داوای لە حکوومەتی بەغداد کردووە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی سەربەرزانە بۆ سەرجەم عێراقییەکان دابین بکات.

 لە راگەیەێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا باس لەوە کراوە کە مایک پۆمپیۆ و مەسروور بارزانی لەسەر هاوکاری کردنی بەردەوام و دۆستانەی نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق، رێککەوتوون.

پوستێن ھەمان بەش