یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک وڵاتی دابەشنەکراو
لە ماددەی سێی دەستووری تورکیادا هاتووە: “دەوڵەتی تورکیا بە خاک و گەلەکەیەوە یەکیەکی یەکپارچەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی ئاڵایەکی سوورە بە هیلالی سپی و ئەستێرەیەکی سپییەوە، سروودە نەتەوەییەکەی سروودی سەربەخۆییە، پایتەختەکەی ئەنقەرەیە”.
ئەم بڕگەیە تەنیا بڕگەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو بەیاننامەیەکی ئایدیۆلۆژییە کە بە زمانێکی دەستووری پێچراوەتەوە. نەک هەر هێما و سەروەرییەکانی دەوڵەت دەستنیشان دەکات، بەڵکوو هاوکات شوناسەکان دابەش دەکات و زمانەکان رەد دەکاتەوە و “وڵاتێکی یەکگرتوو” دروست دەکات کە تێیدا جگە لە تورک هیچ گەلێکی دیکەی بوونی نییە.
لێرەدا دەستوور دەبێتە نەخشەی شوناس نەک دادپەروەری. داوا لە کوردان دەکرێت لە وڵاتێکدا بژین و قبووڵی بکەن، کە ئاڵاکەی نوێنەرایەتی ئەو نەکات، سروودە نەتەوەییەکەی بە زمانی ئەوان نیە، وڵاتێک کە دان بە هەبوون و زمانی کورداندا نانێت.
1ـ زمان وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن: کاتێک وشەکان دەبنە دیوار
لە ماددەی “3”دا هاتووە کە تەنها زمانی تورکی، زمانی دەوڵەتە. ئەمەش سنووردارکردنی ئیداری نییە، بەڵکوو نکۆڵیکردنە لە ناسنامەی گەلێک.
لە وڵاتانی دیموکراتیکدا زمانی فەرمی لەسەر بنەمای تەوافوق قبووڵ دەکرێت نەک لە سەر بنەمای ڕەتکردنەوە.
لە تورکیا زمانی فەرمی تەنیا زمانی یاسا نییە، بەڵکوو هاوکات زمان پێوەرێکە بۆ نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی و شەرعیەتیش. بەڵام لە هەمانکاتدا زمانی کوردی وەک زمانێکی “هەڕەشەئامێز و مەترسیدار” سەیر دەکرێت، ئەگەر لە قوتابخانە و دامودەزگاکان و تەنانەت لەسەر شانۆشدا بەکار بهێندرێت، بە پێی یاسا سزا دەدرێت.
وەک فەیلەسوف “Paul Ricoeur” دەڵێت: “زمان تەنها ئامرازێک نییە، بەڵکوو مەیدانی شوناسە. قەدەغەکردنی زمانێک، لە بنەڕەتدا قەدەغەکردنی هەبوونی نەتەوەکەیەتی”.
2ـ ئایا ئاڵا هێمای سەروەرییە یان هێمای ئینکاری؟
ئاڵای هەموو وڵاتێکی جیهان هێمای بەها بەکۆمەڵەکان و مێژووی هاوبەش و قوربانیدانی دەستەجەمعییە.
بەڵام وەک لە مادەی “3”ی دەستووری تورکیادا هاتووە، ئاڵای تورکیا ئەو یادگارەیە کە بە خوێنی کوردان بۆیاغ کراوە، کاتێک دەشەکێتەوە، نەتەوەی کورد وەهای دەبینن.
کەواتە کورد چۆن دەتوانێت ئەو ئاڵایە وەک سیمبولی نیشتمانەکەی بیبینێت، لەکاتێکدا کە ئەو ئاڵایە لە سەر بنکەکانی ئەشکەنجەدان و گوندە خاپوورکراوەکان و ئەو زیندانانەدا دەشەکێتەوە کە لە خەباتگێڕانی ئازادی ئاخێندراون؟
سیمبۆل نە بە زەبری هێز دەسەپێنرێت، نە لای ئەو کەسانەش پیرۆز دەبێت کە نوێنەرایەتییان ناکات.
لێرەدا چەمکی “یەک ئاڵا” کاتێک دەشکێت کە ئەم ئاڵایە دەرئەنجامی مێژوویەکی هاوبەش نەبێت، بەڵکوو دەرئەنجامی سەپاندنی زۆرەملێ بێت بەسەر زۆرێک لە نەتەوەکاندا.
3ـ یەک وڵات… لەسەر تەرمی مێژوو؟
مادەی سێیەم چەمکی “وڵات وەک قەوارەیەکی پیرۆز و دابەشنەکراو” لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کە سەرزەمین تەنها یەکەیەکی خاکی نییە، بەڵکوو یادەوەرییەکی دەستەجەمعییە.
وڵات تەنیا نەخشەیەک نییە کە لەلایەن سەربازییەوە کێشرابێت؛ بەڵکوو شوێنی پێکەوەژیانی مێژوو و کولتوورە.
بەڵام کاتێک وڵات وەک شوێنێک پێناسە دەکرێت کە تەنیا “نەتەوەی تورک” تێیدا بوونی هەیە، کورد لە خاکی خۆیدا دەبێتە غەریب و داگیرکراو و لە زێدی خۆیدا و لە دیرۆکی خۆی.
ئەمە یەکێتی نەتەوەیی نییە؛ بەڵکوو بێدەنگکردنێکی بەکۆمەڵە کە لەلایەن یاساوە دەسەپێنرێت.
4ـ لە نێوان ئۆجالان و مادەی سێیەم: هەڵهاتن لە خەبات
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبری ئەوەی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددە ڕەگەزپەرستانەیە بکات، دێت و بە تیۆری “نەتەوەی دیموکراتیک” لێی نزیک دەبێتەوە و هەوڵدەدات بە ناوی کۆمەڵگە و ژیانی هاوبەشەوە، ناوەندییەتی زمان و نەتەوەبوون تێپەڕێنێت.
بەڵام کێشەکە لە “بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە”دا نییە، بەڵکوو لە ئینکارکردنی کۆمەڵگەی کوردە بە گشتی.
چۆن دەتوانی بەپێی دەستوورێک کە دان بە بوونی تۆدا نەنێت، باسی خۆبەڕێوەبەری بکەیت؟
چۆن داوای ئەوە دەکەیت کورد ئاڵای خۆی هەڵنەکات، لە کاتێکدا دەستوور ئاڵایەک پیرۆز دەکات کە نوێنەرایەتی ئەو ناکات؟
چۆن دەتوانن داوای ئەوە بکەن کە کورد باسی وڵاتێکی هاوبەش بکات، لە کاتێکدا ڕێگری لێدەکرێت بە زمانی خۆی قسە بکات؟
ئۆجەلان، لێرەدا نەک هیچ ئاسۆیەک ناکاتەوە؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە دانپێدانانی زمانی نەتەوەیی بە فەرهەنگی قوربانیکردنی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.
5ـ لە نێوان کەنەدا و سویسرا و تورکیادا: ئایا ئاڵا و زمان دەسەپێنرێن؟
لە کەنەدا دوو زمانی فەرمی (فەرەنسی و ئینگلیزی) هەیە و دەوڵەت دان بە فرەچەشنیدا دەنێت.
لە سویسرا چوار زمانی فەرمی هەیە و ئاڵا نوێنەرایەتی فیدراڵیزم دەکات نەک نەتەوەپەرستی.
لە تورکیا ماددەی “3”ی دەستوور، یەک ناسنامە، یەک سروود، یەک زمان و مێژوویەکی بێدەنگ دەسەپێنێت.
فەیلەسوف هانا ئارێنت (Hannah Arendt) ئەمە بە “نەتەوەپەرستییەکی داخراو کە فرەچەشنی وەک هەڕەشەیەک دەبینێت نەک وەک سەرمایەیەک”، ناودەبات.
دەرئەنجام: دەستووری بنەڕەتی و بەرزکردنەوەی ئاسۆ
مادەی سێ تەنها بڕگەیەکی ڕێکخستنی نییە، بەڵکو باوەڕێکی سیاسییە کە دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ ئایینێکی نەتەوەیی و کورد دەکاتە “جیاخوازی نەتەوەیی” ئەگەر دەستبەرداری زمان و ئاڵا و مێژووی خۆی نەبێت.
بۆیە هەر گوتارێکی “پۆست ـ ناسیۆنالیزم” کە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیە دەست پێنەکات، گوتارێکی خۆگونجاندنە نەک ڕزگاربوون و دانپێدانان.
لە کۆتاییدا دەڵێین وڵاتێک ڕاستەقینە نابێت ئەگەر تێیدا زمان دانپێدانراو نەبێت، ئاڵایەکیش شەرعی نابێت بەبێ بەشداریکردنی ڕەمزی و هیچ یەکیەتییەکیش مومکین نیە هەتا ئەوکاتەی کە لەسەر زوڵم و ستەم بنیات نرابێت.