پاسەکەی پەکەکە ئەمجار ڕوو لە کوێ دەکات؟

لە 27ی شوباتدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکە ڕایگەیاند، “با پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، من هەموو بەرپرسیارەتییەک لە ئەستۆ دەگرم”. پەکەکە وەڵامی ئۆجەلانی دایەوە و ڕایگەیاند: “ئێمە لێدوانەکانی ئۆجەلان قبووڵ دەکەین”. بەڵام پەکەکە ویستی ماوەی پرۆسەکە درێژ بکاتەوە و هەندێ ڕێگای دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام بەهۆی فشارەوە ناچار بوو کۆنگرەی خۆی ساز بکات. پەکەکە بەم نزیکانە ڕایدەگەیەنێت کە چەکەکانی دادەنێت.

ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە هیچکەس بە هەڵوەشانەوەی پەکەکە خەمبار نییە. هەم ئەو کوردانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن و هەم ئەوانەش کە پشتیوانیی لێدەکەن، بە بڕیارەکەی پەکەکە ناڕەحەت نین. پەکەکە دەیهەویست لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆنگرەیەکی گەورە ساز بکات و شۆیەک بەڕێوەببات. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەوەی قبووڵ نەکرد و نەیهێشت مەسەلەکە وەکوو 19ی جووتمانگی 2009ی لێبێت کە گەریلا ڕۆیشتنەوە بۆ ناو تورکیا و ڕێگای نەدا پەکەکە شۆیەکی دیکە ساز بکات.

پەکەکە کە لە 27ی مژداری 1978دا دامەزرا و لە 8ی گوڵانی 2025دا هەڵوەشایەوە. مەلەفی 52 ساڵەی پەکەکە داخرا. پەکەکە لە ساڵی 1978دا بە سواری پاسێک بەڕێکەوت و گوتی پاسەکەی ئێمە بەرەو کوردستانێکی یەکپارچە و سەربەخۆ دەروات، کورد لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا سواری ئەم پاسە بوون، گیانیان بەخت کرد و خوێنیان رژا و ڕەنج و زەحمەتیان کێشا. خێزانە کوردەکان منداڵەکانیان و داهاتووی خۆیانیان فیدا کرد. لەم بەروارە بەملاوە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا 17 هەزار کوژراوی بکوژنادیار تۆمار کراون. کوردانی نیشتمانپەروەر و کوردستانی کوژران. بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە پێنج هەزار گوند چۆڵکران و 70 هەزار مرۆڤ خرانە بەندیخانەوە و هەروەها زیاتر لە 15 هەزار قەتڵی ناوخۆیی لەناو پەکەکەدا ڕوویانداوە.

لە ساڵانی 1990دا، پاسەکەی پەکەکە هێدی هێدی نیشانەکانی لادان لە ڕێگاکەی لێدەرکەوت، بەڵام لە ساڵی 1999دا کە ئۆجالان چووە ئیمرالی، پاسەکە ئاراستەی خۆی بە تەواوی گۆڕی و سووڕانەوەیەکی یوتێرنی ئەنجامدا. ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە دەوڵەتخوازی دواکەوتووانەیە و جۆرێکە لە ئیمپریالیزم و گوتی مستەفا کەمال کۆمارێکی بۆ کورد و تورک دامەزراندووە. ئەم پاسە کە گۆیا بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بەڕێکەوتبوو، ئەمجارەیان بۆ تورکایەتی و بە دیموکراسیکردنی تورکیا، ڕووی لە ئەنقەرە کرد.

لە 1ی حوزەیرانی 2004دا ئەمجار پەکەکە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا شەڕی دەستپێکرد. ئەمجارەیان 10 هەزار کوڕ و کچی کورد بۆ تورکیا بەکوشتن دران. واتە پەکەکە لە شەڕەکەی خۆیدا 5 نەسڵی فیدا کرد. ئۆجەلان لە 8ی ئایاری 2025دا پاسەکەی ڕاگرت و دوای 52 ساڵ سەرقاڵکردن و تێکدانی بێدەسکەوت، ئۆجەلان گوتی، پێویست ناکات تەنانەت داوای مافە کلتووریەکانیشتان بکەن و ڕایگەیاند کە ئێمە پەکەکە هەڵدەوەشێنینەوە.

پەکەکە هێشتا حیسابی 52 ساڵی گەلی کوردستانی نەداوەتەوە و هێشتا ناوی هەزاران ڕۆڵەی کورد کە بوونەتە قوربانی، ئاشکرا نەکراوە. پەکەکە دەلێت: “ئێمە سەرکەوتین، ئێمە خەباتی نوێ دەستپێدەکەین”. پەکەکە دەیهەوێت جارێکی تر کورد بۆ ڕێگایەکی نادیار بەدوای خۆیدا بکێشێت. بەڵام ئیدی کورد دەبێ بەم پاسە بڵێن بەسە پێویستە ئیدی ئەم پاسە بگوازرێتەوە بۆ گۆڕستانی ئۆتۆمبێلەکان.

باشترین کاری پەکەکە لە ماوەی ئەم 52 ساڵە تەنها ئەوە بوو کە خۆی هەڵوەشاندەوە. دەبێ پەکەکە لەناو بچێت ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم داخوازییەکانی نەتەوەی کوردستاندا پێکیهێنابوون، هەڵبتەکیندرێن. دەبێ کورد ئیدی خۆی لەو تەڵەیەی کە دەوڵەتی تورک بۆی دانابوویەوە، واتە پەکەکە، ڕزگار بکات.

پوستێن ھەمان بەش