گەورەترین جودنرات لە کوردستاندا عەبوڵڵا ئۆجەلانە…

گەورەترین جودنرات لە کوردستاندا عەبوڵڵا ئۆجەلانە...

ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە لە ئیمرالی وەک ڕاوێژکاری دەوڵەتی تورک کار دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مشتومڕێکی توند لە نێو کورددا و بەتایبەتی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، لەسەر “جودنرات” (لێژنەی جوولەکەکان کەوا هاکاریی نازییەکانیان کردووە)، دروست بووە. ئەو کەسەی دەستەواژەی “جودنرات” (judenrat)ی هێنایە ڕۆژەڤی کوردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلانە…

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەوە بینیویەتی کە کۆمەڵگە پەیڕەوی لە قسەی مەگەزین و پۆپۆلیستی دەکات، بۆیە چەند ساڵ جارێک وشەیەکی جیاواز دەخاتەڕوو تا ڕۆژەڤی ڕاستەقینە بەلاڕێدا ببات و جەماوەرەکەی بەپێی ئەو قسە پۆپۆلیستییە بەڕێوە ببات. دوای قسە مامناوەند و لاوازەکانی ڕۆشنبیرانی کورد، قسەکانی ئۆجەلان بەتایبەتی لە باکووری کوردستاندا، کاریگەریی خۆی دروست دەکات.

دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا، دابەشبوونێکی گەورە لە نێوان کوردەکاندا دروست بوو و مشتومڕێکی گەورە کرا کە ئۆجەلان پەکەکە و کوردی فڕێداوەتە بەردەم دەوڵەتی تورک. کاتێک باس لە خیانەتی ئۆجەلان کرا، ئۆجەلان هەوڵیدا بە وشەی “جودنرات” مێشکی کورد ئاڵۆز بکات.

وشەی جودنرات (judenrat) واتای چییە؟

وشەی جودنرات لە زمانی ئەڵمانیدا بە واتای “ئەنجومەنی جوولەکە” دێت. لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئەڵمانیای نازی ئەم ئەنجومەنەی بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی جولەکە دروستکرد. سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جوولەکە و ڕۆشنبیران و نووسەران و پزیشکان هاتنە ناو ئەم دامەزراوەیە و داوایان لێکرا کە کۆمەڵگەی جوولەکە بەڕێوەببەن.

کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، بە شێوەیەکی بابەتیانە دەبینین کە سیاسەتی نازی ئەو جۆرە دامەزراوانەی دروستکردووە و بەکاری هێناون. وەکوو نامەیەک کە ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی پەکەکە نووسیویەتی، “بۆ پاراستنی خێزانەکانیان، خەڵک ڕەوانەی مەرگ دەکەن”. بەشێک لەو کەسانەی کە بەشدارییان لەم ئەنجومەنانەدا کردووە، کاتێک بینیان چۆن ئەنجومەنەکە بەکاردەهێنرێت، خۆیان کوشتووە. هەندێکی تریش لەلایەن نازییەکانەوە کوژران.

هەروەها جوولەکەکانیش لەسەر ئەرکی جودنرات، دوو بۆچوونیان هەیە. هەندێک دەڵێن جودنرات بۆ پاراستنی گەل و وەستاندنی شکستی جوولەکەکان کاری کردووە، بەڵام هەندێک لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی جوولەکەش، جودنرات بە گۆپاڵ و دارەدەستی سیاسەتی نازییەکان ناودەبەن.

ئەگەر وشەی جودنرات ڕاست بێت، مەترسیدارترین جودنرات عەبدوڵڵا ئۆجەلانە

تەنانەت جولەکەکانیش سەبارەت بە ئەرکی مێژوویی دامەزراندنی جودنراتەکان دیدێکی هاوبەشیان نییە. ئەم دەستەواژەیە کە ئانت ـ سەمیتیک بەکاریهێناوە، ڕۆڵەکەی ڕوون نییە، بەڵام ئۆجەلان هەوڵدەدات کە بەسەر سۆسیۆلۆژیی کوردانیدا فەرز بکات. ئەم دەستەواژەیە نە لە زانستی کۆمەڵناسیدا و نە لە زانستی مێژوودا، هیچ جێگایەکی نییە. ئەم دەستەواژەیە نە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و نە بۆ چەمکی مێژوو، هیچ خێرێک و باشییەک دەستەبەر ناکات، بەڵکوو تەنیا لە جیاتی وشەکانی پێشووی پەکەکە وەک “سیخوڕ، خائین و ئاژان” بەکارهاتووە. (لە نێو کەوانەدا، ئەگەر بڵێین دوای ئەوەی ئۆجەلان بەکارهێنانی وشەی جودنراتی دەستپێکرد، بەدوای وەرگرتنی ئافەرەمێک لە لایەنەکانی ئانت ـ سەمیتیک و دەوروبەرییەکانی ئۆجەلان و مامۆستاکەی واتە یاڵچین کوچووکەوە بوو کە گوتی “بارزانییەکان جوولەکەن”)، دەیانهەوێت ئەم بیرۆکەیە بڵاو بکەنەوە.

لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری بکەیت، بەکارهێنانی وشەی جودنرات سەبارەت بە کورد بێ مانایە و تەنها یاریپێکردنە. ئۆجەلان ڕێبەرانی شۆڕشەکانی کورد، وەک شێخ سەعید ئەفەندی و سەید ڕەزا کە تەنانەت شوێنی گڵکۆکانیشیان نادیارە، بە جودنرات ناودەبات. هەروەها ئۆجەلان بارزانییەکانیش بە جودنرات ناودەبات کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەپێناو کورد و کوردستاندا، لە دژی سێ دەوڵەت شەڕیان کردووە و سیستەمی کۆلۆنیالیزمیان هەژاندووە. ئێستاش ئەو کادرانەی کە سەرتوێیەکەی پەکەکە دەخۆن و بە بەردەوامی لە میدیاکانی پەکەکەدا بابەت دەنووسن، کورد بەوە تۆمەتبار دەکەن کە جودنرات بوون.

ئەگەر بڵێین وشەی جودنراتی ئۆجەلان ڕاستە (تەنانەت ئێستا جوولەکەکانیش لەگەڵیدا نین)، ئەوا گەورەترین جودنرات لە کوردستاندا شەخسی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. تەنانەت ئەگەر قسەکەی ئۆجەلان کە دەڵێت “جودنرات بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان یان تەمەنی بنەماڵەکانیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر جوولەکەکانی ناردووە بۆ ژوورە گازییەکان” ڕاستیش بێت، لە مێژووی کورددا هیچ کەسێک وەک ئۆجولان کوردی لەپێناو شەخسی خۆیدا فیدا نەکردووە. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەی ئۆجەلان، تەنها دەکرێ ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی پەکەکە بدەینەوە و پێویست بەوە ناکات کە بۆ ساڵانی 1970 بگەڕینەوە.

ئۆجەلان هەزاران گەریلای کردە قوربانی بۆ ئەوەی لە سێدارە نەدرێت…

ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا و کاتێک لە فڕۆکەیەکدا دەگەڕایەوە بۆ تورکیا، وتی: “چانسێکم پێ بدەن، خزمەتتان بکەم”. ئەوە ئۆجەلان بوو کە بە حەسەن ئاتیلا ئوغور یەکێک لە فەرماندەکانی دەوڵتی تورکی گوت: “چانسێکم پێبدە، لەسێدارەم مەدە، من دەبمە بریکار (تاشەرۆن)ی ئێوە”. ئۆجەلان بۆ ئەوەی لە سێدارە نەدرێت بە دەوڵەتی وت “پەکەکە بەوشیوەیە بەڕێوە دەبەم کە ئێوە دەتانهەوێ”. هەروەها ئۆجەلان تەنها بۆ ئەوەی بە دەوڵەتی تورکی بسەلمێنێت کە پەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودایە، لە 2ی ئابی 1999دا لەناکاو فەرمانی بە گەریلاکانی پەکەکە کرد کە باکووری کوردستان بەجێبهێڵن. گەریلاکانی پەکەکە لە هەلومەرجی پاییزدا و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی سەلامەتی لە ڕێگادا، بەرەو باشووری کوردستان بەڕێکەوتن. بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی پەکەکە، لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی گەریلادا، لانیکەم 928 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 350 گەریلا خۆیان ڕادەستکردووە و چارەنووسی سەدان گەریلاش نادیارە.

ئۆجەلان دیسان بۆ ئەوەی بە دەوڵەتی تورکی بسەلمێنێت کە پەکەکە گوێی لێدەگرێت، ئۆجەلان لە ساڵی 2000دا فەرمانی بە پەکەکە کرد کە هێرش بکاتە سەر یەکێتی نیشتمانی و گەریلاکان کە بە ڕۆژ لەگەڵ پێشمەرگەکانی یەکێتی یاری بالەیان دەکرد، ئێواران هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی یەنەکە و بۆسەیان بۆ دانانەوە و سەدان پێشمەرگەیان شەهید کرد. لە شەڕی پەکەکە و یەنەکەدا زیاتر لە 200 گەریلا و سێ ئەوەندەش پێشمەرگەی یەکێتی شەهید بوون، تەنها بۆ ئەوەی کە ئۆجەلان خۆی بە دەوڵەتی تورک بسەلمێنێت.

دیسان هەمان ئۆجەلان لە کاتی لێپرسینەوەدا، ئیخباریی یەک بە یەکی ئەو هەڤاڵانەی خۆی بۆ دەوڵەتی تورک کرد کە پەکەکەیان لەگەڵ دامەزراندبوو. ئاپۆ بە دەوڵەتی تورکی گوتووە “ڕەنگە ئێران بیهەوێت جەمیل بایک بکاتە ڕێبەر” و بە حەسەن ئاتیلا ئوگوور دەڵێت “هەموو ئەو فەرماندانەی پەکەکەم یەک بە یەک لەناوبرد کە دەیانهەویست جێگەی من بگرنەوە”. ئۆجەلان چۆنیەتی کوشتنی محەممەد شەنەر و هەڤاڵەکانی وەک سەرکەوتنێک بۆ دوژمنی کوردان دەگێڕایەوە.

ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بەملاوە لە ئیمرالی وەک ڕاوێژکاری دەوڵەتی تورک کار دەکات و بۆ ئەوەی کە بارزانی و تاڵەبانی دەوڵەتی کوردی بنیات نەنێن، هۆشداریی بە دەوڵەتانی داگیرکەر دەدات. سەبارەت بە هەسەدەش دەڵێت، ئەوانە بوونەتە بەشێک لە ئیسرائیل.

دەتوانین هەزار نموونەی خیانەت لە مێژووی پەکەکە و ئۆجەلان بهێنینەوە و باس لەوە بکەین کە ئۆجەلان چۆناوچۆن لە پێناو مانەەوەی خۆیدا، کچانی کوردی ڕەوانەی مەرگ کردووە. چۆن لە بەرامبەر هەستی مەرگدا لەرزی لێنیشت و هەموو دەوروبەریەکانی خۆی بە دوژمن فرۆشت. ئۆجەلان نەک هەر ئازایەتی و هەڵوێستی شەرەفمەندانەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سەید ڕەزا و شێخ سەعیدی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەمیشە پشتی بە دوژمننانی کورد و کوردستان بەستووە.

ئێستا ئۆجالان ئەو سەرکردە و ڕیبەرانەی کوردە بەوە تۆمەتبار دەکات کە جودنرات بوون. هەروەها شوێنکەوتوانی ئۆجەلان ئەو کەسانە بە جودنرات تۆمەتبار دەکەن، کە دەیانهەوێت کوردستان بپارێزن. هەڤاڵینە، ئۆجەلان لە جودنراتیش تێپەڕیوە. ئێوە قەد جودنراتێک نادۆزنەوە کە بڵێت من ئەڵمانیم، دایکم ئەڵمانییە. بەڵام ئۆجەلان بەبێ ئەوەی بچووکترین زەختی لەسەر بێت، بە شانازییەوە دەڵێت دایکم تورکە. ئەگەر ئێمە بە هەر شێوەیەک بەدوای جودنراتێکدا بگەڕێین، با دوور نەڕۆین، ئۆجەلان هەم جودنراتە و هەم سەرۆکی جودنراتایشە.

بەڵام پێویست بەوەش ناکات، ئێمە ئەو کوردانەی کە دەچنە ڕیزەکانی دوژمنەوە بە خائین و جاش ناودەبەین. جێگای ئۆجەلان لە تەنیشت خیانەتکارانی مێژووی کوردە، لە تەنیشت دیاپ ئاغا و ئەوانەی وەک دیاپ ئاغایە…

پوستێن ھەمان بەش