کۆنفرانسی یەکێتیی کوردان کۆتایی پێهات، تێکۆشانی بنەڕەتی لە ئێستاوە دەستپێدەکات
کۆنفرانسی یەکێتیی کوردان کە لە 26ی نیسادنا لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، هەنگاوێک بوو کە گەلی کورد ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بوو. ئەم یەکگرتووییە بەتەنها بە واژۆ و کۆبوونەوە دروست نابێت. پێویستە لە بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و دیپلۆماسی و میدیاییەکاندا پێکبێت. کۆنفرانس سەرەتای ڕێگەکەیە، ڕێگایەکە دوورودرێژە و ناکۆکییەکان هێشتا کۆتاییان پێنەهاتووە. گەلی کورد بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەو کۆنفرانسە کرد، بەڵام هێشتاش گومانەکانیان نەڕەویوەتەوە. ئەو گومانانەش بێ بنەما نین، پێویست بوو کە کۆبوونەوەی ڕێککەوتنی هەولێر کەوا بە دەسپێشخەریی سەرۆک بارزانی لە ڕێکەوتی 11ی تەمووزی 2012دا پێکهاتبوو، دەستیپێکرابا، بەڵام بۆ ماوەی 13 ساڵ دواخرا. ئەو هێز و ڕامانەی کە ڕێگای نەدا ڕێککەوتنی هەولێر بەرەو یەکێتییەک بڕوات، هێشتا هەر زیندووە و لە مەیداندایە.
ڕاستییەکە هەر لە ئیستاوە دیارە. ئەوە کە ساڵیح موسلیم ئامادە نەبوو لێدوان بۆ پەیامنێری ڕووداو بدات، ئەگەر وەکوو تەفەر و عادەتیش دەربکەوێت، بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانە. ئەگەر تەلەفزیۆنی هەتەشە یان تەنانەت تەرەتە کورد مایکی خۆی بۆ ساڵیح موسلیم ڕاگرتبا، لێدوانی بۆ دەدا. ساڵح موسلیم تەنها تاکێک نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرییەک دەکات و ئەم کەسە کە لەسەر مێزی یەکێتی لەگەڵ لایەنێک دادەنیشێت، مافی ئەوەی نییە بە خۆبەزلزانی و هەڵوێستێکی شەخسییەوە لایەنێکی کوردی ڕەت بکاتەوە.
لە هەمان کاتدا جێگاپێدان بە “جوانێن شۆرەشگەر” کە نووسینگەکانی پەدەکەسە و ئەنەکەسەی سووتاندووە، لە ڕیزی پێشەوەی پرۆتۆکۆڵەکەدا، هەڵوێستیکی پرۆڤاکتیڤ بوو، تازەکردنەوەی برینە کۆنەکان بوو. ئەم هەڵوێستە نابەرپرسانەیە نیشانەی ئەوەیە کە هەموو لایەک دەبێت هەستەکانی خۆیان و بیرکردنەوەکانیان بە گەلێک فیلتەردا دەرباز بکەن.
کۆبوونەوەکانی یەکێتی لە ڕۆژئاڤا بۆ شاد کردنی خەڵک پێکنەهاتبوون. ئەم یەکێتیە بۆ دامەزرادنی بەرەیەکی کورد پێکهات. پێویستە هەموو لایەنەکان ئەم یەکێتییە لە باوەش بگرن و پەرەی پێبدەن.
هەڵوێستی پەکەکە بەرامبەر بە یەکگرتوویی ڕۆژئاڤا تا ئێستا تێکدەرانە بووە. پێویستە پەکەکە سیاسەتی خۆی بۆ بە پەکەکەیی کردنی ڕۆژئاڤا و دەستوەردانکردن لە ڕۆژئاڤا، بنێتەلاوە. هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر پرسی ڕۆژئاڤا هەمیشە ئەرێنی و بنیاتنەر بوون. بۆ ئەم ڕاستییە، مەزڵووم عەبدی لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد. هەرچەندە پەکەکە ڕۆژئاڤای کردبووە چەقی سیاسەتەکانی خۆی دژ بە بارزانی، بەڵام سەرۆک بارزانی ئەمەی نەکردە ڕق و قینێکی شەخسی. ئەوەی کە لە کوبانێ و لە عەفرین و لە سەرێ کانی کران، هەرکاتێک کە ڕۆژئاوا تووشی قەیران بووبێت، بە هانایانەوە ڕۆیشتووە. سەرۆک بارزانی تۆڵەی نەکردەوە، بەڵکوو لە ڕۆژئاڤادا هیوای خوڵقاند.
سەرۆک بارزانی ئەندازیاری یەکگرتوویی ڕۆژئاڤایە، بەڵام ئەوەی بەبێ دەستێوەردان پێکهێنا. پەکەکەش ناچارە کە سبەی ڕۆژ بێتە سەر ئەو خەتە وناتوانێ ڕۆژئاڤا بکاتە مەیدانی تایبەتی خۆی. بەرپرسانی پەیەدە کە لە ڕابردوودا پەکەکەیی بوون، ناچارن کە هەموو جۆرە دەستوەردان و هەڵوێستی ئاژاوەگێڕانەی خۆیان لە دژی یەکێتیی گەلی کورد ڕابگرن. بەرپرسانی پەیەدە لە خوڵقاندنی ئەو ڕوانگەیەدا بەرپرسیارەتییان کەوتۆەتە ئەستۆ کە کورد گرفتەکانی خۆیان نە بە دوژمنایەتی، بەڵکوو بەپێی چاودێرییەکی گونجاو چارەسەر بکەن. هەر لەبەر ئەمەش سەرەتا مەزڵووم عەبدی و هەموو کادیرەکانی پەیەدە کە پێشتر پەکەکەیی بوون، داهاتووی ڕۆژئاوا و کوردەکان بکەن بە ڕێنوێنی خۆیان. ئازادیی ڕۆژئاڤا ئامانجی ستراتژیی هەموو کوردانە و دەبێ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوانەی ڕۆژئاڤا، خاوەندارێتی لەو ئەرکە بکەن. ئازادی ڕۆژئاڤا و چارەنووسی ڕۆژئاڤا، لە چارەنووسی حزب و ئایدۆلۆژیاکان گەورەترە.