قارەمانێتیی زیندانی ئامەد بۆ باکووری کوردستان و دەنگی بەرخۆدان

 دەوڵەتی تورکیا دەیهەویست لە زیندانی ئامەد کچان و کوڕانی کورد تەسلیمی خۆی بکات. ئەشکەنجەی دەدان، لەژێر سەرما و گەرما دەیهێشتنەوە، بەبرسێتی رایدەگرتن. کەسانێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان ئەسپارد، بەڵام ڕۆڵەکانی کوردستان هیچکات سەریان نەوی نەکرد و خۆیان نەچەماند.

ساکینە جانسز، بۆ تەنیا جارێک نەیگوتبوو “ئاخ”، تا دڵی پۆلیسی تورکان خۆش نەبێت. مەزڵووم دۆغان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا بەڵام تەسلیم نەبوو. لە 21ی ئاداری 1982دا لەبەر ئەوەی تەسلیم نەببوو مەزڵووم دۆغانیان بردە ژوورێکی تاکەکەسی، دۆغان لەوێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. پەیامی مەزڵووم دۆغان ئەمە بوو: “مردن هەیە بەڵام تەسلیم بوون نیە.” ئەوە پەیامی ئەو بوو بۆ هەڤاڵەکانی.

کەماڵ پیر، سەرەڕای ئەوەی کە گەنجێکی تورک بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی دەڵێت ئیستیقلال، رەتی کردەوە مارشی دەوڵەتی تورکیای بخوێنێت و لەگەڵ هاوڕێیەکانیدا مانیان لە خواردن گرت. لە 15ی تیر مانگی 1982، کەماڵ و کۆمەڵێک لە هاوڕێیەکانی دەستیان دایە مانگرتن و رۆژووی مردنیان گرت، پاش 55 رۆژان مردن دستی پێکرد، لە 2ی ئیلۆندا کەماڵ پیر گیانی لەدەستدا، لە 12ی ئیلۆن م.هایر دورمووش و لە 15ی ئیلۆن ئاکیف یەڵماز گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە 17ی ئیلۆنشدا ئال چیچەک ژیانی لەدەستدا، بردبوویانە نەخۆشخانە بەڵام ئامادە نەببوو دەرمان بخوات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر بەرخۆدانی ئەو قارەمانانە بەمشێوە دەدوێت:

“لە زیندانەوە خەبەر دێت لە ساڵی 82دا مەزڵووم بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و شەرافەتمەندانە، لەبەر ئەوەی دوژمن دەیهەویست ژیانی بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات، بەرخۆدانێکی قارەمانانەی کرد و خۆی شەهید کرد. وەک دەزانین لە رۆژی نەورۆزدا ئەو بڕیارەی داوە، یەعنی دوژمن دەیهەوێت لە کەسایەتی ئەواندا ژیان نەهێڵێت، ئیرادەی ئەوان تەسلیمی خۆی بکات. لەبەر ئەوەش بڕیاری بەرخۆدانی دا، گوتی بەرخۆدان ژیانە و خۆی شەهید کرد. بەرخۆدانێکی مەزنە، ئەمە لە مێژووشدا بڕیارێکی مەزنە.

باشە ئۆجەلان رێگای ئەوانی درێژەپێدا یان نا؟ هەڵبەت کە هەڵوێستی ئۆجەلان بەرانبەر بە دەوڵەت جیاوازیی زۆری لەگەڵ هەڵوێستەکەی مەزڵووم دۆغاندا هەبوو. مەزڵووم دەیگوت: “من نابمە نموونە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ تەسلیم ببن و دەوڵەت لەسەر من سیاسەت بکات.” مەزڵووم رەسەنایەتی و سەربڵیندیی کوردانی پاراست.

بەڵام ئۆجەلان کاتێک دەسبەسەر کرا، هێندێک قسەی وایکرد کە هێز و رۆحیەو مۆراڵی دەڵەتی تورکیای بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بە نەرمی کوردان تەسلیمی خۆی بکات.

ئۆجەلان لەیەکەم ساتەکانی دەسبەسەر کردنیدا بەپێچەوانەی لێدوانەکانی خۆی لەسەر مەزڵووم هەڵسوکەوت دەکات، بەجۆرێک کە مرۆڤ دەتوانێت بڵیت هیچکات ئۆجەلان بەوشیوەیە لەسەر مەزڵووم دۆغان قسەی نەکردووە، چوونکە دوو لێدوانی بەتەواوی لێک جودان.

بەپێی قسەکانی ئەندامی هێزی تایبەت کە ئۆجەلانی دەستبەسەر کردبوو، لە رۆژی 15ی شوبات لە نایرۆبی، پایتەختی وڵاتی کینیا، پاش ئەوەی ئۆجەلان سواری فڕۆکەکە دەکەن، ئەو لەماوەی 60 چرکەدا کۆنترۆڵ کراو هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو، نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئۆجەلان هیچ بەرخۆدانێکی فیزیکیشی نەکرد.

بۆچی بڕیارێکی مەزنە؟! دوژمن دەیهەوێت هەمووی لە زیندان و لە دەوروبەری زینداندا کۆتایی پێ بێت. واتە ئەوە حیزبە لە زینداندایە و هەڤاڵ مەزڵوومیش کە تەمسیلی ئایدۆلۆجیا، سیاستی حیزب و گەلی دەکرد، دەیتوانی تەسلیم ببوایە. حیزب لە زینداندایە، حیزبی ئیمە چووە زیندان، لە دەرەوەی زیندان هیچ شتێک دروست نابێت.

لێرەدا ئاپۆ باس لە بڕیاری هەڤاڵ مەزڵووم دەکات و ئەو بڕیارە بە بڕیاریکی مێژوویی ناو دەبات. بێ گومان مەبەستیشی ئەوەیە کاریگەریی لەسەر کادیرەکانی پەکەکە دابنێت تاوەکوو ئەوانیش بەوشێوەیە بەرخۆدان بکەن. ئۆجەلان ئێستا وەکوو سەرۆک و ڕێبەر لەلایەن لایەنگرەکانیەوە قبووڵ دەکرێت، بەڵام لە راستیدا رێبەرایەتی ئۆجەلان لەسەر قارەمانەتی کەسانی وەکوو مەزڵووم بووە. ئەگەر ئەوان بەرخۆدانیان نەکردبا، ئۆجەلان نەدەبووە سەرۆک ئۆجەلان. لەسەر قارەمانێتی ئەو کەسانە ئۆجەلان راوەستەی زۆری کرد و زۆری لەسەر دوا. دەرئەنجامەکەی بۆ ئۆجەلان ئەوە بوو کە قارەمانێتی و بەرخۆدانی ئەوانی کرد بە دەرەجەیەک بۆخۆی، ئۆجەلان بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە چەندە قارەمان زۆر بن، چەندە خەلک گیانیان بکەنە قوربانی بەو رادەیە ئاستی ئەمیش بەرزتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێرە رۆژهەڵاتەو مردن پیرۆز دەکرێت. لەبەر ئەمەش ئۆجەلان لە پەروەردە کردنی کادیرەکانیدا لەبواری هزری و فەلسەفیەوە وەهای پەروەردە دەکردن کە مردنیان پێ خۆش بێت، پەکەکە وەکوو ژیان و مردنیش بە پیرۆز بزانن. بۆیە بە کادیرەکانی نەدەگوت ئێمە چۆن بژین، دەیگوت چۆن بمرین”.

شەهید بوونی لەناو تاکەکاندا زۆر گرینگە، هاوکات لە کلتووری کورداندا خۆبەدەستەوەدان نەبوو، لە مێژوودا کەم کوردێک خۆی تەسلیمی دوژمن کردووە. ئۆجەلان ئەم کلتوورەی دەزانی کەوا کوردەکان تەسلیم نابن و داوای لە کادیرەکانیشی دەکرد وەها بن. لەسەر ژیانی کادیرەکانی و لەسەر خوێنی مرۆڤەکان بۆ قازانجی شەخسیی خۆی، بازاڕێکی سیاسی دامەزراند.

لەکاتێکدا ئاپۆ بازرگانیی بە خۆێنی ئەوانەوە دەکات و دەڵێت ئەوانە کادیری منن و من بەمشێوەیەم پەروەردە کردوون، بەڵام بۆخۆی بە ئارامی لەو فڕۆکەیەدا دانیشتووە کە ساڵی 1999 بەرەو تورکیای دەباتەوەو ئاپۆ لە وەڵامی ئەندامانی هێزی تایبەتدا دەڵێت: “دایکی منیش تورکە، ئەگەر ئێوە خزمەتێکتان هەبێت و شتیکم پێ بکرێت من ئامادەم.”

ئەندامی هێزی تایبەت: “وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان بۆخۆی خزمەتکردنە بە ئێمە.”

لەو دوو وەڵامانەدا دەردەکەوێت کە هەر لەسەرەتاوە ئۆجەلان تەسلیمی دەوڵەت بووە و هیچ بەرەنگاریەک ناکات، بەتەواوی پێچەوانەی ئەو بەرەنگاریەیە کە هەڤاڵ مەزلووم ئەنجامی داو بە هیچ شێوەیەک خۆی تەسلیمی ئیرادەی دەوڵەتی تورکیا نەکرد.

زوڵم و ئەشکەنجە بەو رادەیە بەهێز بێت، کە مرۆڤ نەتوانێت تەحەموڵی بکات، دەزانن کە بەسەدان هەڤاڵ بەو شێوەیە گیانیان لەدەستدا، ئێمە دەتوانین بڵێین کەس لە هەڤاڵەکان نامینێت ئەگەر ئەو زوڵم و ئەشکەنجەیەی تورکیا بەردەوام بایە، مەزڵوم وایدەبینێت کە چەند رۆژێکی دیکە هەموو شت لەدەست دەچن، بۆیە بڕیاری بەرخۆدان دەدات، بەرخۆدان ژیانە، ئەوە بڕیارێکی مەزنە، لەسەر ئەو بڕیارە کە رۆژی نەورۆزی ساڵی 1982 درا، قارەمانانە بوو. ئەو شتەی کە مێژوویەکی مەزنی هەیە، دەستپێکێکی مەزنی دروستکرد، ژیانی مەترسیداری بێ ترس کرد.

ئۆجەلان باس لە بەرخۆدانی مێژوویی هەڤال مەزڵووم دەکات، بەوشێوەیە باسی دەکات کە هەتا ئەو کاتە لە مێژووی کورداندا کەس بەوشێوەیە بەرخۆدانی نەکردووە و ئەوە شتیکی نوێیە، پێویستە هەموو کەس خۆی وەکوو هەڤاڵ مەزڵووم لێبکات. ئەم هەڵوێستەی ئۆجەلان بۆ هەڵخەلەتاندن بوو. لە سەرانسەر مێژووی کورداندا بەرخۆدان هەبووە، بەڵام ئۆجەلان دەیهەوێت سەربڵیندی و تەسلیم نەبوون و بەرخۆدانی هەزار ساڵەی کوردان بکاتە موڵکی خۆی و بڵێت پێشتر کوردەکان نەیاندەزانی بەرگری بکەن، بەرخۆدانی کوردان لە ئێمەوە دەستی پێکرد.

بەڵام دیسان ئۆجەلان پیچەوانەی ئەو لێدوانانەی خۆی رادەوەستێت و لەکاتی دەسبەسەر کردنی خۆیدا بە تەواوی پێچەوانەی ئەو قسانەی هەڵسوکەوت دەکات و دەڵیت: “من لەناخی دڵەوە دەیڵێم، من زۆرم کەیف بە تورکیا دێت، کەیفم بە نەتەوەی تورک دێت، کەیفم بە نەتەوەی کوردیش دێت، ئەگەر ئێوە بتوانن رێگا بە من بدەن، من دەتوانم خزمەت بکەم.”

لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرینگ سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی ئۆجەلان ئاوا زوو تەسلیم بوو؟ بۆچی بەبێ ئەوەی زللـەیەکی بەر بکەوێت خۆی تەسلیم دەکات و ئیرادەی نامینێت؟

من لەسەر ئەو شەهید بوونە شتێکم گوت، رێگای مردن رێگای ژیانی ساختەکاری، ئەو ژیانەی دوژمن دەیهەویست بەسەر منیدا بسەپێنێت، لەناو برد. ترسی لەناو برد و خۆی کرد بە پردێک بۆئەوەی ئیمە بەسەریدا بچین، ئێمە بەو شیوەیە باسمان کرد.

لێرەدا ئۆجەلان دەیهەوێت بڵێت دەرئەنجامی ئەو پەروەردەی ئیمە بووە کە هەڤاڵ مەزڵووم، توانی بەرخۆدان بکات و ئەو ژیانە ساختەیەی کە دوژمن دەیهەوێ بەسەر ئێمەی بسەپینێت لەناو ببات و کاریگەریی نەهێلێت. بەڵام پاش 17 ساڵان واتە پاش دەستگیر کردنی ئۆجەلان هەر لەیەکەم خولەکدا بەر لەوەی ئۆجەلان ببەنە ناو فرۆکەکە، ترس بە سیمایەوە دەردەکەوێت و هیچ بەرخۆدانێکی بەرانبەر بە تیمی تایبەتی تورکیا نابێت. ئۆجەلان خۆی رازی نەبوو چەکی پاسەوانەکەی “شەمسی کڵج” (دیلان) وەربگرێت و بەرخۆدان بکات. ئۆجەلان گوتی: ئەوان دەیانەویست من بەرخۆدانی کلاسیک بکەم! ئایا ئەوە چ بەرخۆدانیکی کلاسیکە کە ئۆجەلان نایهەوێت ئەنجامی بدات؟ ئایا بەرخۆدانە کلاسیکەکەی هەڤاڵ مەزلووم خراپ بوو؟ ئەگەر بەرخۆدانێکی خراپ بوو لەبەرچی بەمشیوەیە ئۆجەلان دەیهەوێت کادیرەکانی خۆی وابار بێنێت کە هەموویان وەکوو هەڤاڵ مەزلووم دژی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان بکەن؟!

پاش ئەوەی فەرهاد کورتای و هاوڕێکانی ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا و گوتیان با ترس بمرێت، گوتیان ئەو ژیانەی دوژمن دەیهەوێت بەسەر ئێمەیدا بسەپێنێت مومکین نیە. ئەو 4 هەڤاڵە خۆیان سووتاند ئەوەش خەبەرێکی زۆر مەزن بوو.

ئاپۆ خۆسووتاندنی فەرهاد کورتای و 3 هاوڕێیەکەی بەناوەکانی (نەجمی ئۆنەر، ئەشرەف ئانیک و مەحموود زەنگین) لە 18ی گوڵانی ساڵی 1982، لە زیندانی ئامەد، بە خەبەرێکی زۆر مەزن وەسف دەکات. با ئێمە سەیری ئەوە بکەین کە فەرهاد کورتای لەکاتی خۆسووتاندنەکەیدا چیی گوت و ئاپۆ لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا چی دەڵیت. فەرهاد کورتای پاش ئەوەی هەڤالەکانی لە زینداندا دەخەون، خۆی و 3 هەڤاڵی دیکەی ئاگر بەردەدەنە جەستەی خۆیان و خۆیان دەسووتینن. کاتێک زیندانیەکان لەخەو هەڵدەستن و دەیانهەوێ لەگەڵ پاسەوانەکان زیندان ئاگری جەستەی فەرهاد و هەڤاڵەکانی بکووژێننەوە، فەرهاد دەڵێت: “هەرکەسێک ئاگری جەستەی من بکووژێنێتەوە ئەوە خائین بە کوردستانە”، پاش ئەوە ئەو لەگەڵ هاوڕێکانیدا شان بە یەکەوە دەدەن و بەرخۆدانێکی میژوویی تۆمار دەکەن. ئاپۆیش ئەمە دەزانێت و چەندین جار بۆ کادیرەکانی گێڕاوەتەوە. بەڵام ئاپۆ لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا چی دەڵێت؟ ئاپۆ دەڵێت: من بۆ خزمەت کردنی دەوڵەتی تورکیا ئامادەم! ئایا ئەمە چیە؟ ئەو بەرخۆدانەی ئاپۆ باسی لێوە دەکرد و دەیگوت پێویستە هەرکەس ئەو شەهیدانە بکاتە سەرمەشق، چیی لێ بەسەرهات؟!

دوژمن ئاگاهانە دەیەویست هەموو تەسلیمی خۆی بکات، ئەوانیش بە بەرخۆدان ژیانە، بە خۆسووتاندن و خۆ شەهید کردن و دواتر کەماڵ باپیر خەیری و وانیش بریارێکی مەزنیان دا. دیسان ئەوانیش گوتیان بەرخۆدان ژیانە، ئەوان خۆیان بە مانگرتن لەخواردن شەهید کرد، ئەوانیش بڕیارێکی مێژووییان دا… لەوێ و لە زیندانی ئامەد دوژمنیان لەناو برد. لەمێژوودا مرۆڤ دەتوانێت بیبینێت لە ساڵانی 81 و 82دا لە زیندانی ئامەد، شتێک سەرکەوت، تەسلیم بوون مەردنە و بەرخۆدان ژیانە، بە شەهید بوونی ئەو هەڤاڵانە ئەو شتە بەتەواوی ئیسپات بوو و ئێستاش بەردەوامە.

ئاپۆ لێرەدا هیندیک پرسیار لە کادیرەکانی خۆی دەکات کە پێویستە ئێمەش پاس خۆڕادەستکردنەوەی ئۆجەلان لە وڵاتی کینیاوە ئەو پرسیارانە لە ئۆجەلان بپرسین. بۆچی ئۆجەلان بەخۆی نەدەگوت بەرخۆدان ژیانە؟ بۆچی بە چەک بەرگریی لەخۆی نەکرد؟ بۆچی پاش ئەوەی دەستگیر کرا بە مانگرتن لە خواردن یان بە خۆسووتاندن بەرگریی لەخۆی نەکرد؟ بۆچی ئاپۆ دەڵێت تەسلیم بوون مردنە، بەڵام بۆچی خۆی تەسلیم دەبێت؟! ئەگەر بەرخۆدان ژیان بێت بۆچی ئۆجەلان بەرخۆدانی نەکرد؟!!

پاش ئەوان بە هەزاران هەڤاڵ بەرخۆدانیان ساز کرد، لەبەرانبەر زوڵمدا زۆر بەرخۆدانی مەزن دروستکران. لە ئەنجامدا رۆژبەڕۆژ ئەو هەڤاڵانەی لاواز ببوون، کەوتنە بەرەی بەرخۆدان و بەرەی ژیان، حوکمی دوژمنیان پساند. دوژمن هەتا ئەو کاتە دەیگوت ئێمە کوردمان کردۆتە ژێر عەرز و سەری ئەوانمان بە چیمەنتۆ قەپات کردووە بەڵام هەر دوژمن بۆخۆی بانگەوازی کرد کە ئەو چیمەنتۆیە تەقیوە، لەوێیەوە کوردایەتی ئیمە بەدەرکەوت.

ئۆجەلان لێرەدا دەیهەوێت بە کادیرەکانی حیزبەکەی بڵێت کە پێویستە هەموو کەس وەکوو ئەوان بەرخۆدان بکات و نابێت تەسلیمی دەوڵەت ببێت. ئەوە شتێکی مێژوویی و زۆر مەزنە، بەرخۆدانی ئەو هەڤاڵانە وایکرد هەموو ئەو هەڤاڵانەی کە هیوابڕاو ببوون دیسان هاتنەوە سەر هێڵی بەرخۆدان و بەمجۆرە بەرخۆدان بەهێز بوو. ئەگەر ئەم لێدوانە راست بێت بەڵام بەهیچ شێوەیەک بۆ ئۆجەلان راست نیە، چونکە هەموو کەس باش دەزانێت ئۆجەلان بە چ شێوەیەک تەسلیم بوو، لەیەکەم دانیشتنی دادگادا بە چ شێوەیەک بەرگریی لەخۆی کرد. ئاپۆ لەباتی ئەوەی داوای لێبووردن لە گەلی کورد و بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بکات، لە دادگای تورکیادا داوای لێبووردنی لەو دایکە تورکانە کرد کە کوڕەکانیان بەدەست پەکەکە کوژرابوون!!! ئایا بەڕاستی ئەوە بەرخۆدانی مێژوویەی کە هەڤاڵ مەزڵووم و کەسانی دیکە لە زیندانی ئامەد نیشانیان دا بۆچی لە ئۆجەلان نەدیترا و هەر زوو خۆی تەسلیمی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کرد؟!

ئەوە پرسیارێکە کە هەر وڵاتپارێزێک  پێویستە بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕیت. بەڵام وەڵامێکی عەقڵانی و بەدوور لە عاتیفە و حیزبایەتی.

پوستێن ھەمان بەش